زووم، ئاژانسەکان:
راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئیسرائیل لەبارەى ئەگەری هیرشکردنەسەر پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران دەڵێت، وڵاتەکەی نزیک نییە لەوەی هێرشبکاتە سەر پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران لە ئێستادا.
لە دیدارێکدا لەگەڵ کەناڵ 13 ئیسرائیلی، تساحی هینگبی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئیسرائیل رایگەیاند، هێشتا دەرئەنجامی دانوستانەکانی هەفتەی رابردووی ئەمریکا “هاوپەیمانی ئیسرائیل” کە لەگەڵ ئێران دەستیپێکردووە، روون نییە، کە رەنگە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران سنووردار بکەن و گرژییەکان کەمبکەنەوە.
راویژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئیسرائیل دەڵێت، هەر جۆرە رێککەوتنێک لەنێوان و واشنتن و تاران بکرێت، ئیسرائیل پێوەی پابەند نابێت، چونکە وڵاتەکەمان تاران وەک هەڕەشەیەکی ئەتۆمی دەبینێت.
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئیسرائیل تاچەند نزیکە لە هێرشکردنە سەر پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران، تساحی هینگبی گوتی، ئێمە نزیک نین لەوە، چونکە ئێرانییەکان بۆ ماوەیەک وەستاون لە پیتاندنی یۆرانیۆم و ئەوان یۆرانیۆم بەو ئاستە ناپیتێنن کە ئیسرائیل وەک هێڵی سوور دەیبینێت.
لە ئەگەری ئەوەی ئێران بەردەوام بێت لە هەوڵدان بۆ بەدەستخستی چەکی ئەتۆمی راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئیسرائیل دەڵێت، ئێمە خۆمان بۆ ئەوکاتە ئامادەکردووە ئەگەر ئەوە رووبدات ئێمە ناچارین بەرگری لە گەلی وڵاتەکەمان بکەین دژی “رژێمێکی کۆنەپەرست کە بەدوای ئەوە دەگەرێت بەچەکی کۆمەڵکوژ لە ناومان بەرێت”.