زووم:
جیهان جارێکی دیکە بەرەو جەنگی سارد هەنگاودەنێت. چین و رووسیا لە رێگەی رێکخراوی شانگهایەوە سەرکردایەتیی بەرەیەکی بەهێز دەکەن. خەریکە رێکخراوەکە زیاتر پەلدەهاوێت و دەبێتە رکابەرێکی بەهێزی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا. خەریکە جارێکی دیکە جیهان دەچێتەوە نێو جەنگی ساردی نێوان دوو بلۆکی رۆژهەڵات و رۆژئاوا.
هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەدەچن پاش 30 ساڵ گەڕێکی دیکەی جەنگی سارد لەنێوان ئەو دوو بلۆکەدا دەستپێبکات، وەکو چۆن لە ناوەڕاستی سەدەی رابردوو جەنگی ساردی نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوا دەستیپێکرد و تاوەکو هەڵوەشانەوەی یەکێتیی سۆڤیەت لە ساڵی 1991 بەردەوامبوو.
30 ساڵە ئەمریکا تاکە جەمسەری بەهێزی جیهانە، بەڵام هەوڵەکانی رووسیا و چین خەریکن بۆ دووبارە دروستکردنەوەی بلۆکێکی بەهێز لە رۆژهەڵات، ئەمەش وادەکات جیهان ببێتەوە بە دوو جەمسەر.
یەکێک لە هەوڵەکانی رووسیا و چین بۆ دروستکردنی ئەو جەمسەرە خۆی لە رێکخراوی شانگهایدا دەبینێتەوە، کە ئێستا ئەندامانی رێکخراوەکە نیوەی دانیشتووانی گۆی زەوی پێکدەهێنن.
ئەمڕۆ رێکخراوەکە لە هیندستان بیستوسێهەمین لوتکەی خۆی بەڕێوەبرد، شی جینپینگ سەرۆکی چین لە گوتارەکەیدا هۆشداریی دا لە دەستپێکردنی جەنگی سارد و داوای لە وڵاتانی ئەندام کرد مامەڵە لەگەڵ ئەو هەوڵانەدا بکەن کە بە ئاڕاستەی دەستپێکردنی جەنگی سارد دەڕۆن.
ئەمە جاری یەکەم نییە گوێمان لە دەستەواژەی دەستپێکردنەوەی جەنگی سارد بێت، پاییزی ساڵی رابردووش کاتێک شی جینپینگ و جۆ بایدن یەکتریان بینی، باسیان لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگێکی لەو شێوەیە کردبوو، بایدن بەڵێنی دابوو کە هەرگیز رێگەنادات جارێکی دیکە جیهان بچێتەوە نێو جەنگی سارد.
هۆشدارییەکەی ئەمڕۆی سەرۆکی چین لە لوتکەی شانگهایدا لەکاتێکدابوو رێکخراوەکە بەرەو فراوانبوونی زیاتر هەنگاودەنێت، ئێران و بیلارووسیا بە فەرمی بوونە ئەندامی رێکخراوەکە و ئێستا ژمارەی دانیشتووانی ئەو وڵاتانەی ئەندامی رێکخراوەکەن گەیشتووەتە نزیکەی کۆی دانیشتووانی جیهان.
رێکخراوی شانگهای بۆیەکەمجار لە ساڵی 2001 دامەزرا، یەکێکە لە گەورەترین هاوپەیمانییە ئابووری و ئەمنییەکان لەسەر ئاستی جیهان، ئامانجیان هەماهەنگییە لەبوارەکانی سەربازیی، ئابووری، بازرگانی، کلتوریی، زانستی، پەروەردەیی، ژینگەیی و تەکنەلۆجی.
هیندستان، کە لە ساڵی 2017ەوە بووەتە ئەندام، ئەمساڵ میوانداریی لوتکەی رێکخراوەکەی کردووە، نارێندرا مۆدی سەرۆکوەزیرانی هیندستان، هۆشداریی دا لەو قەیرانە گشتگیرانەی روبەڕوی جیهان بوونەتەوە، لەوانەش خۆراک، سوتەمەنی و پەیینی کشتوکاڵی.
لە لوتکەکەی ئەمڕۆدا زۆربەی سەرکردەکان بەشێوەی ڤیدیۆ کۆنفرانس بەشدارییان کرد، لەوانەش ڤلایدمیر پوتینی سەرۆکی روسیا، شی چینپینگی سەرۆکی چین و ئیبراهیم رەئیسی سەرۆکی ئێران.
پوتین لە گوتارەکەیدا سوپاسی ئەندامانی لوتکەکەی کرد، بەهۆی ئەوەی پشتیوانییان لێکردوون ئەوکاتەی یاخیبوونەکەی گروپی ڤاگنەر روویدا.
هاوکات سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نامەیەکدا بۆ وڵاتانی ئەندام لە لوتکەکە، رایگەیاند بەڕێوەچوونی لوتکەی شانگهای لە کاتێکدایە کە جیهان روبەرووی چەندین مەترسیی بووەتەوە. ئاماژەی بەوەشکردووە “لەکاتێکدا وڵاتانی جیهان پێویستییان بەوەیە زیاتر یەکبگرن و بەیەکەوە کاربکەن، بەڵام دابەشبوون زیاتربووە و ناکۆکییە جیۆپۆلەتیکییەکان روویان لە زیادبوونە”.