رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی ئاشکرایکرد، ویلیام بێرنز، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی ئەمریکی (سی ئای ئەی) بە نهێنی سەردانی ئۆکراینی کردووە و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتەش پلانێکیان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ بۆ ئاشکراکردووە.
بەپێی راپۆرتەکەی واشنتن پۆست، سەردانە نهێنییەکەی بێرنز لە مانگی رابردوودا و چەند رۆژێک پێش یاخیبوونەکەی گروپی ڤاگنەر بووە، بەڕێوەبەری سی ئای ئەی لەگەڵ ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین و گەورە بەرپرسانی هەواڵگریی ئەو وڵاتە کۆبووەتەوە، ئەوەش بەپێی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ رۆژنامەکە کە نەیانویستووە ناویان بهێنرێت.
بەپێی پلانەکە کە رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، ئۆکراین دەیەوێت لە دژە هێرشەکەیدا ناوچەی زیاتر کۆنتڕۆڵبکاتەوە بۆئەوەی فشار بخەنەسەر روسیا تاوەکو لە کۆتایی ئەمساڵدا دەست بە دانوستانی راستەوخۆ بکەن.
بەرپرسانی ئۆکراین پلانی کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچەکانی وڵاتیان بۆ بێرنز ئاشکراکردووە و واشنتن پۆستیش هەوڵی داوە لێدوانی سی ئای ئەی لەبارەى وردەکاریی پلانەکە وەربگرێت، بەڵام دەزگاکە رەتیکردووەتەوە.
رۆژنامەکە دەشڵێت، سەردانە هەواڵگرییە نهێنییەکەی بێرنز بۆ جەختکردنەوە لە بەردەوامی هاوکاری و پاڵپشتی ئیدارەی بایدن و ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگریی بووە بۆ ئۆکراین بۆ بەرگریکردن لە خاکەکەی، هاوشێوەی ئەو سەردانەی کە لە سەرەتای جەنگەکەدا ئەنجامی دا.
هەرچەندە بەشێک لە بەرپرسانی ئۆکراین لە میدیاکانەوە باسیان لە خاوی دژە هێرشی سوپاکەیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی سوپای روسیا کردووە، بەڵام واشنتن پۆست لە زاری سێ سەرچاوەی ئاگادارەوە ئاشکرایکردووە کە “پلاندانەرانی سەربازی ئۆکراینی گەشبینی خۆیان بۆ بەڕێوەبەری سی ئای ئەی ئاشکراکردووە کە تاوەکو وەرزی پایز ناوچەیەکی بەرفراوان کۆنتڕۆڵبکەنەوە و دواتر دەست دەکەن بە جوڵاندنی سیستەمی تۆپخانە و مووشەکی بۆ سنووری دورگەی کریمیا کە لە ساڵی 2014ـەوە لە ژێر دەستی ڕووسیادایە.”
ئەوەش، بەپێی راپۆرتەکە، فشار دەخاتەسەر مۆسکۆ تاوەکو دەست بە دانوستان بکاتەوە و گەورە بەرپرسێکی هەواڵگریی ئۆکراینیش بە واشنتۆن پۆستی گوتووە کە “روسیا تاوەکو هەست بە هەڕەشە نەکات، دانوستان ناکات”.