ئەمڕۆ نوسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ژنێکی ئیسرائیلی کە لە چەند مانگی ڕابردوودا لە عێراق بێسەروشوێن بووە، “لەلایەن میلیشیایەکی چەکداری شیعییەوە دەستبەسەر کراوە.”
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەو ژنە کە هەڵگری ڕەگەزنامەی ڕوسی و ئیسرائیلییە، “هێشتا لە ژیاندایە و عێراق بە بەرپرسیار دەبینین لە چارەنووسەکەی”.
هەرزوو رۆژنامەی هائارتزی ئیسرائیل ناسنامەی ئەو ژنەی ئاشکراکرد و دەڵێت، ئەو ژنە ناوی “ئێلیزابێس تسورکۆڤ”ـە و کەسێکی ئەکادیمییە، ناوبراو بە بەکارهێنانی پاسپۆرتی ڕوسی سەردانی عێراقی کردووە وەک بەشێک لە کارەکانی بۆ دکتۆرا و توێژینەوەی ئەکادیمی بۆ زانکۆی پرینستۆنی ئەمریکی.
بەپێی نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ئەو پرسە “لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئیسرائیلەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت”.
ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەر لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە نوسیویەتی، مانگی ئازاری ئەمساڵ ئیلیزابێس بێسەروشوێن بووە و بە ئەگەرێکی زۆرەوە ناوبراو لەلایەن عەسائیبی ئەهلی حەقەوە رفێنراوە کە گروپێکی چەکداریی عێراقییە و لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە پاڵپشتی سەربازی و دارایی دەکرێت.
وەک لە خوارەوە دیارە، کۆتا پۆستی ئیلیزابێس لە تویتەرەکەی خۆی لە 21ی ئازاری ئەمساڵدا کراوە کە تێیدا ڤیدیۆیەکی خۆپیشاندانەکەی جیندرێسی لە باکوری رۆژئاوای سوریا بڵاوکردووەتەوە و نوسیویەتی، “خۆپیشاندەران هاوار دەکەن ‘بژی کوردستان و ئاڵای کوردستانیان بەرزکردووەتەوە وەک ناڕەزایەتی دژی گروپی جیش الشرقیة (لەلایەن تورکیاوە سپۆنسەر دەکرێت) کە شەوی ڕابردوو پێنج هاوڵاتی کوردیان لە ئاهەنگێکی نەورۆزدا کوشت (سەری ساڵی کوردی)’.
ئاژانسی فرانسی پرێس لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە ئاشکرایکردووە، ئیلیزابێسی تەمەنی 36 ساڵ رۆژی 23ی ئازار لەکاتی دەرچوونی لە کافێیەکی ناوچەی کەڕادەی شاری بەغداد رفێنراوە، ناوبراو سەرەتای لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2022دا هاتووەتە عێراق.
عێراق تاکە وڵاتی عەرەبییە کە بەشداریی لە هەموو شەڕەکانی دژ بە ئیسرائیلدا کردووە بەبێ ئەوەی بچێتە هیچ دانوستانێکی ئاشتی لەگەڵیدا، هەروەها تاکە وڵاتە کە لە دوای بەستنی پەیمانی ئاشتی کامپ دەیڤدەوە ئیسرائیلی بە موشەکی زەوی بۆ زەوی بۆردومان کرد.
ساڵی ڕابردوو پەرلەمانی عێراق بە کۆی دەنگ یاسایەکی پەسەند کرد کە هەموو جۆرەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل بە تاوان دادەنێت، هەرچەندە ڕێگە بە ئاڵوگۆڕی سەردانی ئایینی نێوان هەردوو وڵات دەدات، بە مەرجێک لە ژێر چاودێری وەزارەتی ناوخۆی عێراقدا بن.