لەدوای دەستپێکرنی جەنگی ئۆکراین و هێرشکردنەسەر بەشێک لە شارەکانی ئەو وڵاتە لەلایەن روسیاوە، جیهان کەوتە مەترسییەکی دیکەوە کە ئەویش کەمبوونەوەی دانەویڵە بوو، بەو پێیەی ئۆکراین دووەم گەورەترین هەناردەکاری دانەوێڵەیە لە جیهاندا و روسیاش یەکەم. لە سەرەتای جەنگەکەدا روسیا رێگەی نەدەدا کەشتییە بارهەڵگرەکانی دانەوێڵەی ئۆکراین لە دەریای رەشەوە هاتوچۆ بکات، ئەوەش قەیران و گرانی لە نرخی گەنم و ئارددا دروستکرد، بۆ نمونە، بە ناڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراقیش کرد و نرخی ئارد و نانی بەرزکردەوە.
لە تەمووزی ساڵی رابردوودا، هەریەک لە روسیا و ئۆکراین بەنێوەندگیری تورکیا و بە چاودێری چەند لایەنێکی نێوەدەوڵەتی، رێککەوتنێکیان بۆ هەناردەکردن دانەوێڵەی ئۆکراین ئمزا کرد، هەرچەندە رێککەوتنەکە سێ جار درێژدراوەتەوە کە دواترینان تاوەکو 17ی ئەم مانگەیە، بەڵام پێدەچیت ئەمجارە روسیا ئامادەنەبێت تازەی بکاتەوە، ئەمەش مەترسی بۆ سەر کەمببونەوەی دانەویڵە لە جیهاندا دروست دەکات.
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، روسیا رێگەی دا ئەو کەشتییە بارهەڵگرانەی بەهۆی جەنگی ئۆکراینەوە لە بەندەرەکانی دەریای رەش گیرییان خواردوو بوو بتوانن دانەوێڵە لە ئۆکراینەوە بگوازنەوە بۆ جیهان، ئەوکات ئەنتۆنیۆ گۆتیرێز، ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رێککەوتنەکەی بە “گەرانەوەی هیوا” وەسف کرد.
گرنگی رێککەوتنەکە
بەگوێرەی ئامارەکانی پرۆگرامی خۆراکی جیهانی، 400 ملیۆن کەس لە جیهاندا پشت بە دانەوێڵەی ئۆکراین دەبەستێت، بەوپێیەی وڵاتەکە دووەم گەورەترین هەناردەکارانی دانەوێڵەیە لە جیهاندا. بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکانیش، لە یەکەم رۆژی رێککەوتنەکەوە تاوەکو سەرەتای ئەم مانگە، ئۆکراین 48 ملیۆن تۆن گەنمی هەناردەرکردووە، ئەوەش 641 ملیۆن تۆنی زیاترە لە هەمان کاتی ساڵانی 2021 بۆ 2022.
کاتێک ساڵی رابردوو هێزەکانی روسیا لەشکرکێشێکانیان بۆ سەر ئۆکراین دەستپێکرد زۆرێک لە وڵاتانی جیهان ترسی خۆیان لە دروستبوونی کارەساتی مرۆی دەربڕی بەتایبەت لە وڵاتە هەژارەکانی ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
دوای کۆتایهاتنی پەتای کۆرۆناش، نرخی خۆراک لە جیهاندا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووە، هێرشەکانی روسیاش بۆسەر ئۆکراین هێندەی تر قەیرانەکەی قوڵترکردەوە، بەتایبەت کاتێک روسیا گەمارۆی خستە سەر بەندەرەکانی ئۆکراین کە دەکەونە سەر دەریای رەش، ئەمەش مەترسی خراپبوونی و تێکچوونی ملیۆنان تۆن گەنمی ئۆکراینی درووستکرد، ئەوکاتیش یەکێتی ئەوروپا لەسەر قەیرانەکە هاتەدەنگ و رایگەیاند: پرۆسەی “پاراستنی دابینکردنی دانەوێڵەی ئۆکراین بۆ ئاسایشی خۆراکی جیهان گرنگە”.
ئەگەر رێککەوتنەکە هەڵبوەشێتەوە؟
بەڵام وادیارە روسیا دەیەوێت کۆتایی پێبهێنێت و جارێکی تر رێککەوتنەکە درێژ نەکرێتەوە، ئەوەتا سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا هەفتەی رابردوو رایگەیاند کە “هیچ هۆکارێک نییە بۆ درێژکردنەوەی رێککەوتنەکە” و جەختیکردەوە هەڵوێستی وڵاتانی رۆژئاوا کە مەبەستی ئەمریکا و بەریتانیایە “شەرمەزارانەیە”.
لاڤرۆڤ دڵنیایی دایە وڵاتانی هەژار کە هەناردەی گەنمی روسی بەردەوام دەبێت.
لە ئەگەری تازەنەکردنەوەی رێککەوتنەکەش، چارەنووسی بەردەوامبوونی ئۆکراین لە هەناردەکردنی دانەوێڵە بۆ وڵاتانی جیهان بەو ئاستەی ئێستا بەنادیاری دەمێنێتەوە، چونکە ئەوە وادەکات پارەی گواستنەوەی کەشتییەکانی گواستنەوە بەرزببێتەوە و یاخود کۆمپانیاکانی بواری گواستنەوە بوەستن لە گواستنەوە دانەوێڵەی ئۆکراینی.
چونکە ئەگەر ئۆکراین نەتوانێت لە رێگەی دەریاوە دانەوێڵە هەناردە بکات وەک ئەوەی لە رێککەوتنەکەدا هاتووە، ئەوا دەبێت بژاردەی گواستنەوە لە رێگەی وشکانییەوە هەڵبژێرێت، بەوەش ئۆکراین توشی کەمی ئوتومبێلە بارهەڵگرەکان دەبێتەوە، بەو پێیەی ئەو ژمارە زۆرە لە ئوتومبێلی بارهەڵگری نییە کە بتوانێت تەواوی دانەوێڵەکەی لە رێگەی وشکانییەوە بگوازێتەوە.
رێککەوتنەکە چۆن کاردەکات؟
ڕێککەوتنەکە ڕێگە بە هەناردەکردنی دانەوێڵە دەدات بە سەلامەتی لە بەندەرەکانی ئۆکراین لەسەر دەریای رەش کە بریتین لە بەندەرەکانی ئۆدێسا، چۆرنۆمۆرسک و پیڤدێنی سەرجەمیان لە ژێر کۆنترۆڵی ئۆکراینن، بەڵام دواتر دەبێت کەشتییە بارهەڵگرەکان بە ڕێڕەوێکی دەریایی مرۆییدا کە پێشتر رێککەوتنی لەسەرکراوە تێپەرن بەرەو ئەستەنبوڵی تورکیا، دواتریش کەشتیەکان لەلایەن تیمێکی تایبەتەوە کەلە هەریەک لە پسپۆڕانی ڕوسیا، تورکیا، ئۆکراینی و نەتەوە یەکگرتووەکان پێکدێت پشکنینی بۆ دەکرێت.
لە هەمانکاتدا دوو تیمی تایبەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کاردەکان بۆ دڵنیابوون لە هەناردەکردنی دانەوێڵ لە رێگەی دەریای رەشەوە
ئایە رێککەوتنەکە سەرکەوتبوو؟
ڕێککەوتنەکە، یارمەتیدەر بووە لە کەمکردنەوەی و سەقامگیرکردنی نرخی خۆراک، بەو پێیەی لە دوای واژووکردنی رێککەوتنەکە زیاتر لە 30 ملیۆن تۆن دانەوێڵە و بەرهەمی خۆراکی دیکە هەناردە کراوە، ئەمەش جگە لەوەی وڵاتانی هەژار زۆرترین سودیان لەو بارەیەوە وەرگرتوە، بەشێوەیەك نزیكەی لە %64ی گەنم بۆ وڵاتانی تازە پێگەیشتوو دەڕوات، ئەمە لە كاتێكدایە گەنمە شامی بەشێوەیەكی یەكسان بۆ وڵاتانی تازە پێگەیشتوو و پێشكەوتوو دەڕوات،بەڵام لە مانگی مارسی رابردوو، دەزگاكانی رااگەیاندن ئاشكرایان كرد، كە هەناردەی گەنمی ئۆكرانیا بە شێوەیەكی بەرچاو كەمی كردووە.
بەگوێرەی ڕێكەوتنەكە، كۆی هەناردەی خواردەمەنی لە سێ چارەكی مانگی ئایاری ڕابردوو دابەزیووە، بە بەراورد بە مانگی ئۆكتۆبەری ڕابردوو، ئەمەش چەندین هۆكاری هەیە، لەوانەش كۆمپانیاكانی كارگۆ(گواستنەوەی شمەك) خۆیان بەدوور دەگرن، لەو مەترسیانەی كە ڕووبەڕووی كەشتیەكانیان دەبنەوە، ئەمە جگە لەوەی پێوەند بۆ هاتوچۆی كەشتیەكان دانراوە.
کاریگەری لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە؟
تازەنەکردنەوەی رێککەوتنەکە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر رێژەی گەنمی هاوردەی عێراق و هەرێمی کوردستان نییە، بەوپێی عێراق گەنم لە ئۆکراین و روسیاوە هاوردە ناکات، بەڵکو ساڵانە لە ئۆسترالیا و کەنەدا و ئەمریکاوە دەیهێنێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە ناراستەوخۆ کاریگەری دەبێت چونکە کەمکردنەوەی هەناردەی گەنمی ئۆکراین بە مانای زۆربوونی خواستە لەسەر گەنمی سەرجەم وڵاتانی تر، بۆیە نرخی گەنمی سەرجەم وڵاتان بەرزدەبێتەوە و عێراق ناچار دەبێت بە گرانتر بیکڕێت، وەک ئەوەی ساڵی ڕابردوو روویدا و بەهۆی شەڕی ئۆکراینەوە، نرخی گەنم لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمیش بە رێژەیەکی بەرچاو زیادی کرد، بە شێوەیەک نرخی شەش نان بوو بە هەزار دینار کە پێشتر هەشت نان بوو، بەڵام دوای ڕێککەوتنەکە، نرخەکەی دابەزییەوە و ئێستا هەشت نان بە هەزار دینارە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان.
گرنگی دەریای رەش بۆ بازاری جیهانی
دەریای رەش دەکەوێتە نێوان ئەوروپا و ئاسیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هاوکات بەشوێنێکی ستراتیژی گرنگ دادەنرێت لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا، کە بەرژەوەندییە دەریایی و کیشوەری و جیۆستراتیژی و ئابوورییەکان لێی کۆدەبنەوە. بەلەبەرچاوگرتنی ئەمەش دەریای رەش تاکە دەرفەتە بۆ ئۆکرانیا لەرێگەیەوە دانەوێڵەکانی هەناردەی ئەوروپا بکات