بەگوێرەی توێژینەوەیەکی نوێی کۆمسیۆنی زەوی، کۆمەڵێک زانای بواری ژینگەزانیی، بۆیان دەرکەوتووە چالاکییەکانی مرۆڤ هەسارەی زەوی کردووەتە زۆنێکی مەترسیدار بۆ ژیانکردن، بەشێوەیەک لەکۆی هەشت نیشانەی سەلامەتی هەسارەکە، زەوی لە حەوتیاندا شکستی هێناوە.
توێژینەوەکە ئاماژە بەوە دەدات، سەرەڕای تێکچوونی ژینگەی هەسارەکە بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، هەسارەکەمان روبەڕوی کۆمەڵێک قەیرانی کەمیی ئاو، ماددە خۆراکییەکان، چاککردنەوەی سیستمی ژینگەیی و پیسبوونی هەوا بووەتەوە. ئەمانەش هۆکارێکن بۆ ئەوەی مەترسی لەسەر سەقامگیری ژیان دروست بکەن و دۆخی یەکسانی کۆمەڵایەتیی خراپتردەکەن.
توێژینەوەکە، لە گۆڤاری نەیچە بڵاوکرایەوە، وەک گەورەترین هەوڵ دادەنرێت، کە تاوەکو ئێستا ئەنجامدرابێت بۆ دیاریکردنی پەیوەندیی نێوان تایبەتمەندییە گرنگەکانی تەندروستی هەسارەکان لەگەڵ هۆکارەکانی خۆشگوزەرانی ژیانی مرۆڤ.
پرۆفیسۆر جۆن رۆکسترۆم، یەکێک لە نوسەرانی توێژینەوەکە لەوبارەیەوە رایگەیاند، توێژینەوەکە “هەوڵێکە بۆ هەڵسەنگاندنێکی زانستی هەمەلایەنەی تەواوی سیستمی نێوان مرۆڤ و هەسارەی زەوی کە دەبێت ئەنجامی بدەین لەبارەی ئەو مەترسییانەی روبەڕوی دەبینەوە.”
ئاماژەی بەوەشداوە، “گەیشتوینەتە ئەو خاڵەی کە من پێی دەڵێم خاڵی پڕبوون، کە کۆتا توانای بایۆفیزیکی سیستمی زەویمان بۆ ئەوەی لە دۆخی جێگیردا بمێنێتەوە، بەکارهێناوە. خەریکە دەگەینە کۆتا خاڵەکانی بەکارهێنانی توانای زەویی و رۆژبەرۆژ زیانی هەتاهەتایی لەسەر هەسارەکەدا لە ئاستی جیهانییدا دەبینین.”
توێژینەوەکە چەند زنجیرە ئاماژەیەکی “سەلامەتی و دادپەروەریی” بۆ هەسارەی زەویی دەرکردووە، کە دەتوانرێت لەگەڵ چەند نیشانەیەکی جەستەیی مرۆڤ بەراورد بکرێن.
لەبری لێکۆڵینەوە لە تەندروستیی مرۆڤ وەک لێدانی دڵ، پلەی گەرمی و پەستانی خوێن، توێژینەوەکە لە بابەتە ژینگەییەکانی وەک رێڕەوی ئاو و بەکارهێنانی فسفۆر (لەبواری کشتوکاڵدا) و گۆڕینی زەوی بۆ شوێنی نیشتەجێبوون دەکۆڵێتەوە.
بەگوێرەى توێژینەوەکە دۆخی زەویی لەسەرجەم بوارەکانی تەندروستیی هەسارەکەدا لە ئاستێکی خراپدایە. لەبارەی پلەی گەرمییەوە، پێشتر وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهان هەوڵی ئەوەیان داوە پلەی گەرمبوونی زەوی لە نێوان 1.5 بۆ 2 پلەدا بهێڵنەوە.
پلەی گەرمبونی زەوی بەو گەرمییە دەگوترێت لەدوای شۆڕشی پیشەسازییەوە لەسەروی پلەی گەرمی هەسارەی زەویی، روو لە زیادبوونە و وڵاتانی جیهان کار بۆ ئەوە دەکەن پلەکە لەوە زیاتر بەرز نەبێتەوە.
بەڵام بەگوێرەى توێژینەوەکە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی زەوی بۆ ئەوەی مرۆڤ سەلامەت بێت، دەبێت 1 پلە زیاتر نەبێت. ئەمەش پێویستی بە هەنگاوی زۆر گەورە هەیە بۆ ئەوەی پلەکە بگەیەندرێتەوە یەک پلە، لەوانەش کەمکردنەوەی سوتاندنی بەرهەمە سوتەمەنییەکان لە جیهاندا بۆ ئەوەی چیتر گازی دوانەئۆکسیدی کاربۆن نەخرێتە بەرگە هەواوە.
بەگوێرەى توێژینەوەکە دەبێت 20% بۆ 25% ی ناوچەکانی نیشتەجێبوون بریتی بێت لە پارک، باخچە و دارودرەخت بۆ ئەوەی سیستمی ژینگەیی پارێزراو و سەلامەت بێت، بەڵام دوو لەسەر سێی ئەو ناوچانەی سەرزەوی کە مرۆڤ تێیدا چالاکە، شکستیان هێناوە کوالیتی ئەم ستانداردە پەیڕەو بکەن.
یەکێکی دیکە لەو ئامانجانەی کە توێژینەوەکە باسی دەکات، پیسبوونی هەوایە کە هۆکاری سەرەکیی بەهۆی ئۆتۆمبێل و کارگەکانەوەیە. بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستی جیهانیی دەبێت لە هەر مەتر چوارگۆشەیەک تەنها 15 گەردی پیس لەنێو هەوادا هەبن کە زیانێکی زۆر بە سی و دڵ دەگەیەنن.
بەڵام ئەم رێژەیە لە هەندێک لە ناوچەکانی زەوی زۆر بەرزە، بەتایبەت ئەو ناوچانەی کە رەشپێستەکان تێیدا دەژین، ئەمەشی بە نادادییەکی کۆمەڵایەتی لە جیهاندا وەسفکردووە.
لەبارەی ئاوەوە، توێژینەوەکە دەڵێت نابێت 20%ی ئاوی روبار و جۆگەکان بەری بگیرێت، چونکە کاریگەریی لەسەر کوالیتی ئاوەکە دروستدەکات و دەبێتە هۆی لەدەستدانی ژینگەی جۆرە جیاوازەکانی گیانلەبەران. بەڵام سێیەکی روبار و جۆگەکانی زەوی بەهۆی دروستکردنی بەنداوەکانەوە رێگرییان لێکراوە.
جۆیتا گوپتا، هاوسەرۆکی کۆمسیۆنی زەوی و پرۆفیسۆری بواریی ژینگەیی لە زانکۆی ئەمستردام رایگەیاند، “دکتۆرەکەمان دەڵێت هەسارەی زەوی لەکۆمەڵێک رووەوە زۆر نەخۆشە و کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ژیانی خەڵکیی هەیە. ئێمە نابێت تەنها کار لەسەر نیشانەکانی ئەو نەخۆشییە بکەین، بەڵکو دەبێت هۆکارەکانیشی دەستنیشان بکەین.”