زووم:
شتێکی باوە کە رووی سەرەوەی ئاوی روبار و دەریاکان رەنگیان بگۆڕێت یاخود ببنە قوڕ و لیتە، بەڵام رەنگە دیمەنێکی دەگمەن بێ کاتێک تەواوی رووی ئاوی روبارێک بە ماسیی مردوو داپۆشرابێت، ئەمە دیمەنی کارەساتباری ئاوی رووباری عیزە لە قەزای مەجەر لە پارێزگای میسانی عێراق، کە بە هۆکارێکی سروشتی ماسییەکانی مردوون و سەرئاوکەوتوون.
بە گوێرەی چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی عێراقی تەنیوە، بە پانیی سێ مەتر و درێژیی نزیکەی 15 کیلۆمەتر، ماسیی مردوو رووی رووبارەکەی داپۆشیوە، ئەوەش بەهۆی کەمی و ژەهراویبوونی ئاوەکەی.
ئەحمەد عەباس، قایمقامی قەزای مەجەر بە میدیا عێراقییەکانی گوتووە، “مردنی ماسییەکان بەهۆی نەخۆشییەوە نەبووە، بەڵکو بەهۆی کەمیی بەرچاوی ئاوەوە بووە چونکە ناوچەکە روبەڕوی وشکەساڵییەکی توند بووەتەوە.”
قایمقامی قەزای مەجەر دەشڵێت، “کشتوکاڵی وەرزی هاوینە بەهۆی کەمیی ئاوەوە لە قەزاکە بە تەواوی لەناوچووە” و هۆشداریی دا لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی مەترسیدار بەهۆی کەمبوونەوەی ئاو.
هاوکات روانگەی سەوزی عێراقی هۆشداریی لە سەرئاوکەوتنی ملیۆنان ماسی داوە و دەشڵێت، ئەمە سەرەتایەکە و دەریدەخات “هاوینی وشک و بێئاوی” بەڕێوەیە.
رێکخراوەکە هۆشداریی داوەتە بەرپرسانی پەیوەندیدار و پێی گوتوون هاوینی داهاتووی عێراق سەروەت و سامانی ئاو و ئاژەڵی وڵات لەناو دەبات، دەسەڵاتدارانی عێراق چارەسەری پرسی ئاویان بۆ ئاسمان بەجێهێشتووە و دانوستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ ناکەن.
روانگەی سەوزی عێراقی جەختیکردووەتەوە کە “وشکەساڵی تەنها لە ناوچەکانی باشوور وەک تاڵاو و رووبارە لاوەکییەکاندا نییە، بەڵکو زیاتر لە سەرەوەی رووبارەکانی دیجلە و فورات هەن، کە دەکەونە ناوچەکانی ناوەڕاست و باکوورەوە”.
هاوکات بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقی، پێکهێنانی لیژنەیەکی راگەیاند بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری مردن و سەرئاوکەوتنی ماسی لە روباری عیز لە قەزای مەجەر.
سامر حەبیب، بەڕێوەبەری گشتیی ڤێتێرنەری بە ئاژانسی فەرمیی عێراقی گوتووە، “بە گوێرەی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، هیچ نەخۆشییەک لەناو ماسییەکاندا نەبووە، بەڵکو هۆکاری سەرئاوکەوتنی ئەو ژمارە زۆرەی ماسییەکان بۆ کەمیی ئاو و بەرزبوونەوەی ئاستی خوێ دەگەڕێتەوە”. جەختیشیکردووەتەوە کە “بەمزوانە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان رادەگەیەنرێت”.
بەگوێرەی راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، عێراق پلەی پێنجەمی لە نێو ئەو وڵاتانە گرتووە کە زۆرترین کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە و چەند ساڵێکە بەدەست قەیرانی توندی ئاوەوە دەناڵێنێت، بەڵام لە دوو ساڵی ڕابردوودا قەیرانەکە گەیشتووەتە لوتکە و ئەمساڵیش بۆ ئاستێکی مەترسیدار بەرزبووەتەوە، بەو پێیەی زۆرێک لە ڕووبارە لاوەکی و لق و تاڵاوەکانی باشوور وشک بوون.
کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات بە جۆرێکە کە لە هەندێک ناوچە و پارێزگاکان دەگاتە خوار مەترێک و خەڵک دەتوانن بە پێ بگەنە هەردوو کەناری ڕووبارەکە.
پێشتر محەمەد سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق هۆشداریی دابوو لەوەی کۆنتڕۆڵکردنی تاکلایەنەی ئاوی رووبارەکان لەلایەن وڵاتانی ناوچەکەوە دەبێتە هۆی ئەوەی لاوازبین لە روبەڕوبوونەوەی کاریگەرییەکانی وشکەساڵی و گۆرانکارییەکانی کەشوهەوا.
سودانی لە گوتارێکیدا لە کۆنفرانسی کەشوهەوا لە شاری بەسرە گوتی، زیاتر لە حەوت ملیۆن هاووڵاتی عێراقی روبەڕوی وشکەساڵی بوونەتەوە، سەدان هەزار هاووڵاتی بەهۆی وشکەساڵییەوە ئاوارە بوون و کار و بژێوی خۆیان لەدەستداوە کە کشتوکاڵ و ڕاوکردن بوون.