زووم، ئاژانسەکان
وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، رەزامەندیی نیشانداوە بۆ کڕینی یەک کەشتی فڕۆکەی F-35ـى تازە بە بەهای سێ ملیارد دۆلار و پارەکەش لەلایەن سوپای ئەمریکاوە وەک هاوکاریی دابیندەکرێت.
بە کڕینی ئەم فڕۆکە جەنگییانەوە، کە ژمارەیان 25 دانەیە، دەبێتە سێیەم کەشتی جەنگیی فڕۆکە هەڵگری جۆری F-35 کە ئیسرائیل بیکڕێت و یەکەم وڵاتە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خاوەنی بەهێزترین و پێشکەوتووترین فڕۆکەی جەنگی جیهانە.
لەبارەی کڕینی فڕۆکەکانەوە وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، “ئەم رێککەوتنە تازەیە دڵنیایی لەنێوان کۆمپانیا ئەمریکییەکان و پیشەسازیی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل دروستدەکات بۆ بەرهەمهێنانی پارچەکانی فڕۆکەکە.”
بە کڕینی ئەم فڕۆکە جەنگییانەوە ژمارەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە جۆری F-35 دەبێتە 75 فڕۆکە. ئیسرائیل لە سەرەتادا لە ساڵی 2017 وەک یەکەم وڵاتی جیهان لەدەرەوەی ئەمریکا بوو بە خاوەنی فڕۆکەى F-35.
هەرچەندە ئیمارات پێشتر چەند جارێک داوای کڕینی فڕۆکەکەی کردووە، بەڵام بەهۆی “گەرمیی پەیوەندییەکانی لەگەڵ چین”، تاوەکو ئێستا ئەمریکا هیچ رێکەوتنێک لەگەڵ نەکردووە.
فڕۆکەکە وەک پێشکەوتووترین فڕۆکەی جەنگی جیهان دادەنرێت، کە توانای کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگریی و ئەنجامدانی هێرشی قوڵی هەیە بۆنێو خاکی “دوژمن”. فڕۆکەکە لە ئیسرائیل بە زمانی عیبری ناونراوە ‘ئەدیر’ کە بەمانەی بەهێز دێت.
لە مانگی ئایاری ساڵی 2018دا ئیسرائیل بۆیەکەمجار فڕۆکەکەی بەکارهێناوە.
ئەم هەوڵانەی ئیسرائیل لەکاتێکدان وڵاتەکە بەشێوەیەکی بەردەوام ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتى حکومەتى سوریا و گروپە چەکدارەکانى نزیک لە “ئێران” لەو وڵاتەدا دەکاتە ئامانج. لە تازەترین هێرشدا، دوێنی بە فڕۆکە هێرشی کردەسەر بنکەیەکی بەرگریی سوریا، کە لە هەمان بنکەوە هێرشێکی دژە موشەکی کرابووە سەر ئیسرائیل.
ئەم هێرشانەی ئیسرائیل بۆ پچڕان و کەمکردنەوەی جموجۆڵ و هاوکارییەکانی “ئێرانە” لە ناوچەکە، کە بەوە تۆمەتباردەکرێت لەو رێگەیەوە چەک و تەقەمەنی دەگوازێتەوە بۆ گروپە چەکدارەکانی لوبنان و سوریا، بەتایبەتی گروپی حزبوڵڵای لوبنانی.
سەرەڕای ئەوەش، ئەمڕۆ دووشەممە، ناوەندێکی لێکۆڵینەوەی ئاسایشیی ئیسرائیلی وردەکاریی تازەى لەبارەی گەورەترین بنکەی دروستکردن و هەڵگرتنی موشەکی بالیستی سوپای پاسدارانی ئێران بڵاوکردەوە، کە لە چەند دۆڵێکی چیای زاگرۆسدا لە پارێزگای کرماشاندا حەشاردراون.