زووم:
بەگوێرەى راپۆرتى میدیایەکى رووسیى، ئەمریکا کوردانى رۆژئاڤا چەکداردەکات و دەیانبات بۆ ئۆکراین تاوەکو لە دژى رووسیا شەڕ بکەن، دەشڵێت مانگانە دوو هەزار دۆلار بەو کوردانە دەدرێت. میدیا رووسییەکە پێشبینى دەکات ئەم پرۆسەى چەکدارکردنە بۆ جەنگى ئۆکراین، بگاتە هەرێمى کوردستانیش.
رۆژنامەی “ڤزگلیاد”ی رووسی لە راپۆرتێکدا باسلەوەدەکات کە دەزگاى هەواڵگریی ئەمریکا “سى ئاى ئەى” پەنادەباتەبەر چەکدارکردنى کوردانی سووریا بۆ یارمەتیدانى هێزەکانى ئۆکراین، پاشئەوەى هێزەکانى ئەو وڵاتە دەستپێشخەرییان لەدەستداوە و پێشهاتە مەیدانییەکان بەدڵى جۆ بایدنى سەرۆکى ئەمریکا نیین.
رۆژنامەکە باسى لەوەشکردووە، دەزگاى هەواڵگریی ئەمریکا بڕیاریداوە چەکدارکردنى ئەو سووریانە زیاتر بکات کە دەیانەوێت شانبەشانى هێزەکانى ئۆکراین بجەنگن، بەگوتەى سەرچاوەیەکى دیبلۆماسى سەربازیی لە دیمەشق، پاڵنەر بۆ ئەم پلانە، شکستى ئیدارەى بایدنە لە ململانێکانى ئۆکرایندا.
رۆژنامە رووسییەکە باسى لەوە نەکردووە کە لەسەر ئەم بابەتە قسەى لەگەڵ هیچ بەرپرسێکى رۆژئاڤاى کوردستان کردبێت، لە درێژەى راپۆرتەکەیدا ئاماژەى بەوەکردووە کە دانووستانەکان لەگەڵ نوێنەرانى یەکینەکانى پاراستنى گەل “یەپەگە” و چەند سەرۆک هۆزێکى عەرەبى بەردەوامن، مووچەى مانگانەى دوو هەزار دۆلار بۆ ئەو چەکدارانە پێشنیازکراوە کە دەیانەوێت بچنە ئۆکراین.
رۆژنامەی “ڤزگلیاد”ی رووسی لە بەشێکى دیکەى راپۆرتەکەیدا ئاماژەى بەوەداوە کە هەر لە سەرەتاى دەستپێکى هێرشەکانى رووسیاوە بۆسەر ئۆکراین هەزاران چەکدارى بیانى کە ئەو بە “بەکرێگیراو” ناوى بردوون لە وڵاتانى جیاوازەوە روویان لە ئۆکراین کردووە و لە چوارچێوەى “فەیلەقى بیانییەکان” رێکخراون، ئۆکراین سودێکى زۆرى لەم چەکدارە بیانیانە وەرگرتووە.
کیریل سێمێنۆڤ کە شارەزاى کاروبارى نێودەوڵەتییە بە رۆژنامە رووسییەکەى گوتووە، جگە لە شەڕڤانانى کورد، ئێستا لە ئۆکراین هەندێک لەو چەکدارانەش بوونیان هەیە کە هاوڵاتى ئەمریکى و بەریتانى و چەند وڵاتێکى دیکەن و پێشتر لە جەنگى سووریا و عێراقدا چوونەتە نێو گروپە کوردییە چەپەکانەوە کە ئەو بە گروپى توندڕەو وەسفى کردوون.
سێمێنۆڤ گومانى هەیە کە سەرۆک هۆزە عەرەبییەکان لەم بابەتەدا هاوکارى “سى ئاى ئەى” بکەن و دەڵێت، هیچ هۆکارێکیان نییە بۆ ئەم پێکەوە کارکردنە، تەنات بەربەستى ئایدیۆلۆژى هەیە کە رێگرى دەکەن لەوەى عەرەبەکان بەشداربن لەم بابەتەدا، بەڵام وەک ئەو دەڵێت هەندێک گروپى کوردیی لە نزیکەوە هاوکارى ئەمریکا دەکەن.
راپۆرتى رۆژنامە رووسییەکە پێشبینى دەکات کە رەنگە چەکدارکردنى کورد بۆ جەنگى ئۆکراین سنوورەکانى سووریا و رۆژئاڤاى کوردستان تێپەڕێنێت و بگاتە هەرێمى کوردستانیش، بەوپێیەى لە هەرێمەکە هەندێک لایەن هەن کە لایەنگرى لە سیاسەتەکانى ئەمریکا دەکەن.
کیریل سێمێنۆڤ دەشڵێت، بە لەبەرچاوگرتنى پێوەرە ناوخۆییەکان پێدانى دوو هەزار دۆلار بە شەڕڤانانى کورد بڕێکى زۆرە، چونکە ئەوان مانگانە بە 500 دۆلار دەوام دەکەن و بەشداری لە شەڕەکاندا دەکەن.
پسپۆڕێکى سیاسى رووسى بە ناوى “میس قوربانۆڤ” لە راپۆرتەکەى رۆژنامەی “ڤزگلیاد” قسەى کردووە و پێیوایە عەرەب بایەخ بەم چەکدارکردنە نادەن، ئەو دەڵێت، شێخە عەرەبەکان دژى رووسیا شەڕ ناکەن، هەروەک وڵاتە ئیسلامییەکان لەگەڵ مۆسکۆ هیچ ناکۆکییان نییە.
لە کۆتایی راپۆرتى رۆژنامە رووسییەکەدا هاتووە کە بۆ ئەمریکا قورسە لە وڵاتانى دیکەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا کەسانێک بدۆزێتەوە کە بۆ شەڕکردن بچنە ریزى هێزەکانى ئۆکراینەوە، دەشڵێت شکستى ئەمریکامان لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا بینى، بینیمان چۆن ئەمریکییەکان لە ئەفغانستان هەڵاتن و لە عێراق و سوریا و یەمەن روبەڕوى شکستى گەورە بوونەوە، ئەمانە وایان لە وڵاتانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست کردووە خۆیان لە ئەمریکا بە دووربگرن.