زووم، ئاژانسەکان:
ئەمڕۆ وەزیرانی دەرەوەی سوید، فینلەندا و تورکیا لەبارەی ئەندامێتی سوید و فینلەندا لە ناتۆدا کۆدەبنەوە، بڕیارە 11 و 12ی ئەم مانگەش ناتۆ لە لیتڤانیا کۆبێتەوە، دادگای سویدیش کەسێکی بە تۆمەتی هاوکاریکردنی دارایی بۆ پەکەکە بە چوار ساڵ و شەش مانگ سزادا.
گفتوگۆی نێوان تورکیا و سوید لەبارەی ئەندامێتی سوید لە رێکخراوی ناتۆدا بەردەوامە. تورکیا دەڵێت، “سوید پشتگیری لە تیرۆر دەکات و تاوەکو هەڵوێستی خۆی نەگۆڕێت، ئەندامێتیەکی پەسەند ناکات.”
کۆبوونەوەکە لەسەر پیشنیازی یاند ستۆرلتۆنبێرگ، سکرتێری گشتی ناتۆ ئەنجام دەدرێت، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بەشداری تێدا دەکات.
تورکیا تاوەکو ئێستا رازی نییە سوید ببێت بە ئىەندامى ناتۆ، ئەگەر تورکیا رازى نەبێت رێکخراوەکە ناتوانێت سوید بکات بە ئەندام.
بە سووتاندنی قورئان لەلایەن کەسێکی بەرەگەز عێراقیەوە لە ستۆکهۆڵم، هەڵوێستى تورکیاى بەرامبەر بە سوید توندتر کرد، هەرچەندە سوید بە فەرمی سووتاندنی قورئانی ئیدانە کرد، بەڵام رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەم بارەیەوە رایگەیاند، ئەوان سووتاندنی قورئان وەک کارێکی تاکەکەسی نابینن.
هەوڵ و فشارە دیپلۆماسییەکان لەسەر تورکیا لە زیادبووندان بۆ ئەندامبوونى سوید لە رێکخراوەکە. ئەردۆغان و مارک روت، سەرۆکوەزیری هۆڵەندا پەیوەندیەکی تەلەفونیان ئەنجامدا و بەگوێری میدیاکانی تورکیا هەردوولا باسی ئەندامێتی سویدیان لە ناتۆدا کردووە.
باسی ئەوەشیان کرد، ئەردۆغان رایگەیاندووە، سوید لە پرسی روبەڕوبوونەوەی تیرۆردا گۆڕانکاری ئەنجامداوە، بەڵام چالاکیەکانی پەکەکە، پەیەدە و یەپەگە لەو وڵاتە بەردەوامیان هەیە و پیویستە هەنگاوی ئەرێنی بنرێت.
دەنگی ئەمریکا بڵاویکردەوە، ئۆڵف کریتیرسۆن سەرۆکوەزیرانی سوید و جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا کۆبوونەتەوە و باسی ئەندامێتی سویدیان لە ناتۆدا کردووە.
بەگوێرە هەواڵەکەی دەنگی ئەمریکا، بایدن، پشتگیری تەواوی ئەمریکای بۆ ئەندامێتی سوید لە ناتۆدا خستووەتەڕوو و گوتویەتی، ” سوید هەموو مەرجێکی تێدایە کە ببێتە ئەندامی ناتۆ و ئەمریکاش دەیەوێت بە زووترین کات ئەو پرۆسەیە سەربکەوێت.”
هەر ئەمڕۆش دادگای سوید راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و باسی ئەوەی کرد کە کەسێکی تەمەن 41 ساڵ کە ناوی ئاشکرا نەکردووە، دادگایی کراوە و بەهۆی ئەوەی پارەی بۆ پەکەکە کۆکردووەتەوە، سزای چوار ساڵ و شەش مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە، هەروەها دادگا پێشنیازیشی کردووە ئەو کەسە دیپۆرتی تورکیا بکرێتەوە.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی هەواڵ، سوید لە دۆخێکی سەختدایە و دەیەوێت بەر لە کۆبوونەوەی لوتکەت ناتۆدا لە 11 و 12ی ئەم مانگەدا لە لیتڤانیا، پشتگیری تورکیا و هەنگاریا بۆ ئەندامیتی لە ناتۆدا بەدەست بهێنێت.