ناوەندێکی لێکۆڵینەوەی ئاسایشیی ئیسرائیلی وردەکاریی نوێی لەبارەی گەورەترین بنکەی دروستکردن و هەڵگرتنی موشەکی بالیستی سوپای پاسدارانی ئێران بڵاوکردەوە کە لە چەند دۆڵێکی چیای زاگرۆسدا لە پارێزگای کرماشاندا حەشاردراون کە 150 کیلۆمەتر لە سنووری عێراقەوە دوورە.
ناوەندی “Alma”ی ئیسرائیلی بۆ لێکۆڵینەوەی ئاسایشی لە راپۆرتێکی ڤیدیۆییدا باسی لەو بنکەیە کردووە کە لەژێر زەویدا دروستکراوە و دەکەوێت دەوروبەری شاری کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان و بنکەی سەرەکی دروستکردنی موشەکی بالیستی جۆری “قیام”ـە.
لە ڤیدیۆکەدا، دەیان حەشارگەی موشەکی لە چەند دۆڵێکی چیاکەدا دەردەکەوێت کە ناوەندەکە بە 61 حەشارگە خەمڵاندوویەتی، چەند گرتەیەکی حەشارگەی موشەکی “قیام”یشی بڵاوکردووەتەوە.
هەروەها نزیکەی 80 حەشارگەی تری لە ناوچەی “پنج پلە” لە چیاکە ئاشکراکردووە کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە موشەکی بالیستی “قیام” و فاتیحی” تێدا هەڵگیراوە.
گرتە ڤیدیۆییەکە جێگیرکردنی موشەکی بەرگریی ئاسمانیی دژە فڕۆکە لە بەرزاییەکانی دۆڵەکە دەردەخات، هەروەها لە چەند شوێنێکەوە سیستەمی موشەکی زەوی بۆ ئاسمان جێگیرکراون.
هاوتەریب لەگەڵ خێراکردنی بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆم، تاران پرۆسەی فراوانکردنی جبەخانەی مووشەکی بالیستیشی خێراتر کردووە، ئەو هەنگاوەش نیگەرانییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوای زیاتر کردووە.
مانگی ڕابردوو تاران لە میانی ڕێوڕەسمێکی فەرمیدا پەردەی لەسەر موشەکێکی سەرو دەنگ لادا کە مەوداکەی دەگاتە هەزار و 400 کم، هەروەها لە مانگی ئایاردا موشەکێکی دیکەی هەڵدا کە مەوداکەی دەگاتە 2000 کم.
سەرەتای ئەم مانگە ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، دیپلۆماتکارێکی باڵای ئەوروپی کە سەرپەرشتی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان تاران و وڵاتانی رۆژئاوا دەکات، پەیامێکی بە بەرپرسانی ئێران گەیاندووە کە ئەوروپییەکان بەردەوام دەبن لە گەمارۆکانی سەر سیستەمی مووشەکی بالیستی وەک مەرجێکی سەرەکی لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015.
مانگی ئازاری ساڵی 2021 بۆ یەکەمجار ڕێکخراوی موجاهدینی خەڵقی ئۆپۆزسیۆنی حکومەتی ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە واشنتۆن هەندێک زانیاری لەسەر حەشارگەکەی ناو چیای زاگرۆس لە کرماشان ئاشکراکرد.
حەشارگە موشەکییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە کرماشان بە بەردەوامی ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بوون، لە ناوەڕاستی مانگی شوباتی ساڵی ڕابردوودا، شەش فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر بنکەی ماهیدەشت لە کرماشان و بە پێی میدیای ئیسرائیلی ئەو کاتە، سەدان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای پاسدارانیان لەناوبردووە، بەڵام سوپای پاسداران تەقینەوەکانی بۆ ئاگرکەوتنەوە لە کۆگایەکی کۆنی سووتەمەنی لە بنکەیەکی سەربازیدا گەڕاندەوە.
موشەکی قیام موشەکێکی بالیستی مەودا مامناوەندە و بە سووتەمەنی شل کاردەکات، مەودای لە نێوان 800 بۆ 1000 کیلۆمەترە. وەک تۆڵەسەندنەوەیەک لە بەرامبەر کوشتنی قاسم سولەیمانی، ئێران لە 8ی کانونی دووەمی 2020دا، بەو موشەکە بۆردومانی بنکەی عەین ئەسەدی لە ئەنبار کرد کە هێزەکانی ئەمریکای تێدا بوو، هەروەها لە ساڵی 2018دا چەند بنکەیەکی داعشی بە هەمان موشەک بۆردومان کرد.