(١-٢).. لە ژیانى ڕۆژانەى مرۆڤدا پتر «بونیاد»ـە وەک لەوەى تەنیا وشەیەک بێت. لە سیاسەتەوە بۆ پانتایی کۆمەڵایەتى و ئابورى و سەرەنجامیش شارستانى, ناو و دەرکەوتەى جیاجیاى هەیە. دەشێت لە سیاسەتدا پاشگەزبوونەوە بێت لە بڕیارێک, یان تاوانێک (کە نەک لەبەر ئەوەى کردووتە, بەڵکو دەشێت لەبەر ئەوە بێت توندتر نەتکردووە), لە پانتایی کۆمەڵایەتییشدا, ڕۆژانە ملیۆنان ڕێنوێنیی ئاراستەى مرۆڤەکان دەکرێت سەبارەت بەوەى کە «فڵان هەنگاو مایەى پەشیمانى نیە, فیسار بڕیار هەر دەبوو بدرێت و هتد». دەشێت لە پانتایی ئابورىیشدا, هەم بازرگان وەک مرۆڤ هەستى پەشیمانى دایگرێت, هەم «پەشیمانى» خۆیشى لە فۆرمى “زەرەر و زیان” و داکشانى ئابورى و قەیراندا دەربکەوێت. لە ئاستى شارستانییشدا, پەشیمانى داینەمۆى بەرەوپێشچوونە, ئەویش بەو مانایەى کە لە ژیانى بەکۆمەڵى مرۆڤەکاندا هەمیشە شتێک هەیە سەرلەنوێ دەستپێدەکاتەوە, دەپچڕێت و پاشان نوێدەبێتەوە, شۆڕشێک هەیە بە هەستى پەشیمانى کۆتاییدێت, سەرکەوتن و داهێنانێک هەیە کەمێک دڵساردبوونەوەى لەگەڵە و هتد. لەو ڕووەشەوە کە دەروونشیکاریی فرۆید جەختى لەسەر دەکاتەوە, شارستانییەت و کەلتورى مرۆیی, بەرهەمى هەستکردنە بە گوناهێکى بونیادى (لە ستوونى دواتردا تایبەتتر لەسەر پەشیمانى لاى فرۆید دەوەستین).
«پەشیمانى», لە ژیانى مرۆڤدا بەتوندتۆڵى بەستراوەتەوە بە ڕابردووەوە. بەو ساتەوە کە چیدى بەردەست نیە و شتێکى لەگەڵ خۆیدا بردووە کە پێمانوایە «نەدەبوو بیبات». بە دەربڕینێکى تر, پەشیمانى ترازانى ئێستایە لە ڕابردوو. هەست بە لەکیسدانى شتێک دەکەین کە کەلێن دەخاتە نێوان ئێستا و ڕابردووەوە. هەتا ژێستى جەستەیی ئینسان لە حاڵەکاتى پەشیمانىدا, گوزارشت لەم ترازانەى نێوان ئێستا و ڕابردوو دەکات: سەرداخستن و چاونوقاندن و کشوماتییەک بۆ لەدەستچوونى شتێک. جار هەیە ئەم دیمەنە گەلێک درێژدەبێتەوە و ڕابردوو بەسەر ئێستادا زاڵ دەبێت. بۆیەشە تەمێى دینەکان و دەروونناسى و بانگەشەکارانى کۆمەڵایەتى هەردەم ئەوە بووە ڕابردوو لەبیربکرێت. واتە ئەو قڵیشە زەمەنییە ساڕێژبکرێت کە کەوتووەتە نێوان ئێستا و ڕابردووەوە- بۆ ئەمەش مرۆڤ هاندراوە گۆشەکە بگۆڕێتە سەر ئێستا و داهاتوو. چاو لە داهاتوو بێت, نەک دەستخەڕۆى ڕابردوو. بەڵام هێشتاش داهاتوو, ئەگەرى پەشیمانى پووچەڵناکاتەوە. ئەم خەسڵەتە نەفیکارەى پەشیمانى, کە ترازان درووستدەکات, بزوێنەرى ژیانى مرۆڤیشە. ئەو دەمانەى مرۆ بەدڵنیایشەوە خەریکى کارێکە, دوور نیە هاوکات وەڵامى پەشیمانییەکى تر بێت لە زەمەنێکى تردا. ئێمە لەنێوان پەشیمانى و سووربووندا, هاتوچۆ دەکەین. پێدەچێت تەنیا لە تیۆلۆژیا (یەزدانناسى)دا مرۆ ناچار بە پەشیمانییەکى هەمەگیر بکرێت, چونکە خودا بەسەر کۆى کاتەکاندا درێژبووەتەوە و هیچ کەلێنێکى مرۆیی نەکەوتووەتە نێوان ڕابردوو و ئێستا و داهاتووەوە لەودا. ئەوەش با لەولاوە بوەستێ کە هەر بەپێى تێبینییە تیۆلۆژییەکان, یەکێتییەک لە کردارى خواوەنددا هەیە پەشیمانى هەڵناگرێت, و ئەوە تەنیا بەندەیە لاسایی ئەم یەکێتییە کردارییە دەکاتەوە و شکستى تیا دێنێت. لە هەندێ باوەڕى شەعبییشدا, دەگوترێت خودا کارێک ناکات پەشیمان بێتەوە. بەهەرحاڵ…
هەروا بێتەوە کورد لە ئەزموونى لەمێژینەى خۆیەوە گوتوویەتى, «کردەپەشیمان بیت نەک نەکردەپەشیمان», واتە شتێک بکەیت و پەشیمان بیتەوە باشترە لەوەى نەیکەیت و پەشیمان بیتەوە. لێرەدا حەسرەت بۆ هەلێک هەیە کە لەدەستچووە. گریمانەى ژێرەوانکیی پەندەکە لەویادایە کە پەشیمانى, شتێکى حەتمییە. مادام حەتمییە, باشترە دەرفەتەکان بەهەند وەربگیرێن تا ترس لە ئاکامەکانى ئەو دەرفەتە. پەشیمانى وەک پێشمەرجى زیمنیی هەموو ئەو دەرفەتانە وەرگیراوە کە دەشێت ڕووبدات. بەم پێیە, ژیانى کەس نیە خاڵى بێت لە پەشیمانى. ئەوەى گۆڕانى بەسەردا دێت لە کەسێکەوە بۆ کەسێکى تر, یان لە ژیانێکەوە بۆ ژیانێکى تر, بڕى پەشیمانییەکەیە. واتە گوژمى ئەو هەستى گوناهەیە کە کەسەکە دەرهەق بە خۆى دەیچێژێت و بڕێک ئاقیبەتیشى لێ دەکەوێتەوە کە لاى هەرکەس کێشێکى حەیاتیی جیاوازى هەیە. وێڕاى ئەم ڕاستییەش, مرۆڤەکان واىدادەنێن کەمتر بەر پەشیمانى دەکەون و کەمتریش بیرى لێ دەکەنەوە. ئەم دوور ئەرکەش بەو شتە دەسپێرن کە ناوى “فەنتازیا”يە. فەنتازیا, سەنتێزێکى ئاگایانە و نائاگایانەیە ڕووەو واقیع بۆ ئەوەى بتوانین بژین و ئارەزووى شتان بکەین. فەنتازیا, فشارى پەشیمانى کەمدەکاتەوە. گەر فەنتازیا نەبێت, پەرەسەندن و بەردەوامبوونیش نابێت (لەم ڕووەوە فەنتازیا, هاوتایەکى کەمتازۆر شیاوە بۆ چەمکى “خۆگونجاندن” لە پەرەسەندندا). قەناعەتگەلى ئەخلاقیی دێرینى لەم جۆرەش کە دەڵێت «لە هیچ پەشیمان نیم, شتانى چاک خۆشحاڵیانکردم و شتانى خراپیش فێریانکردم», نمونەیەکى ترە بۆ ڕۆڵى فەنتازیا لاى مرۆڤ. ئەویش بەو واتایەى کە ناچارین قەرەبووى خراپییەکان بە باشییەکان بکەینەوە. گەر ئەم تێهەڵکێشە ڕوونەدات, کۆمەڵگاش بەردەوام نابێت.
لەڕاستییدا هەمیسان دەتوانین بچینە پێشەوە و بڵێین پەشیمانى دۆخێکى سەقامگیرى نیە. درووستتر بێژین, دۆخێکى سەقامگیرمان نیە کە پەشیمانیی تیا نەبێت و هەست بە “پلەى سفرى پەشیمانى” بکەین. پەشیمانى, خۆى ناوى ئەو ناهاوسەنگییەیە کە ژیانى لەسەر ڕۆنراوە, ئەوەى مرۆڤ دەتوانێت بیکات مامەڵەیەکى هێورترە بە ناهاوسەنگییەکەوە. سۆرین کیرکەگارد لە بەندێکى ناو پەرتووکى «یان ئەمە یان ئەوە»دا دەڵێت: «زەواج بکەیت پەشیمانیت, زەواج نەکەیت هەر پەشیمانیت؛ زەواج بکەى و نەکەى هەر پەشیمان دەبیتەوە. چ زەواج بکەى و چ زەواجیش نەکەى, لە هەردوو بارەکەدا پەشیمان دەبیەوە. بە گەوجییەکانى دونیا پێبکەیت پەشیمان دەبیتەوە, بە دەستیشیانەوە بگرێیت هەر پەشیمان دەبیتەوە؛ بەڕووى گەوجێتییەکانى دونیادا بخەنیتەوە یان بگرێى, هەرچۆنێک بێت هەر پەشیمان دەبیەوە. چ بە گەوجییەکانى دونیا پێبکەینت و چ بشگرێیت لە هەردوو حاڵەتەکەدا پەشیمانیت دەبیتەوە». کیرکەگارد لەسەر ئەم بەزمە بەردەوام دەبێت و دەگات بەوەى کە «خۆت هەڵواسیت پەشیمان دەبیتەوە, خۆیشت هەڵنەواسیت هەر پەشیمان دەبیتەوە, خۆت هەڵواسیت و هەڵنەواسیت هەمدیس لە هەردووکیاندا هەر پەشیمان دەبیتەوە. بەڕێزان ئەوەى گوتم, چکاوەى هەموو حیکمەتى ژیانە». لەم پارچەیەدا, ئەوەى سەرنجم ڕادەکێشێت ئەو ترازانەیە کە دەکەوێتە نێوان پەشیمانبوونەوە لە کردنى شتەکە و نەکردنیشى. واتە کردن و نەکردنى شتەکە, هیچیان ئەوە مسۆگەرناکەن پەشیمان نەبینەوە. نوختەى ترازانەکە, نوختەیەکى هەستیار و گرنگە. بە کۆمەک لە چەمکەکانى ژاک لاکان دەتوانین ناوى بنێین “ئۆبێکتى بچوکى a”. واتە ئەو ئۆبێکت (بابەت)ـەى کە هەرچەند بەدوایدا بگەڕێین پێىناگەین, خاڵێکە قەت بەتەواوى بەدەستنایەت, ئەو لەپشتەوە جێماوە نەک پێشەوە. لەقووڵاییشدا, شوێنەوارى لەدەستچوونى دایکە و ئێمە زیاتر بەدواى سێبەرەکەیدا عەوداڵین (دایک وەک یادگاریی ڕۆژانێک کە مناڵ لە سەقانگیرىدا بوو). بەڵام ڕەهەندێکى زەینیی تر لە پرسەکەدا هەیە کە ڕەخنەشە لە “پەشیمانیی پەتى”, شتێکى هاوشێوەى “ئارەزووى پەتى” کە ڕوونادات: واتە مرۆ هەرچەند بشیەوێت, ناتوانێت پەشیمانییەکى تەواوەتى و پەتى ئەزموونبکات. بۆیە کەم نین ئەو چرکەساتانەى ژیانى مرۆڤ کە دەتوانێت بڵێت «لە پەشیمانى, پەشیمانم». واتە پێویستناکات, پەشیمانى بگۆڕمە سەر دۆخێکى پەتى, داخراو, ناکۆتا. پەشیمانى, دەتوانێت تۆوى چالاکیی گەورەتر لەخۆیدا گۆشبکات. بۆیە بەکورتییەکەى لە هەردوو بارەکەدا, هیچ پەشیمانییەک لە کۆى کێشەى پەشیمانى ڕزگارمانناکات و ئارەزووى مرۆڤ بەردەوامە. لێرەشەوە دەکرێت مرۆ جاروبار بە نەغمەیەکى بوونگەرایانەوە بڵێت «لەو شتانە پەشیمان نیم کردوومن, چونکە بە ڕێژەیەکى زۆر زادەى ئازادى و ئاگایی خۆم بوون».
ئێمەى کورد لە کەلتورى خۆماندا, کەمتر ئەم نەغمە بوونگەراییەمان هەیە, چونکە پەشیمانى بارێکى لەوە قورستر بە کۆڵى مرۆڤەکەدا دەدات کە خۆى هەستى پێ دەکات. ئازادى, ئاگایی, بڕیاردان, هەڵبژاردن لەو چەمکانەى بوونگەرایین کە دەتوانن ستراتیژێک دژى “پەشیمانى” داڕێژن, بەتەواوى ئەو پەشیمانییە ئیفلیجکەرەى کە لە کۆتا سنورى خۆیدا بە ماسۆشیزم و خۆئازاردانێکى بەردەوام کۆتاییدێت. لە ئەدەبیات و هونەردا پەشیمانى لە ئەزموونێکى ڕۆمانسى هەیە, لە هەستى دینییشدا پەشیمانى لە فڵان نافەرمانیی خودا. بەڵام لە گۆشەیەکى ترەوە, گۆشەى ڕیترۆئەکتیڤ (کردەى پاشەوپاش), دەتوانین ئەو ماتەوزە ڕادیکاڵەى ناو پەشیمانى تێبگەین کە دەتوانێت دەست وەربداتە ڕابردووش: ڕابردوو هەمیشە مایەى دەستکارییە و گەر وەک زەمەن بەسەرچووبێت, ئەوا دەشێت وەک «ئارایشى سەرگوزەشتەى سوبێکت» بەسەرنەچووبێت: مرۆڤ زۆرجار ئێستا شتێک دەکات و سەیردەکات چەند هاوکێشەیەکى ناو ڕابردوو لەقیوە یاخۆ گۆڕانى بەسەردا هاتووە. بڕێک پەشیمانى وەک سنورى ئاکار پێویستە, بەڵام پەشیماننەبوونەوە لاى ئێمە پتر بە لاى سەرسەختى و نکۆڵى دا دەڕوات: پەشیمانى دەتوانێت لە کۆمەڵێک دالى تر نزیکبکرێتەوە وەک: نوێبوونەوە, خۆڕاپسکاندن لەژێر بارى بیرنەچوونەوە, لەدایکبوونەوە و هتد.
ئەمڕۆ بەهۆى ئەو تێکەڵییەى ژیانى کوردەوارییەوە کە لەنێوان مۆدێرنە و بەها پێشمۆدێرنەکانیدا درووستبووە, پەشیمانى ڕەهەندێکى ئایدۆلۆژییشى لەخۆگرتووە: هێزە دینییەکان دەیانەوێت خۆراکى خۆیان لە کەلتورە چەقبەستووەکەوە وەربگرن و ئەو بکەرە مۆدێرنانە تووشى پەشیمانى و هەستى گوناه بکەن کە ژیانى مۆدێرنانەى خۆیان ئەزمووندەکەن. بۆ نمونە, چەندین نمونەمان بینى کە چۆن ئەکتەرێک ڕووبەڕووى ئەو دۆخە دەکرێتەوە بڵێت «پەشیمانم, لەوەى شووم نەکردووە و هتد». هێزە دینییەکان, ئەمە لەو پێناوەدا بەکاردەهێنن “هاوسەرگیری” لە چاپە دینییەکەیدا, پیرۆزبکەن و نەفرەتێکى تێکەڵ بە پەشیمانى بەسەر ئەو کەسانەدا دابارێنن کە ژیانى تایبەتیی خۆیان دەگوزەرێنن. دەشێت وەڵامى مۆدێرنانەى ئەم کەسانە هەر ئەو نەغمە بوونگەرییە بێت کە: «لە شێوەژیانى خۆم پەشیمان نیم, چونکە لەکۆتاییدا هەڵبژاردنى خۆمە». یان پشتئەستوور بەو کۆپلەیەى کیرکەگارد بگوترێت: «بەو جۆرەى ئێوەش ژیابام, دەشیا هەر پەشیمان بم».
هەر دیسان لە ژیانى خەڵکى کوردەوە, “پەشیمانییەکى سیاسى” لە پەرەسەندندایە کە ئاوات بە سەردەمى سەدام دەخوازن. ئاشکرایە خەڵک لە تاو نادادى و بەربادى و خەمساردیی دەسەڵاتە خۆماڵییەکەدا, ئەم خۆزگەیە دەخوازن. بەڵام ڕامانێکى بچوک ئەو هەڵوەستەیە درووستدەکات ئاخۆ ئەم خۆزگەیە, خۆزگەیەکى حەرفى و دەقاودەقە؟ خەڵک هەر بەڕاست فەرمانڕانیی سەدامیان دەوێت؟ دیارە نەخێر, هەتا گەر خۆیشیان ئاگایانە جەختى لەسەر بکەنەوە. خەڵک لە “شتێک(دەسەڵاتى کوردى)” پەشیمانە, بەر لەوەى فیتاوفیت داواى شتێکى تر (دەسەڵاتى بەعس) بکات: گبە مانایەکى تر, دەیانەوێت لەم “تەنگژە”یەى ئێستا ڕزگارببن, ئامانجەکە دەمى ئێستایە, هەتا گەر بێتو بانگهێشتى ساتێکى مێژوویی بکەنەوە کە دەزانن کتومت وەکخۆى درووست نابێتەوە. ئەم پەشیمانییە سیاسییە, زۆر دوور نیە لەو پەشیمانییە کەلتورییەوە کە زەمەنەکە پێچەوانەدەکاتەوە و دەڵێت: ئێستا پارتى و یەکێتى لە ئیسلامییەکان باشترن و کەمێک دەرفەتى ئازادى دەدەن. دیارە ئەم گریمانەیەش, هەروەکو خۆزگەى خەڵک, شتێکى حەرفى و دەقاودەق نیە و تەنیا دەیەوێت لە تەنگژەیەک ڕزگارببێت. ئێمەى مرۆڤ بەردەوام خەریکى چاوشارکێین لەگەڵ پەشیمانى دا.