زووم، ئاژانسەکان
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین بۆ دووەمجار هۆشداریدا، کە روسیا پلان دادەنێت هێرش بکاتە سەر وێستگەی ئەتۆمی ژاپۆریژیا، کە لە ساڵی رابردووەوە کۆنترۆڵی کردووە. ئەو لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند، سەربازانی روسیا چەند شتێکیان لەسەربانی وێستگە ئەتۆمیییەکە داناوە، کە گومانی تەقەمەنی لێدەکرێت.
زێلێنسکی لە زاری دەزگای هەواڵگریی وڵاتەکەیەوە، باسی ئەو وروژاندنە مەترسیدارانەی روسیای بۆ ئێمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کرد، کە بەمداواییانە لەگەڵ یەکتریدا کۆبوونەتەوە. ئەو گوتی، لەگەڵ ماکرۆن هاوڕابوون لەگەڵ ئاژانسی وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتیدا دۆخەکە لەژێر ئەوپەڕی کۆنرۆڵدا بهێڵنەوە.”
ئەم لێدوانانەی زێلێنسکی نزیکن لە هەمان گوتەکانی هەفتەی رابردووی کە لە کۆنفرانسێکدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا لە کیێڤ رایگەیاند، “مەترسییەکی جددیی هەیە، چونکە روسیا لەروی تەکنیکییەوە تەواو ئامادەیە بۆ تەقاندنەوەى وێستگەکە، ئەمەش دەبێتە هۆی رودانی تیشکدانەوەی ئەتۆمی لە وێستگەکەدا.”
لەدوای دەستبەسەرداگرتنی وێستگەکە لە شوباتی ساڵی رابردووەوە لەلایەن روسیاوە، هەردوو وڵات یەکتری تۆمەتبار دەکەن کە دەوروبەری وێستگەکەیان تۆپباران کردووە و مەترسییان لەسەر رودانی کارەساتی گەورەی ئەتۆمی دروستکردووە.
بەڵام رێنات کارچا، راوێژکارێکی کۆمپانیای رۆزەنەرگۆتتۆمی روسی، کە تایبەتە بە بەڕێوەبردنی تۆڕی وێستگە ئەتۆمییەکانی روسیا رایگەیاند، ئۆکراین پلانی داناوە کە تەقەمەنی بەربداتەوە بەسەر وێستگەکەدا.
هاوکات هێزە چەکدارەکانی ئۆکراین رایانگەیاند، بۆمبی تەقەمەنی لەسەربانی سێیەم و چوارەمی وێستگە ئەتۆمییەکە دانراون، پێشبینی دەکرێت هێرشەکە لەماوەیەکی نزیکدا ئەنجامبدرێت.
لەبارەی ئەو مەترسیانەوە، زێلێنسکی رایگەیاند، دەبێت جیهان بزانن گەورەترین مەترسی لەسەر وێستگەکە، روسیایە نەک لایەنێکی دیکە.
دەزگای هەواڵگری سەربازی ئۆکراین رایگەیاندووە، روسیا رەزامەندی تەقاندنەوەی وێستگەکەی وەرگرتووە و بۆ ئەم مەبەستەش بۆمبی چێندراو لە شەش بنکەی بەرهەمهێنانی کارەبا و گۆمێکی ساردکردنەوەی ریاکتۆرە ئەتۆمییەکانی بەئامانجگرتووە.
دەشڵێت، هێزەکانی روسیا ئامادەبوونیان لە وێستگەکە کەمکردووەتەوە و داوایان لە فەرمانبەرە ئۆکراینییەکان کردووە وێستگەکە چۆڵبکەن و بڕۆن بۆ کریمیا. ئەو ناوچەیەی روسیا لە ساڵی 2014 داگیری کرد.
هەرچەندە کارێکی سەختە ریاکتۆرەکان، ئەو ناوەندەی کە کارلێکە ئەتۆمییەکانی تێدا روودەدات، زیانیان بەر بکەوێت، ئەو گۆمە ئاوە بچوکانەی کە ریاکرۆرەکان سارد دەکەنەوە لەبارن بۆ تەقینەوە. لەو حاڵەتەشدا تیشکدانەوەی ئەتۆمی لە ناوچەکەدا بڵاودەبێتەوە. ئەمەش مەترسییەکی گەورە بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ و ژینگە دروستدەکات، بەشێوەیەک هەرکەسێک بەرکەوتنی بە تیشکدانەوەکە هەبێت مەترسی شێرپەنجە، نەخۆشی پێست و تەنانەت مردنیشی لێدەکرێت.