رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵى ئەمریکى، لە زاری چەند بەرپرسێکی رۆژئاواوە رایگەیاند، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی روسیا دەستیکردووە بە کۆنترۆڵکردنی گروپی ڤاگنەر، لە دوای هەوڵی یاخیبوونى گروپەکە لە هەفتەی رابردوودا.
بەگوێرەى رۆژنامەکە پوتین هەوڵدەدات دەستبگرێت بەسەر زیاد لە 100 کۆمپانیای سەر بە گروپی ڤاگنەر، هەروەها دامەزراوە ئەمنیەکانی روسیا هەڵیانکوتاوەتە سەر دامەزراوەکانی سەر بە گروپەکە.
یەڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گروپى ڤاگنەر، بەشێک لە موڵکەکانی گواستووەتەوە بۆسەر فەرمانبەرەکانی لە هەفتەکانی پێش هەوڵى یاخیبوونەکەدا، ئەمەش بابەتەکەی لە کرێملین ئاڵۆز کردووە.
رۆژنامەکە دەڵێت، پریگۆژین دامەزراوەکەی بە ئاڵۆزترین شێوە بنیاتناوە، کە ناچێتە ژێر لێپرسینەوە.
بەگوتەی بەرپرسە رۆژئاواییەکان، بەشێک لەو گرێبەستانەی ڤاگنەر لەگەڵ حکومەتەکانی ئەفریقا کردوویەتی نافەرم بوون و بەشێک بوون لە کاری قاچاخ.
لە دواى هەوڵى یاخیبوونەکەى پریگۆژین و دواتر چوونى بۆ بێلاڕوس، چارەنوسى گروپى ڤاگنەر بووە بە پرسیارێکى بێ وەڵام، ئەم گروپە لەگەڵ چەند دەوڵەتێکى ئەفریقى کاردەکات. وەزارەتی دەرەوەی روسیا دەڵێت، سەرکردەکانی دەوڵەتانی ئەفریقا دەبێت خۆیان بڕیار بدەن، ئەگەر دەیانەوێت بەردەوام بن لە کارکردن لەگەڵ گروپی ڤاگنەر یان کۆتاییهێنان بە کارکردنى.
دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی کرێملین رایگەیاند، روسیا پەیوەندی بە چالاکیەکانی گروپی ڤاگنەر لە دەوڵەتە ئەفریقیەکان نییە.
ڤاگنەر پێشتر هەموو پشتیوانیە داراییەکانی لە روسیا وەردەگرت وەک پوتین رایگەیاندبوو.
ئەو رایگەیاندبوو، گروپی ڤاگنەر لە ماوەی ساڵێکدا 82.262 ملیار روبڵی روسی وەرگرتووە.
رۆڵی ڤاگنەر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
رۆیتەرز لە رابردوودا لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە رایگەیاندبوو، واشنتن توێژینەوە دەکات لەسەر ئەگەری کاریگەری یاخیبوونەکەى ڤاگنەر لەسەر چالاکیەکانی گروپەکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا.
وۆڵ ستریت جۆرناڵ دەڵێت، روسیا دەیەوێت بەیەکجاری دەستبگرێت بەسەر گروپەکەدا لە جیهان، وەک رۆژنامەکە لەزاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردووەتەوە، مۆسکۆ بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریای ئاگادارکردووەتەوە هێزەکانی ڤاگنەر چیتر بە سەربەخۆ کارناکەن لە سوریا.
شەڕکەرەکانی ڤاگنەر لە سوریا ئاگادارکراونەتەوە رووبکەنە بنکەی سەربازی روسیا لە لازقیە.
ژمارەیەک هێزی ڤاگنەر لە ئەفریقای ناوەڕاست هەن، کە لە ساڵی 2017ـەوە بۆ پاراستنی کانەکانی ئەڵماس و ئاڵتون، هێزەکانیان لەنێوان ماداگاسکار و مۆزەمبیق بڵاوبوونەتەوە.
هەروەها حکومەتی مالی گروپی ڤاگنەری بانگهێشت کردووە، بۆ پاراستنیان لە هێزە چەکدارەکان.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، لە ساڵی 2020 رایگەیاند، بوونی ڤاگنەر لە ئەفریقا بۆ پاراستنی کۆمپانیاکانی کانەکانە، کە سەر بە یەڤگینی پریگۆژینن.
چالاکیەکانی ڤاگنەر لە ساڵی 2019 فراوان بوو، گەیشتە ئەمریکای باشور، کە بۆ یارمەتیدانی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی فەنزوێلا چوونە وڵاتەکە لەپێناو پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکە، کە فەنزوێلا گەورەترین یەدەگی نەوتی هەیە لە جیهاندا.
گروپی ڤاگنەر لە ساڵی 2014 و دوای دەستبەسەراگرتنی نیمچە دورگەی کریمیا لەلایەن روسیاوە دەرکەوتن، ئەو کات ئەوان هێرشیان لە ئۆکراین ئەنجامدەدا، روسیاش پێویستی بە بریکارێک بوو جەنگی بۆ بکات تا فشارە نێودەوڵەتیەکان لەسەر خۆی کەمبکاتەوە.
ڤاگنەر لە چەندین پرۆسەی جەنگ بەشداریکردووە لە ئەفریقا، ئاسیا و ئەمریکای لاتین، تۆمەتباردەکرێت بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و ئەنجامدانی تاوانی جەنگ، هەروەها تۆمەتباردەکرێت بە دەستدرێژیکردنە سەر هاوڵاتیان لە ئەفریقای ناوەڕاست.