زووم، ئاژانسەکان:
پلەی گەرمی یەکێک لە گوندەکانی روسیا گەیشتووەتە 32 پلە، رەنگە ئەم پلەیە بۆ وەرزی هاوین و بەشێک لە ناوچەکانی جیهان ئاسایی بێت، بەڵام کاتێک دەزانین کە ئەو گوندە ساردترین جێگەی دنیایە ئەو کات بابەتەکە ئاسایی نابێت.
بەگوێرەى میدیاکانی روسیا، گوندی ئۆیمیاکۆن، کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی روسیاوە و 350 کیلۆمەتر لە بازنەی جەمسەری باکورەوە دوورە، دووشەممەی رابردوو 32 پلەی سەدی تێدا تۆمارکراوە، کە ئەمە ژمارەیەکی پێوانەییە بۆ ئەو گوندەی بە ساردرین گوندی جیهان دەناسرێت.
بەگوێرەی میدیاکانی روسیا، کۆتا جار، کە گوندەکە بەو شێوەیە گەرمبوبێت و ئەو پلەیەی لە گەرمی تێدا تۆمارکرابێت ساڵی 1949 بوو، ئەو کات پلەی گەرمی گوندەکە 30 پلەی سەدی بوو.
گوندی ئۆیمیاکۆن، بەساردترین ناوچەی نیوەگۆی باکور دادەنرێت، نزمترین پلەکانی گەرمای لێ تۆمارکراوە، کە 67 پلە ژێر سفر بووە. ئێستا دانیشتوانەکەی هەست بە گەرمایەکی زۆر دەکەن، بەهۆی گەرماکەوە بەشێک لە دارستانەکانی دەوروبەری ناوچەکە گریان گرتووە، ئەمەش دەسەڵاتدارانی ناوچەکەی ناچارکرد باری لە ناکاو رابگەیەنن.
بەگوێرەی شارەزایان کەشناسی، هۆکاری بەزربونەوەی پلەکانی گەرمی لە ناوچەکە، گۆڕانە بەردەوامەکانی کەشوهەوایە لە جیهاندا. لە ئێستاشدا مەترسی لەسەر ناوچەکە دروستبووە، بەو پێیەی گوندەکانی ئەو ناوچەیە لەسەر بەستەڵەک دروستکراون، کە رەنگە بەهۆی بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما بتوێتەوە و ناوچەکە توشی کارەسات بکات.