زووم، ئاژانسەکان
پۆلیسی سویسرا رایگەیاند، بەهۆی سۆشیاڵ میدیا و کاریگەربوونی هەرزەکارەکانی وڵاتەکەی بە خۆپیشاندانەکانی فەرەنسا، بەشێکیان هەوڵی خۆپیشاندانیان داوە و شەوی رابردوو خۆپیشاندانەکان لەو وڵاتەدا سەریهەڵداوە. بەهۆی گرژییەکانیشەوە لانیکەم حەوت خۆپیشاندەر لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراون.
شەوی رابردوو لە شاری لۆزان، کە دەکەوێتە رۆژئاوای سویسرا و هاوسنورە لەگەڵ رۆژهەڵاتی فەرەنسا، پێکدادان لەنێوان پۆلیس و گروپێک خۆپیشاندەر رویداوە و زۆرینەی خۆپیشاندەران هەرزەکار بوون، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە هەمان چین لە فەرەنسا لە ئێستادا لە دژی کوشتنی هەرزەکارێکی 17 ساڵ لەلایەن پۆلیسەوە رژاونەتە سەر شەقامەکانی ئەو وڵاتە.
شەوی شەممە زیاتر لە 100 کەس لە ناوەڕاستی شارەکەدا گردبوونەوە و لەوکاتەشدا پۆلیس چاودێریکردوون، بەڵام بەگوێرەی وتەی پۆلیس، خۆپیشاندەران خشتی سەر شۆستەکانیان گرتووەتە پۆلیس و دواتریش چەندین شوشەی دووکانەکان شکێنراون.
لە راگەیەندراوێکدا، پۆلیسی لۆزان ئاماژەی بەوەکردووە، “وەک دەنگدانەوەیەک لەبەرامبەر خۆپیشاندان و گردبوونەوەکانی فەرەنسا، زیاتر لە 100 کەس لە ناوەڕاستی شاری لۆزان گردبوونەتەوە و زیانیان بە چەند دووکان و شوێنێکی کارکردن کردووە.”
ئەنتۆنی هیڵدبراند، راوێژکاری شاری لۆزان لەبەرامبەر خۆپیشاندانی شارەکەیدا رایگەیاند، “هیچ شتێک شەرعییەت نادات بەوەی کە دووکانەکان بەشێوەیەکی رێکخراو بشکێندرێن و تاڵان بکرێن.”
ئەو گوتیشی، ئەوە خۆپیشاندان نییە، بەڵکو هەندێک کەس خۆیان رێکخستووە و دوکانەکانیان شکاندووە بۆ ئەوەی کەلوپەلەکانی ناوی ببەن.
پۆلیسی ئەوشارە حەوت کەسی دەستگیرکردووە، کە تەمەنیان لەنێوان 15 بۆ 17 ساڵیدایە و هەڵگریی رەگەزنامەی پورتوگالی، سۆماڵی، بۆسنی، سویسریی، جۆرجی و سربین.
لە هەمانکاتدا بەهۆی خۆپیشاندانەوە لە بەلجیکای دراوسێی فەرەنسا، چەندین کەس دەستگیکراون، کە ئاگریان لەسەر شەقامەکان کردووەتەوە.
خۆپیشاندانەکانی ئەم دوو وڵاتە دوای ئەوە دێت، پێنج رۆژە خۆپیشاندانی توند و بەرفراوان شارەکانی فەرەنسای گرتووەتەوە و هەزاران کەس بەهۆیانەوە دەستگیرکراون.
خۆپیشاندانەکانى فەرەنسا لە دواى کوژرانى گەنجێکى 17 ساڵان هات، لەلایەن هێزەکانى پۆلیسەوە.