ڕەنگە شتێکی سەیربێت وڵاتێک میوە هەناردەی زۆرێک لە وڵاتانی دەوروبەری خۆی دەکات، کەچی بەشێک لە دانیشتوانەکەی بەهۆی هەژارییەوە توانای کڕینی میوەیان نەبێت، ئەمە نمونەیە لە دۆخی خراپی ئابوریی ئێران.
هەرچەندە حکومەتی ئێران بە سەرۆکایەتی ئیبراهیم رەئیسی هەڵمەتێکی گەورەی ئابوری بۆ ناوخۆ و دەرەوەی وڵات دەست پێکردووە و هەوڵی بەهێزکردنی پەیوەندیە ئابوریەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی، ئاسیا و ئەمریکای لاتین دەدات و بانگەشەی ئەوە دەکات کە رێژەی هەڵاوسان بۆ یەک ژمارەیی کەم دەکرێتەوە، بەڵام کاتێک روودەچینە نێو چینی ناوەڕاستی ئێران و پەڕەکانی رۆژنامەکانی ناوخۆیی و ئۆپۆزسیۆن دەکەینەوە، ئامارێکی مەترسیداری هەژاری، بێکاری، دوور کەوتنەوە لە خوێندن و زیادبوونی رێژەی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر دەبینین.
بەپێی ڕاپۆرتێکی تۆڕی هەواڵیی کاری ئێرانی (ئیلنا)، زیاتر لە یەک لەسەر سێی دانیشتوانی ئێران لەژێر هێڵی هەژارییەوە ژیان بەسەر دەبەن، ئەوەش دوو هێندەی ساڵانی 2020 و 2021 دەبێت.
بەهادین حسێن، هاشمی بەڕێوەبەری پێشووی بانک و کارناسیی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی خەبەر ئۆنلاینی ئێران، ئامارێکی مەترسیداری لەبارەی دۆخی بژێوی خەڵکی ئێران بڵاوکردەوە.
هاشمی رایگەیاند، چینی ناوەڕاست بەکارهێنەری سەرەکی بەرهەمە ناوخۆییەکانە، بەڵام لە دوو ساڵی رابردوودا رووبەرووی قەیرانێکی گەورەی ئابوری بووەتەوە و چینی ناوەڕاست لە ئێران هیچ هێزێکی نەماوە.
ئەو بەرپرسەی پێشووی ئێران دەڵێت، ئەو خانەوادانەی کە داهاتیان کەمتر لە 30 ملیۆن تومەنە لە مانگێکدا، لە ریزی هەژارەکاندان و بەگوێرەی ئامارێک، 70٪ خەڵکی ئێران هەژارن و رووبەرووی قەیرانی پەروەردە، تەندروستی و دەرمان، خواردن و نیشتەجێبوون بوونەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە مستەفا دارایی نەژاد سەرۆکی یەکێتی بارفرۆشانی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی ئێمڕۆز باسی توانایی هاوڵاتیانی ئێران بۆ کڕینی میوە کرد.
دارایی نەژاد دەڵێت، لە کاتێکدا کە میوەیەکی زۆر بۆ وڵاتە عەرەبیەکان و تورکیا هەناردە دەکرێت، بەڵام لە ناوخۆی وڵاتدا نرخی میوە 50٪ زیادی کردووە و بەگوێرەی ئامارێکیان 20٪ی هاوڵاتیانی ئێران توانایان نییە میوە بکڕن.
حسێن راغفەر پسپوڕێکی بواری ئابوری ئێرانیش بە رۆژنامەکەی راگەیاند کە هاوڵاتیانی ئێران لە قەیرانێکی سەختی نیشتەجێبووندان و گوتی، “حکومەت پێشتر بەڵێنی بە هاوڵاتیان داوە کە 960 ملیۆن تومەن قەرزی خانووبەرە بە هاوڵاتیان بدات، بەڵام لەگەڵ ئەوەی کە ئەو بڕە پارەیە ناتوانێت دەردی هاوڵاتیان دەوا بکات، بەڵام حکومەت ئەو بەڵێنەشی نەبردووەتە سەر و قەیرانی نیشتەجێبوون بەردەوامە.”
رۆژنامەی ئەبراریش راپۆرتێکی لەبارەی زۆربوونی بەکارهێنەرانی مادە هۆشبەرەکان لە ئێران بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد کە هۆکاری سەرەکی زۆربوونی بەکارهێنەرانی مادە هۆشبەرەکان هەژاریە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، “لە ئێستادا نرخی مادە هۆشبەرەکان زۆر هەرزانە و هەموو کەسێک دەستیان پێدەگات و هەژاری وایان لێدەکات کە دەست بۆ مادە هۆشبەرەکان ببەن و بەم شێوەیە لە کێشەکان هەڵدێن و بۆیەش ئەگەر کێشەی هەژاری چارەسەر نەکرێت، رێژەی بەکارهێنەرانی مادە هۆشبەرەکان زیاد دەکات.”
کێشەیەکی دیکە کە بەهۆی هەژاریەوە بەرووکی کۆمەڵگای ئێرانی گرتووەتەوە، دەستهەڵگرتنە لە خوێندن.
رۆژنامەی ئەبرار راپۆرتێکی دیکەی لەبارەی گرانبوونی بەهای خوێندن و بە تایبەتی خوێندنی خوێندنگا تایبەتەکان بڵاوکردووەتەوە.
لە راپۆرتەکەدا بە تایبەتی لێدوان لە کەسوکاری ئەو منداڵانە وەرگیراوە کە بە کرێکاری و دەستگێڕی خەرجی خوێندنی منداڵەکانیان دابین دەکەن.
لە راپۆرتەکەدا باسی ئەوە دەکرێت کە هەرچەندە رێژەیەکی دیاری کراو نییە بەڵام بە شێوەیەکی زۆر مەترسیدار هەژارەکان منداڵەکانیان لە خوێندنگاکان دەردەهێنن و منداڵەکانیان روو لە کرێکاری دەکەن.