گۆڕانکارییە هەستیارەکانی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پۆستە ئاسایشی و هەواڵگرییەکاندا چەندین پرسیار و وەڵامی هەڵگرتووە کە ئاخۆ هەوڵی کەسییە بۆ زیادکردنی هەژموونی خۆی و بەهێزکردنی حکومەتەکەی یاخود بە دڵی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان کردوونی، ئەگەر وایە بۆچی هەندێک پۆستی نزیک لەوانیشی لابردووە؟!
دوێنێ چوارشەممە یەحیا رەسوڵ، گوتەبێژی سەربازیی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و هاوکات فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکان کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە دەزگا ئاسایشی و هەواڵگرییەکاندا راگەیاند.
یەحیا رەسوڵ ئاماژەی بەوەداوە ئامانج لە ئەنجامدانی گۆڕانکارییەکان ئەوەیە دەرفەتی باش بە فەرماندە ئەمنییەکانی دیکە بدرێت لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئەمنییدا، ئەوەش بە ئامانجی پتەوترکردنی ئاسایش و سەقامگیریی لە ناوچە جیاجیاکانیدا.
بەپێی گۆڕانکارییەکان، ئەرکی فالح عیساوی لە پۆستی بریکاریی دووەمی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی کۆتایی پێ ھێنراوە و لە شوێنی ئەو موسەننا عوبێدی دانراوە.
هاوکات کۆتایی بە ئەرکی ماجد دلێمی لە پۆستی سەرۆکی دەزگای ھەواڵگریی ھێنراوە و لە شوێنی ئەو وەقاس محەمەد دانراوە، حەمید شەتری و ماجد دلێمی گواستراونەتەوە بۆ راوێژکارییەتی ئاسایشی نەتەوەیی.
یەحیا رەسوڵ گوتیشی، “هەنگاوەکە دوای دیراسەیەکی چڕ بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچە جیاوازەکانی وڵات و بۆ بەرژەوەندی گشتی ئەنجامدراون.”
هەرچەندە راگەیەنراوە فەرمییەکە باسی هەندێکی تر لە گۆڕانکارییەکانی نەکردووە، بەڵام سەرچاوە حکومییەکان بە رۆژنامەی شەرقئەوسەتیان گوتووە، گۆرانکارییەکان حەمید شەتری، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی گرتووەتەوە و لەجێگەکەی ئەبوعەلی بەسری دانراوەکە پێشتر فەرماندەی “تۆڕی هەواڵگریی هەڵۆکان” بوو لە وەزارەتی ناوخۆ بەڵام مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق لە پۆستەکەی دوریخستەوە.
ئەرکی فالح عیساوی، بریکاری دووەمی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی کە پێشتر پەرلەمانتارێکی سونی بوو کۆتایی پێهێنرا و موسەنا عوبەیدی لە جێگەکەی دانراوە، بە شێوەیەکی ئاسایی، سەرجەم پۆستە ئەمنییەکان جگە لە وەزارەتی بەرگریی، سەرۆکەکەی شیعییە و بریکارەکەی یاخود جێگرەکەی سونییە.
سروشت و ئامانجی گۆڕانکارییەکان و پەیوەندییان بە هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی چەند مەتەڵێکی دروستکردووە بە تایبەت ئەو کەسانەی لابراون لە سەردەمی مستەفا کازمیدا روبەڕوی رەخنەیەکی زۆری چوارچێوەی هەماهەنگی بوونەوە.
رۆژنامەی شەرقئەوسەت لە زاری چەند سەرچاوەیەکی حکومییەوە دەڵێت، نوسینگەی سودانی چەند هەفتەیەکە تاوتوێی ئەم گۆڕانکارییانەی کردووە چونکە سەرۆکوەزیران پێویستی بە دەزگایەکی ئاسایش هەیە کە هاوکاری بێت لە جێبەجێکردنی بەرنامە حکومییەکەی، ئەو کەسانەشی لابراون، وەک راوێژکار دەگوازرێنەوە بۆ چەند شوێنێکی تر بۆئەوەی سوود لە ئەزمونەکانیان وەربگیرێت.
بڕیارەکانی ئەم دواییەی سودانی وەک تەسفیەکردنی میراتەکەی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشوو دەخوێنرێتەوە، بۆ نمونە گەڕاندنەوەی ئەبو عەلی بەسری کە لە سەردەمی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدیدا پۆستێکی باڵای لە دەزگای هەواڵگریدا هەبووە و ئەو کاتە ڕەخنەی توندی لێگیرا بەهۆی ئەو توندوتیژییە زیادەڕۆییانەی کە لەلایەن دەزگاکەوە دژی خۆپیشاندەرانی تشرینی یەکەمی 2019ی عێراق کرا.
بەڵام ئەم مشتومڕە لەناو حزبە کاریگەرەکانی شیعەدا دەنگدانەوەی زۆری نییە، چونکە ئەوان زیاتر ترسیان لە هاوکێشە سیاسییەکان هەیە کە پەیوەندییان بە کێبڕکێی چڕی ناو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا هەیە و بڕیارە 18ی کانونی یەکەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.
سەرکردەیەک لە یەکێک لە حزبە شیعەکان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە شەرقئەوسەتی گوتووە، هەڵوێستی چوارچێوەی هەماهەنگی هێشتا رووننەبووەتەوە، بەڵام ئاماژە سەرەتاییەکان ئەوە دەردەخەن کە سەرۆکوەزیران هەوڵدەدات پێگەی خۆی وەک سەرۆکوەزیران بەهێزتر بکات بە کۆنترۆڵکردنی دەزگا ئەمنییەکان.
ئەگەرچی هەندێک لایەن گۆڕانکارییەکان، بە تایبەت ئەوەی لە دەزگای هەواڵگریدا ڕوویدا، دەبەستنەوە بە هاوکاری سودانی بۆ لایەنە هاوپەیمانەکانی لە چوارچێوەی هەماهەنگی بۆئەوەی پێش هەڵبژاردنەکانی دەزگا ئەمنییەکان کۆنتڕۆڵبکەن، بەڵام ئەوەی دەردەکەوێت سەرۆکوەزیران لە هەندێک شوێندا تەنانەت ئەو کەسانەشی لابردووە کە نزیکن لە لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، و هاوکات هەژموونی شەخسی خۆی لە دوو پۆستی ئەمنیدا بەهێزتر کردووە و ئەو کەسانە لەژێر چاودێری ئەودا کار دەکەن.