زووم:
لە کەرەستەی خاو و سامانی سروشتیدا عێراق لە پلەی نۆیەمدایە لەسەر ئاستی جیهان و بەهای سامانەکەی 15 ترلیۆن دۆلار تێدەپەرێنێت، لە کاتێکدا روسیا بە بەهای 75 ترلیۆن دۆلار یەکەمە و ئەمریکاش بە بەهای 45 ترلیۆن دۆلار دووەمە.
مەزهەر محەمەد، راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە ئاژانسی فەرمیی عێراقی گوتووە، عێراق یەکێکە لە گرنگترین وڵاتانی جیهان کە دەوڵەمەندن بە سامانی سروشتی و کەرەستەی خاو “لەو رووەوە ریزبەندیی نۆیەمی گرتووە لەنێو ئەو وڵاتانەدا کە خاوەنی کەرەستەی خاو و سامانی سروشتیی جۆراوجۆرن، دەتوانن ئەو کەرەستانە هەناردە بکەن یاخود لە پیشەسازیی ناوخۆدا بەکاریبهێنن”.
بە گوتەی راوێژکارەکەی سودانی، بەهای کەرەستەی خاو و سامانە سروشتییەکانی عێراق لە بازاڕدا بە 15 ترلیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت و نۆیەمی سەر ئاستی جیهانە، لەکاتێکدا رووسیا یەکەمە بە 75 ترلیۆن دۆلار و ئەمریکا دووەمە بە نزیکەی 45 ترلیۆن دۆلار.
مەزهەر محەمەد دەڵێت، ئەو وڵاتانەی پێشەنگی جیهانن لە پیشەسازیدا سوودیان لە سەرچاوە سروشتییەکانیان وەرگرتووە، وەبەرهێنانیان تێدا کردووە و بەهۆیەوە ئابووریی وڵاتەکەیان پێشخستووە “بۆیە عێراقیش دەتوانێت هەمان ئەزموون دووبارە بکاتەوە”.