ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی لە راپۆرتێکی کنەوپشکنیندا و بە پشتبەستن بە وێنەی مانگی دەستکرد و بەڵگەنامەکان و قسەی شایەتحاڵەکان ئاشکرایکردووە، یۆنان دەیتوانی ژمارەی مردووانی بەلەمی کۆچبەرانی “ئادریانا” کەمبکاتەوە کە مانگی ڕابردوو لە کەناراوەکانی ئەو وڵاتە نوقم بوو.
رۆژی 14ی حوزەیرانی رابردوو، بەلەمی ماسیگرتنی “ئادریانا” لە دووری 47 میل لە نیمچە دورگەی پێلۆپۆنێس لە ئاوە نێودەوڵەتییەکان باشووری یۆنان وەرگەڕا و نوقم بوو، ئاوەکە کەوتوونەتە ژێر دەسەڵاتی گەڕان و فریاگوزاریی یۆنان، بەلەمەکە لە نێوان 400 بۆ 750 کۆچبەری هەڵگرتبوو، زۆربەیان خەڵکی سوریا و میسر و پاکستان بوون، لەو ژمارەیە تەنها 104 کەسیان ڕزگاریان بووە، ئەوەش بەپێی داتاکانی ریکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، حکومەتی یۆنان وەک ئۆپەراسیۆنێکی ڕزگارکردن مامەڵەی لەگەڵ بەلەمەکەدا نەکردووە، تیمێکی لە یەکەی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی پاسەوانی کەناراوەکانی ناردووە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بەلەمەکەدا.
دەشڵێت، کاپتنی پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان سی دییەکی داوەتە دەسەڵاتداران کە تۆماری ڤیدیۆیی بەلەمەکەی تێدایە.
ئاژانسی سنوریی یەکێتیی ئەوروپا بە رۆژنامەکەی گوتووە، سەرکردایەتی ئاژانسەکە ئاگاداری دۆخی بەلەمەکە بوون و چەند کاتژمێرێک پێش نوقمبوونی بەلەمەکە داوای هاوکارییان بۆ ئیتاڵیا ناردووە.
گوتەی شایەتحاڵەکان
ئەو ڕزگاربووانەی کارەساتی نوقمبوونی بەلەمی ئادریانا کە بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز قسەیان کردووە پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان تۆمەتبار دەکەن بەوەی بووەتە هۆی وەرگەڕانی بەلەمەکەیان دوای هەوڵێکی شکستخواردوو بۆ ڕاکێشانی بەلەمەکە کە قورساییەکی زۆری لەسەر بووە، ئەوەش بووەتەهۆی وەرگەڕانی بەلەمەکە لە کاتژمێرەکانی سەرەتای رۆژی 14ی حوزەیرانی رابردوو.
بەپێی ئەو بەڵگانەی ڕۆیتەرز دەستیخستووە، شەش شایەتحاڵ لە کۆی نۆ شایەتحاڵ باسیان لە هەوڵی کارەساتباری ڕاکێشانی بەلەمەکە کردووە و وردەکارییەکەیان بۆ بەرپرسانی دادوەریی یۆنان ئاشکراکردووە.
یەکێک لە ڕزگاربووانی بەلەمەکە کە خەڵکی سوریایە دەڵێت، خۆی و کۆچبەرانی تری بەلەمی “ئادریانا” کە بەرەو ئیتاڵیا دەچوون هاواریان لە بەلەمی پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان کردووە “بوەستن”، دوای ئەوەی پەتێکیان بە بەلەمەکەی ئەوانەوە بەستووە و بە خێراییەکی زۆر رایکێشاون.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەلەمەکە دەستیکردووە بە چەپ و ڕاست، دواتر وەرگەڕاوە.
لێدوانی ئەو شەش شایەتحاڵە پێچەوانەی لێدوانی پاسەوانی کەناراوەکان و حکومەتە لە یۆنان، ئەوان هەر هەوڵێک بۆ ڕاکێشانی بەلەمەکە رەتدەکەنەوە و دەڵێن لە کاتێکدا پاسەوانی کەناراوەکان نزیکەی 70 مەتر لێیەوە دوور بووە، بەلەمەکە وەرگەڕاوە.
لە چاوپێکەوتنێکی دیکەدا، کە رۆیتەرز بە جیا ئەنجامیدا، دوو ڕزگاربووی دیکە ڕووداوی ڕاکێشانەکەیان گێڕایەوە و داوای کرد ناویان بڵاو نەکرێتەوە لە ترسی تۆڵەسەندنەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی یۆنان. یەکێک لەوانە کە خۆی بە محەمەد ناساندووە، باسی ئەو ساتە ترسناکانەی کردووە کە بەلەمەکە وەرگەڕاوە، و گوتی، کاتێک وەرگەڕا کە پاسەوانی کەناراوەکان دەستیان بە ڕاکێشانی بەلەمەکە کرد.
“بەخێرایی ڕایانکێشاین، بەلەمەکە بە چەپ و ڕاستدا دەهات و پاشان وەرگەڕا.. خەڵکەکە هەمووی کەوتنەسەر یەک، هاواریان دەکرد، یەکتریان خنکاند، شەپۆلی گەورەش دەهاتەسەرمان.”
دوای ڕۆژێک پاسەوانی کەناراوەکان لێدوانەکانی گۆڕی و ڕایگەیاند بەلەمەکەیان پەتێکی بە بەلەمی کۆچبەرەکانەوە بەستووە بۆ ئەوەی یارمەتیان بدات تاوەکو نزیکببنەوە و بتوانن پەیوەندی پێکەوە بکەن، بەڵام ڕەتیکردەوە ویستبێتی بەلەمەکە نقووم بکات و جەختیکردەوە کە “مەودای سەلامەتی نێوانیان هێشتووەتەوە.”