زووم. فرانس پرێس
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند، 10 ژن کە تۆمەتى جیهادیان لەسەرە، لەگەڵ 25 منداڵ، کە لە کەمپەکانی گومانلێکراوانی داعش لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا (رۆژاڤا) دەستبەسەرکرابوون، گەڕێندرانەوە بۆ فەرەنسا. فەرەنسا تاوەکو ئێستا 56 ژن و 132 منداڵى گواستووەتەوە بۆ وڵاتەکەى.
بەگوێرەى راگەیەندراوەکەى وەزارەتى دەرەوەى فەرەنسا، کە ئاژانسی هەواڵى فرانس پرێس بڵاوکردووەتەوە، منداڵەکان رادەستی خانەی سەرپەرشتیکردنی منداڵان دەکرێن و ژنەکانیش رادەستی کەرتی دادوەریی وڵاتەکە دەکرێن.
ئەو ژنە فەرەنسییانە لەسەردەمی دەرکەوتنی داعشدا پەیوەندییان بە چەکدارەکانی ئەو گروپەوە کردووە و لە وڵاتەکانی خۆیانەوە بەرەو عێراق و سوریا هاتوون. بەڵام دوای روخانی داعش لەساڵی 2019دا دەستگیرکراون و لە کەمپی هۆل لە حەسەکەى رۆژئاڤاى کوردستان، دەستبەسەرکراون.
گێڕانەوەی ژن و منداڵی چەکدارانی داعش لەلایەن وڵاتە ئەوروپییەکان یەکێک بوو لەو بابەتانەی مشتومڕی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا، بەتایبەت وڵاتی فەرەنسا کە لەماوەی رابردوودا روبەڕووی چەندین هێرشی “جیهادییەکان” بووەتەوە. کەسوکار و منداڵەکانى چەکدارانى داعش لەنێو کەمپەکە دەستبەسەرن.
بەگوێرەى یاسای فەرەنسا، هەر کەسێکی فەرەنسی کە تەمەنی پێگەیشتوو بێت و پەیوەندیی بە ریزەکانی داعشەوە کردبێت لە سوریا و عێراق، روبەڕوی یاسا دەکرێتەوە. هەربۆیە ساڵی رابردوو فەرەنسا کۆتاییهێنا بە گەڕاندنەوەی تاکە کەسیی ئەو گومانلێکراوانە. هەربۆیە ساڵی رابردوو لە یەکەم هەوڵی بە کۆمەڵدا، فەرەنسا 16 ژن و 35 منداڵی گەڕاندەوە، دواتریش لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوودا 15 ژن و 40 منداڵی دیکەی گەڕاندەوە وڵاتەکەی.
لەسەرەتای ئەمساڵیشدا، وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا 15 ژن و 32 منداڵی گەڕاندەوە.
پێشتر نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، فەرەنسا مامەڵەی توند لەگەڵ ئەو کەسانەدا دەکات و بەشێوەیەکی دڵرەقانە ئەشکەنجەیان دەدات و لە پێگە و کەسایەتییان کەمدەکاتەوە.
لە بەرامبەر رەوانەکەردنەوەیاندا، وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا سوپاسی بەرپرسانی رۆژاڤای کرد بەوەی کە هەماهەنگ بوون لە بەجێگەیاندنی ئۆپراسیۆنی گەڕاندنەوەی ژن و منداڵانی داعشدا.
کەمپى هۆل زیاتر لە 50 هەزار کەسى تێدایە، کە 30 هەزار زیاتریان منداڵن.
پێشتر مایکڵ کوریلا، فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند، “50%ی دانیشتووانی کەمپەکە جۆرێک لە لایەنگیرییان بۆ ئایدۆلۆژی داعش هەیە”. چونکە ژن و منداڵى چەکدارانى پێشووى داعشن و لەوێ کۆکراونەتەوە.