زووم،ئاژانسەکان
هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆسەر کەمپی ئاوارەکان لە شاری جنینی کەرتی رۆژئاوای فەلەستین پێی نایە رۆژی دووەمەوە، دوای ئەوەی دوێنی دووشەممە بەهۆی هێرشەکانەوە 10 هاوڵاتی فەلەسەتینی کوژران و زیاتر لە 100 کەس برینداربوون.
هێرشەکانی ئەمجارەی ئیسرائیل سەرەڕای درۆن و هێرشە ئاسمانییەکان، بە بەشداری زیاتر لە 2000 سەرباز بەڕێوەدەچن، ئەمەش بە گەورەترین هێرشی ئیسرائیل دادەنرێت لەماوەی 20 ساڵی رابردوودا.
— Local Focus – Security Alerts (@LocalFocus1) July 3, 2023
لەبارەی هێرشەکانەوە ئیسرائیل رایگەیاندووە، کە 10 ئامانجیان لەنێو شاری جنیندا هەیە کە چەند چەکدارێکن و تا سەرجەمیان لەناو نەبەن، هێرشە سەربازییەکانیان کۆتایی پێناهێنن. چەکدارەکانی نێو کامپەکە لەژێر ناوی کەتیبەی جنیندا ئۆپراسیۆنەکانیان ئەنجام دەدەن.
ئێلی جۆهەن، وەزیری ناوخۆی ئیسرائیل رایگەیاند، وڵاتەکەی نایەوێت ئۆپەراسیۆنە سەربازەییەکانی بۆ هیچ شوێنێکی دیکە جگە لە جنین لە کەرتی رۆژئاوای فەلەستیندا بباتە دەرەوە و فراوانی بکات.
رێکخراوی پزیشکانی بێسنور رایگەیاند، سەرجەم ئەو رێگایانەی کە بۆ کەمپی ئاوارەکان لە جنین دەچن، لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە تا کاتی کۆتایی هاتنی ئۆپراسیۆنەکانیان داخراون. ئەمەش لەکاتێکدایە کە خەڵکی بریندار لەناو کامپەکەدا هەن و پێویستیان بە هاوکاریی و چاودێری پزیشکییە.
سەرەڕای ئەوەش، رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەکردووە کە چەند بڵدۆزەرێکی سەربازیی ئیسرائیلی سەرجەم رێگاکانیان داخستووە بەشێوەیەک کە هاتوچۆی ئامبوڵانس مەحاڵە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، تیمە فریاگوزارییە پزیشیکییەکانی فەلەستین ناچارکراون بەپێ بەهانای بریندارەکانەوە بچن، لە کاتێکدا شەڕ و پێکدادانێکی چڕێ چەکداری لەو ناوچەیە بەردەوامی هەیە.
بەپرسانی فەلەستین دەڵێن لە دوای هێرشەکەی دوێنێی ئیسرائیلەوە، بەهۆی بەردەوامی ئاڵۆزییەکانەوە، نزیکەی 3000 هاوڵاتی کامپی جنینیان جێهێشتووە.
کەمال ئەبوئەلرووب، جێگری پارێزگاری جنین، بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی وتووە کە خەریکە لە قوتابخانەکاندا پەنایەک بۆ ئاوارەکان دروستدەکەن کە لە بنەڕەتدا ژمارەیان 14 هەزار ئاوارەیە کە لە کامپەکەدا دەژین.
گرژییەکانی ئەمجارە بۆچی لە شاری جنینن؟
شارەکە دەکەوێتە باکوری کەرتی رۆژئاوای فەلەستین کە کامپێکی تێدا دروستکراوە بەناوی شارەکەوە ناونراوە.
کامپەکە ئەو ئاوارانەی لەخۆگرتووە کە ژمارەیان 14 هەزار کەسە و نەوەی ئەو فەلەستینیانەن کە لە ساڵی 1948ەوە لەکاتی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیلدا لەسەر خاک و ماڵی خۆیان ئاوارەبوون.
بەگوێرەی ئاماری نەتەوەیەکگرتوەەکان، لە ئێستادا جنین بەرزترین رێژەی بێکاریی و هەژاریی تێدایە لەکۆی سەرجەم 19 کامپەکانی کەرتی رۆژئاوای فەلەستیندا.
بەگوێرەی راپۆرتێکی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە ساڵی 2002دا لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆسەر ئەوکامپە 52 فەلەستینی کوژران کە نیوەیان هاوڵاتی مەدەنی بوون و لە هەمانکاتتدا 23 سەربازی سوپای ئیسرائیلیش کوژران.
لە راپۆرتەکەی نەتەوەیەکگرتووەکاندا هاتووە کە هەردوو بەرەی ئیسرائیل و فەلەستینیش بەشێوەیەکی خراپ مامەڵەیان لەگەڵ دۆخەکەدا کردووە. ئیسرائیل رێگریی کردووە لەوەی هاوکاریی مرۆیی بۆ کامپەکە بچێت، چەکدارە فەلەستینییەکانیش لە ماڵی هاوڵاتییە مەدەنییەکاندا خۆیان حەشارداوە. هەربۆیە بەهۆی شەڕو پێکدادانەکانی ئەوکاتەوە زیاتر لە 400 ماڵ خاپورکران و یەک لەسەر چواری دانیشتووانی کامپەکە دووبارە ئاوارەبوونەوە.
دوای نزیکەی 20 ساڵ خەریکە هەمان سیناریۆ دووبارە دەبێتەوە. ماوەی ساڵێکە جنین بووەتە مەیدانی ململانێکانی نێوان ئیسرائیل و چەکدارە فەلەستینییەکان. مانگی رابردووش بەهۆی هێرش و پێکدادانەکان شەش فەلەستینی کوژران و 90 کەسی دیکەش برینداربوون لەگەڵ برینداربوونی حەوت سەربازی ئیسرائیلی.
لە سەرەتای ئەمساڵیش هێزەکانی ئیسرائیل لە هێرشێکدا بۆ سەر جنین حەوت چەکدار و دوو هاوڵاتی مەدەنییان کوشت. رۆژێک دواتر، چەکدارێکی فەلەستینی لە کۆمەڵگایەکی ئیسرائیلییە هاوردەکان حەوت کەسی وەک تۆڵەکردنەوە کوشتەوە و دواتر بە دەستڕێژی هێزەکانی ئیسرائیل کوژرا.
ساڵی رابردوو، شیرین ئەبو عەقلە، پەیامنێری کەناڵی جەزیرە و هەڵگری رەگەزنامەی فەلەستینی-ئەمریکی بە تەقەی هێزەکانی ئیسرائیل هەر لە هەمان شاردا کوژرا. خێزانی رۆژنامەنووسەکە دەڵێن لەوکاتەی کە سوپای ئیسرائیل تەقەی لە شیرین کردووە، هیچ هێزێکی چەکداریی فەلەستین لەو ناوچەیەدا بوونی نەبووە.