زووم:
قەیرانی کەمی پزیشکی پسپوڕ لە ئێران روو لە زیادبوونە و کۆچی پزیشکان زیادی کردووە، ئەمەش نیگەرانی بەرپرسانی حکومی و هاوڵاتیانی لێکەوتووەتەوە.
رۆژنامەی جمهوری ئیسلامی لە ژمارەی ئەمڕۆیدا (چوارشەممە، 5ـی تەممووزی 2023)، راپۆرتێکی لەبارەی کۆچی پزیشکان بۆ دەرەوەی ئێران و نیگەرانی و مەترسییەکانی بڵاوکردووەتەوە.
رۆژنامەکە دەنووسێت، بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ساڵانە نزیکەی 65 هەزار کەس لە ئێرانەوە کۆچ دەکەن کە ژمارەیەکی بەرچاویان پزیشکی پسپۆڕ و دەرچووانی دەرمانسازین. باسی ئەوەش دەکات کە ئەم قەیرانە چەندین هۆکاری لە پشتەو لەم ساڵانەی دواییدا 25 هەزار دەرچووی بەشە پزیشکییەکان بڕوانامەکانیان وەرنەگرتووەتە بەوپێیەى نایانەوێت کاری پزیشکی بکەن، یاخود کۆچ دەکەن بۆ دەرەوەی وڵات.
رۆژنامەی جمهوری ئیسلامی باسی ئەوەش دەکات کە کێشە لەوەدایە، پزیشکان و دەرمانسازەکان بە کۆمەڵ دەستیان بە کۆچکردن بۆ دەرەوەی وڵات کردووە، ئەمەش دۆخێکى مەترسیدارە و پێویستە چارەسەرێکی بۆ بدۆزرێتەوە.
بەگوێرەی ئامارەکان، لە ئێستادا لە 450 شاری ئێران، 91 شاریان، پزیشکی تایبەتی ژنان و منداڵبوونیان نییە. هەروەها قەیرانی نەبوونی پزیشکی نەشتەرگەری دڵیش لەو شارانە روو لە زیادبوونە.
بەگوێرەی ئامارێک، تەنیا ساڵی رابردوو 10 هەزار پزیشک لە ئێران چوونەتە دەرەوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ ئەو ژمارەیە بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێت. ئەمەش کە سەرۆکایەتی رێکخراوی سیستمی پزیشکی ئێران هۆشداری ئەوەی داوە کە لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا، ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، لە ئێران پزیشکی تایبەتی منداڵان و دڵ دەبێت بە پەنجەی دەست بژمێردرێن.
سەرۆکایەتی رێکخراوی سیستمی پزیشکی ئێران ئاشکراشی کردووە کە ساڵی رابردوو 800 مامان کۆچیان کردووە و هۆکارەکەشی بۆ پشتگوێخستنی ئەو توێژە و دۆخی ئابورییان گەڕاندەوە و دەڵێت، لە سیستمی پزیشکی خانەوادە و تیمی تەندروستی خێزانیدا جێگەی تایبەت بە مامانەکان نەدراوە و ئەمەش وایکردووە کە رووبەرووی قەیرانی ئابوری ببنەوە و وڵات جێبهێڵن و پێی وایە کە پێویستە بۆ رێگریکردن لەم دیاردەیە، موچە و ئیمتیازاتی پزیشکان زیاد بکرێت و دەرچووانی بەشی پزیشکی دابمەزرێنرێن.
دکتۆر ئیرەج فازڵ سەرۆکی کۆمەڵگەی پزیشکی نەشتەرکاری ئێرانیش بۆ رۆژنامەکە قسەی کردووە و باسی ئەوە دەکات کە بواری پزیشکی لە ئێران بە شێوەیەک بەرەو پێشچووە کە هەموو جۆرە نەشتەرگەرییەکی قورسی دڵ، مێشک و پەیوەند ئەنجام دەدرێت، بەڵام ئەم بوارانە لە مەترسیدان.
دکتۆر ئیرەج فازڵ هۆکاری کۆچی پزیشکان بۆ پرسی ئابووری دەگەڕێنێتەوە و پێیوایە، بەشێک لە پزیشکان لەبەرئەوەی پێگەیەکی باشیان بۆ دیاری ناکرێت، وڵات جێدەهێڵن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەگوێری ئاماری وەزارەتی تەندروستی، ساڵی ئاییندە پێویستە بۆ هەر 10 هەزار کەسێک 20 پزیشک لە ئێران هەبێت.
لە راپۆرتەکەدا باسی ئەوە دەکرێت کە کۆچی پزیشکان لە قۆناغێکی زۆر مەترسیداردایە و کاتی ئەوە هاتووە حکومەت چارەسەری جددی بۆ ئەم قەیرانە بدۆزێتەوە و بەرپرسان لە خەمی گوزەرانی چین و توێژەکانی ئێراندابن.