لە کانتۆنی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان، دەست بە دروستکردنی سێ کۆمەڵگەی دیکەی نیشتەجێبوون بۆ عەرەبە هاوردەکان دەکرێت. عەفرین لە ساڵی 2018ـەوە لەژێر دەسەڵاتى تورکیا و گروپە چەکدارەکانى نزیکیدایە.
روانگەى سوریی بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، دەزگا خێرخوازیەکانی کوەیت بە هاوکاری کۆمپانیاکانی تورکیا، لە گوندەکانی عەفرین دەستیان بە بڕینی دارەکانی زەیتون و دارستانەکان کردووە و دەکرێن بە سێ کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون بۆ خانەوادەی چەکدارانی “توندڕەو”ـی سەر بە تورکیا.
ئەم هەوڵە وەک گۆڕینى دیمۆگرافیای ناوچەکە دەبینرێت و تورکیا تۆمەتباردەکرێت بە هەوڵدان بۆ “دەرکردنى کوردانى ناوچەکە و عەرەبی هاوردە لە شوێنیان جێگیردەکرێن”.
روانگەى سوریی دەڵێت، لەلایەکی دیکەوە ئەنجومەنی خۆجێیی عەفرین، کە سەر بە تورکیایە، بە پشتگیری قەتەر و فەلەستین و لەژێر چاودێری رێکخراوێکی مرۆیی کۆمەڵگایەکی نیشتەجێبوونی بە ناوی (ئەمەل 2)ی تەواوکردووە.
بەگوێرەی زانیاریەکانی روانگەى سوریی، کۆمەڵگاکە لە گوندی ترێند دروستکراوە و لە 500 یەکەی نیشتەجێبوون پێکدێت، دوو خوێندنگا، یاریگایەک، باخچەیەک، کلینیک، مزگەوت و فێرگەیەکی قورئانی تێدایە.
لە ساڵی 2018ـەوە، حکومەتی تورکیا بە دەیان کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی لە عەفرین دروستکردووە، کە گەورەترینیان، کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی “چیای خەونەکان”ە و نزیکە لە چیای کورمێنج.
کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی “چیای خەونەکان” شوێنێکی ستراتیژیە و لە 600 یەکەی نیشتەجێبوون پێکدێت و زیاتر تایبەتە بە خانەوادەی بەرپرس و چەکدارەکانی گروپی جەبهە ئەلشامیە.
پرۆژەکەیکی دیکە لە عەفرین بەناوی کوەیت ئەلرەحمە لەلایەن کۆمەڵگەی شامی خێرخوازی مرۆیی و کۆمەڵەی ئەلرەحمەی جیهانی و بە هاوکاری رێکخراوی دەستەی ژینگەی مرۆیی تورکیا دروستکراوە.
روبەری هەر یەک لە کۆمەڵگاکانی نیشتەجێبوون 12 هێکتارە، بەڵام پرۆژەی نیشتەجێبوونی چیای خەونەکان نەبێت، کە 122 هەزار و 53 مەتر چوارگۆشەیە.
دوای شەڕێکی 59 رۆژە، هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان لە ساڵی 2018دا “داگیرکرا” و نزیکەی 400 هەزار کەس لە خەڵکی رەسەنی هەرێمەکە ئاوارە بوون و لە جێگەی ئەوان، خانەوادەی گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا کە خەڵکی شارەکانی، حەلەب، حومس، ئیدلب و لازقیە و هەندێک ناوچەی دیکەن، لە عەفرین جێگیرکران.
لەلایەکی دیکەوە تورکیا دەستی کردووە بە گەڕاندنەوەی پەنابەرانی سوریا لە کەمپەکانی تورکیا بۆ هەرێمی عەفرین و هەر بە گوێرەی هەواڵێکی مەرسەدی سوری لە ماوەی هەفتەیەکی رابردوودا، نزیکەی 400 ئاوارە گەڕێندراونەتەوە بۆ عەفرین.