سوپای ئیسرائیل کۆتاییهاتنی کردەی سەربازیی فراوانی لە کۆمەڵگەی جنین لە کەرتی رۆژئاوای داگیرکراو رایگەیاند کە بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام بوو، کردە سەربازییەکە یەکێک بوو لە گەورەترین کردەکانی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی رۆژئاوا لە چەندین ساڵی رابردوودا.
هەرچەندە سوپای ئیسرائیل دانینا بەوەی کردەکە ئامانجە دیاریکراوەکانی نەپێکاوە، بەڵام بووەهۆی کوژرانی 10 فەلەستینی و برینداربوونی نزیکەی 100 کەسی تر، ئەوەش بە گوتەی وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین.
لە بەرامبەردا، گەنجێکی فەلەستینی بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە لە بەردەم ناوەندێکی بازرگانی لە شاری تەلئەبیبی پایتەختی ئیسرائیل، کۆمەڵێک ئیسرائیلی شێلا و حەوتی کەسی بریندار کرد کە برینی سیانیان سەختە، بزوتنەوەی حەماسیش وەک تۆڵەکردنەوەیەک لە بەرامبەر کردەکەی سوپای ئیسرائیل لە جنین ناوی برد.
توندوتیژییەکانی ئەمدواییە زنجیرەیەکن لە زنجیرە ناکۆکییە بەردەوامەکانی چەندین دەیەی رابردووی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل
کەواتە ناکۆکی فەلەستین و ئیسرائیل چۆن دەستیپێکرد
لەدوای کەوتنی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە جەنگی جیهانی یەکەم کە ئەو کاتە بەشێکی زۆری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لەژێر کۆنتڕۆڵدابوو، بەریتانیا فەلەستینی داگیرکرد، زۆرینەی خەڵکەکەی عەرەب بوون و کەمینەیەکی یەهودیشی تێدا بوو.
ناکۆکییەکان پەرەیان سەند کاتێک کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەریتانیای راسپارد بە دامەزراندنی “نیشتمانیی نەتەوەیی” بۆ گەلی یەهودی لە فەلەستین چونکە یەهودییەکان پێیان وایە ئەو شوێنە خاکی باوباپیرانیانە، هەروەها فەلەستینییەکانیش پێیان وابوو کە ئەوێ خاکی خۆیان و باوباپیرانیانە، هەربۆیە ناکۆکییەکان دەستیپێکرد و دژی ئەو هەنگاوە بۆ دروستکردنی دەوڵەت بۆ یەهودییەکان وەستانەوە.
لە ماوەی نێوان بیستەکان و چلەکانی سەدەی رابردوودا، بەرە بەرە چوونی یەهودییەکان بۆ فەلەستین زیادیکرد، بە تایبەت ئەوانەی لە چەوسانەوە و جینۆسایدەکانی دژیان لە ئەوروپا هەڵهاتن، لەدوای جەنگی جیهانی دووەم و کۆمەڵکوژی “هۆڵۆکۆست”، ئەوان بەدوای نیشتمانێکدا دەگەڕان.
هاوتەریب بەوە، ناکۆکی و توندوتیژی نێوان یەهودی و عەرەبەکان لە فەلەستین زیادیکرد، هەروەها دژی حوکمی بەریتانییەکانیش. ساڵی 1947، نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگی دا لەسەر بڕیاری دابەشکردنی فەلەستین بۆ دوو دەوڵەتی جیا، یەکێکی یەهودی و ئەوی تریان عەرەبی، بە شێوەیەک قودس ببێتە شارێکی نێودەوڵەتی.
سەرکردە یەهودییەکان رەزامەندییان لەسەر ئەو پلانە دا بەڵام لایەنی عەرەبی رەتیانکردەوە، دواتریش ئەو بریارە هەر جێبەجێنەکرا.
دامەزراندنی ئیسرائیل و “نسکۆ”
بەریتانیاییەکان کە حوکمی ئەو ناوچەیەیان دەکرد نەیانتوانی کێشە و ناکۆکییەکان چارەسەر بکەن، بۆیە لە ساڵی 1948 فەلەستینیان بەجێهێشت و دوای رۆشتنی ئەوانیش، سەرکردە یەهودییەکان دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیلیان راگەیاند.
فەلەستینییەکان ئەو بابەتەیان رەتکردەوە، ئەوەبوو شەڕ روویدا و سوپای وڵاتانی عەرەبی دراوسێ بەشداربوون، لەو ماوەیەدا سەدان هەزار فەلەستینی ناچارکران ناوچە و ماڵ و حاڵیان بەجێبهێڵن، ئەوەش بە “نسکۆ” ناوبرا.
لەگەڵ کۆتاییهاتنی شەڕ و راگەیاندنی ئاگربەست دوای ساڵێک، ئیسرائیل ناوچەیەکی زۆری فەلەستینی کۆنتڕۆڵکرد.
دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیلی هانی شەپۆلێکی گەورەی کۆچی یەهودییەکانی لە ئەوروپا و وڵاتانی عەرەبی دا تاوەکو بچنە ئەوێ و ژیانێکی نوێ دەستپێبکەن.
کەرتی رۆژئاوای داگیرکراو و کەرتی غەزە چیین؟
ئوردون کۆنتڕۆڵی ئەو ناوچەیەی کرد کە بە کەرتی رۆژئاوا ناسراوە، روبەرێکی خاکییە و لە کەرتی رۆژئاوای روباری ئورودنەوە درێژدەبێتەوە، لە باکور و رۆژئاوا و باشورەوە سنوری ئیسرائیل دیاری دەکات و لە رۆژهەڵاتیشەوە سنوری ئوردون.
هەروەها میسریش کۆنتڕۆڵی غەزەیان کرد کە ناوچەیەکی کەناردەریایی بچوکە و دەکەوێتە سەر سنور، شاری قودسیش هێزەکانی ئیسرائیلی لە بەری رۆژئاوا و هێزەکانی ئورودنیشی لە بەری رۆژهەڵاتەوە جیاکردەوە.
لە ماوەی رابردوودا چەندین جەنگ و شەڕ و توندوتیژی بەهۆی نەگەیشتن بە رێککەوتنێک و ئاشتی لەنێوان هەردوولا روویانداوە.
لە جەنگی ساڵی 1967دا، ئیسرائیل بەری رۆژهەڵاتی قودس و کەرتی رۆژئاوا و زۆرێک لە بەرزاییەکانی جۆلان و کەرتی غەزە و نیمچەدورگەی سینای میسری داگیرکرد.
بۆیە ئاوارە فەلەستینییەکان و نەوەکانیان لە غەزە و کەرتی رۆژئاوا و هەندێک لە وڵاتانی دراوسێی وەک ئوردن و سوریا و لوبنان مانەوە.
ئیسرائیل رێگەی نەدا بە فەلەستینی و نەوەکانیان بگەڕێنەوە سەر خاکی خۆیان، چونکە پێی وایە بە گەرانەوەی ئەوان، جارێکی فەلەستینییەکان دەبنەوە زۆرینە و ئەوەش هەڕەشە بۆسەر دەوڵەتی ئیسرائیل دروست دەکات.
سەرباری کشانەوەی لە غەزە، هێشتا ئیسرائیل کەرتی رۆژئاوای داگیرکردووە و نەتەوە یەکگرتووەکانیش وەک خاکێکی داگیرکراو ناوی دەبات.
چۆن بە تێپەڕبوونی کات ناوچە ئیسرائیلی و فەلەستینییەکان گۆڕان؟!
ئایا قودس فەلەستینییە یاخود ئیسرائیلی؟
ئیسرائیل دەڵێت تەواوی قودس پایتەختیەتی، هەروەها فەلەستینییەکانیش دەڵێن کە قودسی رۆژهەڵات پایتەختی دەوڵەتی فەلەستینی داهاتووە.
ئەمریکا یەکێکە لەو دەوڵەتە زۆر کەمانەی کە دانی بە داوای ئیسرائیلدا ناوە بۆئەوەی تەواوی شاری قودس پایتەختی دەوڵەتە یەهودییەکە بێت.
لەماوەی 50 ساڵی رابردووشدا، ئیسرائیل چەندین ناوچەی کۆمەڵگەنشینی لەسەر خاکی فەلەستین دروستکردووە و نزیکەی 600 هەزار یەهودی تێدا دەژی. فەلەستینییەکان دەڵێن ئەو کۆمەڵگەیانە نایاسایین بەپێی یاسای نێودەوڵەتی و ئاستەنگ بۆ پرۆسەی ئاشتی دروست دەکات، بەڵام ئیسرائیل ئەوە رەتدەکاتەوە.
ئایا فەلەستین وڵاتە؟
نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2012دا دەنگی دا بەوەی فەلەستین “دەوڵەتێکی نائەندامی” کۆمەڵەکەیە، گۆڕینی ناوەکەش لە “قەوارەی چاودێر” بۆ “دەوڵەتی چاودێر” رێگە بە فەلەستینییەکان دەدات بەشداری گفتوگۆ و کۆبوونەوە گشتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بکەن و هەلێکی باشتریان هەبێت بۆ بەئەندامبوون لە دەزگا و دەستەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا.
بەڵام وەک ئاشکرایە، دەنگ لەسەر دروستکردنی دەوڵەتی فەلەستین نەدرا، سەرباری ئەوەی 70%ی ئەندامانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ژمارەیان 193 دەوڵەتە دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا دەنێن.
بە بەردەوامی دۆخێکی توندوتیژی و ناسەقامگیر لەنێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکاندا هەیە کە لە بەری رۆژهەڵاتی قودس و غەزە و کەرتی رۆژئاوا دەژین.
کێ کۆنتڕۆڵی غەزەی کردووە؟
کەرتی غەزە لەلایەن بزوتنەوەی حەماسی ئیسلامییەوە کۆنتڕۆڵکراوە کە چەندین جار شەڕی ئیسرائیلی کردووە، ئیسرائیل و میسریش کۆنتڕۆڵی سنورەکانی کەرتی غەزەیان کردووە و لەژێر گەمارۆی تونددایە بۆئەوەی رێگری لە چوونی چەک و تەقەمەنی بۆ میسر بکرێت.
فەلەستینییەکان لە غەزە و کەرتی رۆژئاوا دەڵێن گیریان بەدەست رێکار و بەربەست و رێگرییەکانی ئیسرائیلەوە خواردووە، لەلایەکی ترەوە ئیسرائیل دەڵێت تەنها کاری لەسەر پاراستنی خۆی کردووە لە توندوتیژی فەلەستینییەکان.
کەواتە کێشەی سەرەکی چییە؟
چەند کێشە و ناکۆکییەک هەن کە فەلەستینی و ئیسرائیلییەکان ناتوانن رێکبکەون لەسەری، لە گرنگترین ئەو کێشانە، چارەنوسی ئاوارە فەلەستینییەکان و کۆمەڵگەی یەهودی نیشینەکانە لە کەرتی رۆژئاوا بەوەی ئایا لاببرێن یاخود بمێننەوە، یاخود ئایا دەکرێت هەردولا بەشدار و هاوبەش بن لە بەڕێوەبردنی قودس؟ ئایا دەکرێت دەوڵەتی فەلەستین لەتەنیش دەوڵەتی ئیسرائیل دروست بکرێت؟ لەوانەیە ئەمەیان لە هەمووی زیاتر ئاڵۆزتر و ئەستەمتر بێ.
لە ماوەی 30 ساڵی رابردوودا چەندین دانوستانی ئاشتی کراوە، بەڵام هیچ کام ئەو دانوستانانە سەرکەوتوو نەبوون لە چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکان.
داهاتوو چی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە؟
بە کوردی و کورتی، وادیارە هیچ جۆرە چارەسەرێک بۆ دۆخەکە لە ماوەیەکی نزیکدا نەبێت، دواین پلانی ئاشتی کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا داینا و بنیامین ناتانیاهۆ بە “رێککەوتنی سەدە”ی ناویبرد، فەلەستینییەکان بە توندی رەتیدەکەنەوە بەوپێیەی لایەنگری ئیسرائیل دەکات.
هەر پرۆسەیەکی ئاشتی لە داهاتوودا پێویستی بە رێککەوتنی ئەو دوو لایەنە هەیە لەسەر کێشە و ناکۆییە هەڵپەسێردراوەکان، ئەگەرنا دۆخەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە و شەڕ و کێشە و ناکۆکییەکان بەردەوام دەبن.