بەگوێرەی ئامارێکی رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی هەنگاو، لە مانگی حوزەیراندا، 168 هاوڵاتی لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی ئێرانەوە دەستگیرکراون، کە زۆرینەیان کوردن.
رێکخراوەکە ئەمڕۆ ئامارەکەى بلاوکردووەتەوە و دەڵێت، بەراورد بە ساڵی رابردوو، ژمارەى دەستگیرکردن 57% زیادی کردووە.
رێکخراوەکە دەڵێت، لە مانگی حوزەیراندا 77 هاوڵاتی کورد و 50 هاوڵاتی بەلوچ و 41 هاوڵاتی لە نەتەوەکانی دیکە دەستگیرکراون
هەنگاو باسی ئەوە دەکات کە فشاری کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەرامبەر کەمینە نەتەوەیی و مەزهەبەکانی دیکە لە مانگی حوزەیراندا بەردەوام بووە و لانیکەم پێنج کەس لەو کەسانەی کە دەستگیرکراون، مامۆستای ئایینی لە مەزهەبی سوننە و ئایینی بەهایین.
هەروەها لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە و لە کۆی دەستگیرکراوەکان، 25 کەسیان ژن، 16 کەسیان مێردمنداڵ و حەوت کەسیان خوێندکار و مامۆستای قۆتابخانەن. واتە 15%ی دەستگیرکراوەکان ژنن، کە زۆربەشیان ژنانی کوردن.
لە 16 مێردمنداڵەی کە دەستگیریشکراون، 11 کەسیان لە نەتەوەی بەلوچ و پێنج کەسیشیان لە نەتەوەی کوردن.
رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی هەنگاو ئاشکراشی کردووە لە مانگی ئایاردا، 107 کەس دەستگیرکرابوون، بەڵام ژمارەی دەستگیرکراوەکان لە مانگی حوزەیراندا 61 کەس زیادی کردووە. واتە ژمارەی دەستگیرکراوەکان بە رێژەی 57% زیادی کردووە.
دوای گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی کچە کوردی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان لە تارانی پایتەختی ئێران کە پۆلیسی ئەخلاق بە کوشتنی تاوانبار دەکرێت، لە 16ی ئەیلولی ساڵی 2022 خۆپیشاندانەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستیان پێکرد.
لە خۆپیشاندانەکاندا زیاتر لە 500 کەس کوژران و نزیکەى 20 هەزار کەس دەستگیرکران، کە زۆرینەیان تاوەکو ئێستا ئازاد نەکراون.
هەروەها نزیکەی پێنج خۆپیشاندەریش بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامانی هێزە ئەمنیەکان لەسێدارەدران. بەگوێرەى رێکخراوەکانیش مەترسی لەسێدارەدان لەسەر زیاتر لە 100 کەس هەیە، کە لە ئیستادا لە زیندانەکانی وڵاتەکەدان.