ڤالێری زالۆجنی، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئۆکراین داوا لە وڵاتانى رۆژئاوا دەکات چەکی زیاتر بە سوپاکەی بدات، چونکە ئەگەر توانای دەسخستنی چەکی زیاتری نەبێت پلانەکەی تێکدەچێت بۆ هەنگاونان بۆ هێرشی پێچەوانە.
زالۆجنی بە رۆژنامەی واشنتن پۆستی گوتووە، ئاسوودە نیە لە خاوی پرۆسەی چەکدارکردنی سوپای ئۆکراین، کە لەلایەن وڵاتانى رۆژئاوا بەڵێنیان پێدراوە.
ئەو دەڵێت، بێزار دەبم هەندێک لایەنی رۆژئاوا گوماندەکەن لە سستی پرۆسەی هێرشی پێچەوانە دژ بە هێزەکانی روسیا لە باشوری وڵات.
زالۆجنی دەڵێت، هێشتا چاوەرێی فڕۆکەی ئێف 16 دەکەین، پێویستمان بە 120 فڕۆکە نیە تا هەڕەشە لە هەموو جیهان بکەین، تەنها پێویستمان بە ژمارەیەکی سنورداری ئەو فڕۆکانەیە.
زالۆجنی دەڵێت، هیچ رێگایەکی دیکەمان لەبەردەست نیە، دوژمنەکەمان فڕۆکەیەکی پێشکەوتووتر بەکاردەهێنێت لەو فڕۆکانەی ئێمە لە ئۆکراین هەمانە، تەنانەت هەندێک دەڵێن، تۆپهاوێژەکانی روسیا زۆر لەوانەی ئێمە پێشکەوتووترن.
زالۆجنی راشیگەیاند، پەیوەندی بەردەواممان لەگەڵ هێزەکانی رۆژئاوا هەیە بەتایبەتی جەنەراڵ مارک میڵی، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکا، بەڵام ئەم جەنەراڵە ناتوانێت بەتەنها بڕیاربدات.
زالۆجنی دەڵێت، چاوەڕوانی بڕیارین، بەڵام تاوەکو بڕیار دەدرێت هاوڵاتیەکی زۆرمان گیانلەدەست دەدەن بەهۆی ئەوەی بڕیار نەدراوە، ئەمە شانۆگەریەک نیە جیهان تەماشای بکات و گرەوی لەسەر بکات، ئەو دەڵێت، هەموو مەترێک لە خاکى داگیرکراومان بە خوێن وەردەگیرێتەوە.
وەک وەڵامێک بۆ زالۆجنی، سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی ئەمریکا هەر دوێنێ بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند “هەموو هاوکارییەکیان پێشکەش دەکەین”.
جەنەراڵە ئەمریکیەکە گوتی، بابەتی پێدانی فرۆکەی ئێف 16 و مووشەک بە ئۆکراین لەسەر مێزی پێشنیارکراوە، بەڵام هیچ بڕیارێک نەدراوە.
جەنەراڵە ئەمریکیەکە دەڵێت هێرشە پێچەوانەکەی ئۆکراین زۆر سستە و پێشبینی ئەوەمان نەئەکرد بەڵام ئەمە جەنگە وکەس سوپرایز نابێت، بەڵام سوپای ئۆکراین هەنگاوی باشی ناوە و رۆژانە 500 بۆ 2000م هەنگاو دەنێت.