زووم:
سووتاندنی کۆپییەکی قورئان لەلایەن پەنابەرێکی عێراقییەوە لە سوید، دەیان رووداوی هاوشێوە بیردەهێنێتەوە کە لەسەرەتای سەدەی بیستویەکەوە روویانداوە.
2005
لێکۆڵەرە ئەمریکییەکانی گرتووخانەی گوانتانامۆ دانیان بەوەدا نا چەند کۆپییەکی قورئانیان شێواندووە، بە پێ چوونەتە سەری و بە زمانی ئینگلیزیی وشەی “نەشیاو”ـیان لەسەر نووسیوە.
دوابەدوای ئەم رووداوە لە بەریتانیا و چەند وڵاتێکی ئیسلامی خۆپیشاندان دەستیپێکرد.
سوپای ئەمریکا پاش ئاشکرابوونی رووداوەکە، هەزاران کۆپی قورئانی بەسەر زیندانییەکاندا دابەشکرد، چەند رێنماییەکی تازەیشی دەرکرد: تەنها پیاوانی ئاینیی موسڵمان، وەرگێر و زیندانییەکان بۆیان هەیە دەست لە قورئان بدەن.
2011
پۆلیسی بەریتانیا کاندیدی پارتێکی راستڕەوی توندڕەوی دەستگیرکرد کە کۆپییەکی قورئانی لە باخچەی ماڵەکەیدا سووتاندبوو.
2011
سەربازێکی خانەنشینی بەریتانی 70 رۆژ بەندکرا پاشئەوەی لە ناوەڕاستی شاری کارلایل کۆپییەکی قورئانی سووتاند، دواتریش دانی بەوەدا نا کە قورئانەکەی لە کتێبخانەیەکی شارەکە دزیوە.
2011
تێری جۆنز کە قەشەیەکی ناوداری ئەمریکییە کۆپییەکی قورئانی لە نێو کەنیسەیەکی بچووکی فلۆریدا سووتاند، ئەو دەیگوت قورئان بەرپرسیارێتیی ئەنجامدانی چەندین تاوانی لە ئەستۆیە.
ئەوکات سەرۆکی ئەمریکا بە توندی سەرکۆنەی رووداوەکەی کرد، کە کاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنابوو، بۆ نموونە لە ئەفغانستان هێرشکرایە سەر بارەگایەکی نەتەوەیەکگرتووەکان و چەندین کوژراوی لێکەوتەوە.
2012
تێری جۆنز دووبارە کۆپییەکی دیکەی قورئانی سووتاند وەکو دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر دەستگیرکردنی کەسایەتییەکی کریستیان لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە.
قەشە ئەمریکییەکە ئەمجارەیان راستەوخۆ لە چەناڵی یوتوبەوە سووتاندنی قورئانی پەخشکرد.
2014
پۆلیسی بەریتانیا گەنجێکی دەستگیرکرد، بەهۆی ئەوەی کۆپییەکی قورئانی بە زمانی ئینگلیزیی بردبووە نێو تەوالێتەوە و سووتاندبووی.
2015
هاوڵاتییەکی تەمەن 42 ساڵی دانیمارکی لە باخچەی پشتەوەی ماڵەکەیدا کۆپییەکی قورئانی سووتاند و دواتر بە ڤیدیۆ بڵاویکردەوە.
2015
کۆمەڵێک خۆپیشاندەر لە گەڕەکێکی میللی لە باشووری فەرەنسا هەڵیانکوتایە سەر مزگەوتێک، چەند کۆپییەکی قورئانیان سووتاند و دروشمی دژی عەرەبیان لەسەر دیوارەکان نووسی.
ئەم رووداوە لەو کاتەدا بوو، کە پۆلیسێکی فەرەنسی و کارمەندێکی ئاگرکوژێنەوە لەلایەن چەند دەمامکدارێکەوە هێرشیان کرابووە سەر و بریندار کرابوون.
2019
پۆلیسی ئەڵمانیا نزیکەی 50 قورئانیان لە مزگەوتێکی شاری برێمەندا دۆزییەوە، ئەوکات ئەنجومەنی موسڵمانانی وڵاتەکە بە توندی سەرکۆنەی رووداوەکەیان کرد.
2019
لایەنگرانی جوڵانەوەی “بە ئیسلامکردنی نەرویج رابگرن” لە خۆپیشاندانێکدا دوو قورئانیان فڕێدایە نێو زبڵدانەوە، دواتر لارس تۆرسنی سەرۆکی رێکخراوەکە بە ئاشکرا کۆپییەکی دیکەی سووتاند.
2020
لە مالمۆی سوید، سێ ئەندامی پارتی پالۆدانی دانیمارکی کە پارتێکی راستڕەوی توندڕەوە، کۆپییەکی قورئانیان سووتاند، ئەمە پێکهەڵپژانی پۆلیس و خۆپیشاندەرانی لێکەوتەوە.
دوای رووداوەکە، دەسەڵاتدارانی سوید بۆ ماوەی دوو ساڵ رێگەیان نەدا راسمۆس پالۆدانی سەرکردەی پارتەکە بێ بنێتە خاکی وڵاتەکەیانەوە.
2020
جارێکی دیکە جوڵانەوەی “بە ئیسلامکردنی نەرویج رابگرن” لە خۆپیشاندانێکدا لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج چەند کۆپییەکی قورئانیان دڕاند و تفیان لێکرد.
2022
راسمۆس پالۆدان پاش کۆتاییهاتنی سزاکەی هاتەوە سوید و لە شارێکی باشووری وڵاتەکە و لەژێر چاودێریی پۆلیسدا کۆپییەکی قورئانی سووتاند، دواتریش لە روبەڕوبونەوەی نێوان پۆلیس و خۆپیشاندەراندا 26 پۆلیس و 14 خۆپیشاندەر بریندار بوون، جگە لە تێکشکاندنی 20 ئۆتۆمبێلی پۆلیس.
2022
جارێکی دیکە پالۆدان کۆپییەکی دیکەی قورئانی لە سوید سووتاند، ئەمجارەیان لە بەردەم مزگەوتێکدا کارەکەی ئەنجامدا.
2022
ئەمجارەیان لارس تۆرسنی سەرکردەی جوڵانەوەی “بە ئیسلامکردنی نەرویج رابگرن” بە دەستەکانی خۆی کۆپییەکی قورئانی سووتاند، بۆ ئەنجامدانی ئەم کارەیش گەڕەکێکی ئۆسلۆی هەڵبژاردبوو کە زۆرینەی موسڵمان بوون.
2023
بەرلەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا سەلوان مۆمیکا کۆپییەکی قورئان لە سوید بسووتێنێت، دوایین رووداوی هاوشێوە لە 21ی 1ی ئەمساڵدا بوو، ئەوکاتەی راسمۆس پالۆدان بۆ جاری سێیەم کۆپییەکی دیکەی قورئانی لەبەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە ستۆکهۆڵم سووتاند، پالۆدان بۆ ئەنجامدانی کارەکەی مۆڵەتی وەرگرتبوو، پۆلیس دەیپاراست.