وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، 50 کۆمپانیا و لایەنی بازرگانی بەهۆی پابەندنەبوونیان بە کڕین و فرۆشتن تەنها بە دینار سزا دراون و 11 هەزار بەڵێننامەش بەو لایەنانە پڕکراوەتەوە کە پێویستە پابەندی بن.
حسێن تەمیمی، بەڕێوەبەری بەشی ئۆپراسیۆنەکانی روبەڕوبوونەوەی تاوانی رێکخراو لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە ئاژانسی فەرمیی عێراقییەی گوتووە، پابەندبوونێكی بەرچاو لەلایەن كۆمپانیاكان و لایەنە بازرگانییەكان و پێشانگاكانی ئۆتۆمبێلەوە هەیە بۆ هەڵمەتەكە و پاڵپشتیكردنی دینار و وەستاندنی کڕین و فرۆشتن بە دۆلار، هاوڵاتیانیش لە مامەڵەی ڕۆژانەیاندا ئەمەیان بینیوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، هەڵمەتەكە بە وەرگرتنی 11 هەزار و 785 بەڵێننامە دەستیپێكرد كە بە دۆلار کڕین و فرۆشتن نەکرێت بەڵکو تەنها بە دینار بێت، لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی ڕابردووەوە قۆناغی دووەمی بەدواداچوون بۆ لێپرسینەوەی ئەو کەس و شوێنانەی پابەندی بریارەکە نەبوون دەستیپێکرد و بەپێی مادەكانی 306 و 240ی یاسای سزادانی عێراقی دەستگیركران و ڕەوانەی دەسەڵاتی دادوەری كران.
ئاشكراشیكرد، ژمارەی ئەو كەسانەی دەستگیركراون گەیشتووەتە 50 كۆمپانیای سەرپێچیكار لە بەغداد و پارێزگاكان، و لە ئێستادا لەژێر لێكۆڵینەوەدان، هەروەها هەڵمەتەكانی پشكنین لەلایەن كارمەندانەوە بە جلوبەرگی مەدەنییەوە ئەنجام دەدرێت.
سەرەتای ئەمساڵ و بۆ پاڵپشتی لە دیناری عێراق، ناوەندە بازرگانییەکان و پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل پابەندکران بە مامەڵەکردن بە دیناری عێراقی، وەزارەتی ناوخۆی عێراق هەڵمەتێکی بەرفراوانی لە بەغدا و پارێزگاکان دەستپێکرد لەژێر دروشمی (دینار ناسنامەی ئێمەیە).