زووم:
ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، چوار کەسیان دەستگیرکردووە کە تۆمەتبارن بە سووتاندنی پووش و پاوانی چەند ناوچەیەکی سلێمانی و دەوروبەری “یەکێک لە تۆمەتبارەکانیشیان رەوانەی نەخۆشخانەی دەروونی کردووە”.
لەم چەند رۆژەی رابردوودا سێ رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە ناوچەکانی وێڵەیەر، بەکرەجۆ و دێکۆن تۆمارکران، بەوهۆیەوە پووش و پاوانی چەندین دۆنم زەوی سووتاون و زیان بە سروشتی ناوچەکە گەیشتووە.
رووداوی یەکەم لە ناوچەی وێڵەیەر بووە، دوو کەس بۆ کاتبەسەربردن چوونەتە سەر شاخەکە، لەکاتی گەڕانەوەیاندا بە ئەنقەست ئاگریان بەرداوەتە شوێنەکە و پووش و پاوانێکی زۆر سووتاوە. ئاسایش دەڵێت هەردوو تۆمەتبارەکە دەستگیرکراون.
ئاگرکەوتنەوەی دووەم لە عەزیزاوا بووە و کشتوکاڵی ناوچەکە زیانی بەرکەوتووە، ئاسایش دەڵێت ئەو تۆمەتبارەی ئاگرەکەی کردووەتەوە باری دەروونی تەواو نەبووە، بۆیە ناردوویانەتە نەخۆشخانەی دەروونی.
لە گوندی دێکۆنی ناحیەی بەکرەجۆش، هاوڵاتییەک لەوکاتەدا کە سەرقاڵی پاککردنەوەی باخەکەی دەبێت ئاگر دەکاتەوە، بەڵام دواتر پێی کۆنتڕۆڵ ناکرێت و ئاگرەکە تەشەنە دەسێنێت. ئەمە زیانێکی زۆریش لە بەرهەمی جوتیارانی ناوچەکە دەدات، بۆیە ئاسایش تۆمەتبارەکە دەستگیردەکات.