زووم:
لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستاندا خۆبەخۆ حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەبێتە “کاربەڕێکەر”. واتە لەمەودوا کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم وەکو حکومەتێکی کاربەڕێکەر مامەڵە دەکات.
وەکوچۆن خولی پێنجەمی پەرلەمان بە بڕیارێکی دادگای فیدراڵیی عێراق کۆتایی بە کارەکانی هێنرا، بەهەمانشێوە و هەر بە بڕیاری دادگای فیدراڵی، حکومەتی هەرێمیش دەبێتە حکومەتێکی کاربەڕێکەر.
بە گوێرەی ئەم نووسراوەی دادگای فیدراڵیی عێراق، کە ئێستا لەسەر شاشەکەوە دەردەکەوێت، ئەگەر هاتوو پەرلەمان هەڵوەشایەوە، ئەوا حکومەتیش دەبێتە حکومەتێکی کاربەڕێکەر.
نووسراوەکەی دادگای فیدراڵیی عێراق ئیمزای جاسم عەبود سەرۆکی دادگاکەی بەسەرەوەیە و لە 17ی 5ی 2022 بۆ سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق نێردراوە لە سەردەمی بەرهەم ساڵحدا.
دادگای فیدراڵی لەو نووسراوەدا وەڵامی نووسراوێکی سەرۆکایەتیی کۆماری داوەتەوە، کە داوای لێکردووە دەستەواژەی حکومەتی کاربەڕێکەریان بۆ لێکبداتەوە.
دادگای فیدراڵی لە وەڵامدا و بە پشت بەستن بە مادەی 64ی دەستووری عێراق ئاماژەی بەوەداوە کە حکومەت لە دوو باردا دەبێتە کاربەڕێکەر: یەکەمیان ئەگەر هاتوو سەرۆکوەزیران لەلایەن پەرلەمانەوە متمانەی لێسەندرایەوە، دووەمیشیان ئەگەر هاتوو پەرلەمان هەڵوەشایەوە.
ئێستایش کە کارەکانی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی پێهێنراوە، کەواتە حکومەتی هەرێم وەکو کاربەڕێکەر مامەڵە دەکات تاوەکو ئەوکاتەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدەدرێت و متمانە بە کابینەیەکی تازە دەدرێت.
دادگای فیدراڵی هەر بۆ هەمان مەبەست لیژنەی تایبەتی پێکهیناوە و بڕیاری ژمارە 121ی ساڵی 2022ی لەوبارەیەوە دەرکردووە، کە تیایدا بە وردیی باسی لە حاڵەتەکان کردووە، هاوکات ئەوەشی روونکردووەتەوە کە حکومەتی کاربەڕێکەر چییە و دەسەڵاتەکانی چین.
بە گوێرەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، حکومەتی کاربەڕێکەر لە خزمەتگوزارییەکانی بۆ هاوڵاتیان بەردەوامدەبێت، بەڵام ناتوانێت ئەو بڕیارانە بدات کە کاریگەریی گەورەیان لەسەر داهاتووی وڵات هەیە لە رووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە، وەکوچۆن بۆی نییە پرۆژەیاسا پێشنیازبکات، ناتوانێت گرێبەستی قەرز ئیمزابکات، ناتوانێت پلەباڵا دابمەزرێنێت یان هەڵی بوەشێنێتەوە، دەسەڵاتی ئەوەشیان نامێنێت هەیکەلی وەزارەت و فەرمانگەکان دابڕێژنەوە.