ئەنجامى راپرسییەک لەبارەى مافى ژنان لە ئەڵمانیا، چالاکانى مافى مرۆڤ شۆک دەکات، کاتێک دەبینن سێیەکى پیاوانى گەنج بەلایانەوە ئاساییە توندوتیژى بەرامبەر بە ژنان ئەنجام بدەن.
راپرسییەکە، لەلایەن رێکخراوی خێرخوازی منداڵانی پلانی نێودەوڵەتی ئەڵمانیاوە ئەنجامدراوە و لە رۆژنامەیەکی ئەو وڵاتەدا بڵاوکراوەتەوە، ئەنجامەکەى ناڕەزایەتی و کاردانەوەی چالاکانی یەکسانی جێندەریی بەدوای خۆیدا هێناوە.
لە راپرسییەکەدا هەزار پیاو و هەزار ژن لە ئەڵمانیا بەشدارییان کردووە، ئەوانەى بەشداربوون تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 35 ساڵیدایە، داوایان لێکراوە لەرێگەی چەند پرسیارێکەوە، بیروڕای خۆیان لەبارەى “پیاوەتی” دەرببڕن.
بەگوێرەى ئەنجامى راپرسییەکە 34%ـی پیاوانى بەشداربوو دانیان بەوەدا ناوە لە رابردوودا توندوتیژییان بەرامبەر بە هاوسەرەکانیان ئەنجامداوە، ئەمەش بۆ ئەوەی وایان لێبکەن هاوسەرەکانیان رێزیان لێبگرن.
بەگوێرەى راپرسییەکە %33ـى پیاوان پێیان ئاسایی بووە جارجار لەکاتی گفتوگۆى توند و دەمەقاڵێدا زلـەیەک لە هاوسەرەکانیان بدەن.
پرسیارێکى دیکەى راپرسییەکە لەبارەى پەیوەندى پێشوویانەوەیە؛ بەگوێرەى ئەنجامى راپرسییەکە 50%ـی پیاوان گوتویانە نایانەوێت پەیوەندییان لەگەڵ ژنێکدا هەبێت، کە پێشتر پەیوەندی لەگەڵ چەندین پیاوى دیکەدا هەبووبێت.
سەبارەت بە پرسی کارکردنی ژنان، 52%ـی پیاوان ئەوەیان لا پەسەند بووە، کە خۆیان کاربکەن و بژێوی ژیان پەیدا بکەن، لەهەمانکاتدا هاوسەرەکانیان لە ماڵەوە دابنیشن و چاودێری منداڵەکانیان بکەن.
لەمبارەیەوە دوو لەسەر سێی ژنەکان لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا نەبوون و پێیان وابووە دەبێت وەک یەک کاربکەن و لە بڕیارەکانیاندا هاوبەش بن.
بەشێکى توێژینەوەکە تایبەت کراوە بە هاوڕەگەزخوازیی، بەگوێرەى ئەنجامى راپرسییەکە 48%ـى بەشداربووان لەگەڵ ئەوەدا نەبوون پەیوەندیی هاوڕەگەزخوازیی بە ئاشکرا لەشوێنە گشتییەکاندا ببینن، چونکە پێیان وایە بەو بابەتە “بێزار دەبن.”
لەبارەى ئەنجامى راپرسییەکە رێکخراوی فیدراڵی بۆ یەکسانیی دەڵێت، بە ئەنجامەکانی راپرسییەکە توشی شۆک بووین.
هاوکات رێکخراوێکی دیکەی یەکسانی جیندەریی دەڵێت، كێشەیە، لە راپرسییەکدا سێیەکی پیاوان لەگەڵ توندوتیژی جەستەیی بەرامبەر ژنان بن.
ئەم راپرسییە لەکاتێکدایە بەگوێرەی پۆلیسی تاوانی فیدراڵیی ئەڵمانیا، لە ساڵی 2021دا زیاتر لە 115 هەزار ژن لە ئەڵمانیا بوونەتە قوربانی توندوتیژیی لەلایەن پیاوانەوە.
ئەڵمانیا یەکێکە لەو وڵاتانەی ئەوروپا، کە ساڵانە بەرزترین رێژەی خۆکوشتنی ژنانی تێدا تۆماردەکرێت، توندوتیژیش وەک بە پاڵنەرى خۆکوژى دادەنرێت، ئەم کێشەیەش لە سەردەمی کۆرۆنادا زیاتر بەدی کراوە.