زووم:
سەرکردەیەکی چەکداری بووە، بەشداری خۆپیشاندانەکانی بەغدادی کردووە، وەکو لێکۆڵەر و رەخنەگر دەرکەوتووە، ئێستاش پاش سوتاندنی کۆپییەکی قورئان داوای روخاندنی مزگەوت ئەقسا دەکات. سەلوان مۆمیکا، ئەو گەنجە عێراقییە کێیە کە لە سوید کۆپییەکی قورئانی سوتاند؟
یەکەم رۆژی جەژنی قوربان، 28ى حوزەیرانى 2023، پەنابەرێکی عێراقی بەناوى سەلوان مۆمیکا لەبەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆکهۆڵم لە سوێد و لەژێر پاراستنی توندی پۆلیسی ئەو وڵاتە، کۆپییەکی قورئانی سوتاند و خستییە ژێر پێیەوە.
ئەو کارەی سەلوان شەپۆلێکی توندی ناڕەزایەتی عێراقی و ئیسلامی و جیهانی بەدوای خۆیدا هێنا، هەرزوو وەزارەتی دەرەوەی عێراق نامەی ناڕەزایەتی پێشکەشی باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا کرد و داوا گەڕاندنەوەی ئەو کەسەی کرد تاوەکو بەپێی یاسا بەرکارەکانی عێراق سزا بدرێت.
ناوەڕاستی مانگی شوباتی ئەمساڵ، سەلوان داواکارییەکی پێشکەشی پۆلیسی سوید کرد تاوەکو ڕێگەی پێ بدەن لە بەردەم کونسوڵخانەی عێراق کۆپییەکی قورئان بسوتێنێت، بەڵام پۆلیس داواکەی رەتکردەوە، سەلوان بابەتەکە بردە دادگای ئەو وڵاتە و دادگاش لە بەرژەوەندیی سەلوان بڕیاری دا و کۆتایی ئەم مانگە مۆڵەتی وەرگرت.
بە گوێرەی بەدواداچوونەکانی زووم، سەلوانی تەمەنی 37 ساڵ کۆچبەرێکی عێراقی خەڵکی ناحیەی قەرەقوشە لە دەشتی نەینەوا، لەدوای هاتنی داعش و لەژێر چەتری هێزەکانی حەشدی شەعبیدا، حزبی “یەکێتی سریانی دیموکراتی” دامەزراند و خۆیشی فەرماندەی باڵی سەربازی حزبەکە بوو بەناوی “صقور السریان – هەڵۆکانی سریان” و شەڕی دژی داعشیان دەکرد.
سەلوان سەباح مەتتا مۆمیکا کێشەی لەگەڵ رەییان کلدانی، ئەمینداری گشتی کەتیبەی بابلیون هەبووە کە هێزێکی مەسیحی سەر بە حەشدی شەعبین، ساڵی 2017 سەلوان دەستگیردەکرێت و بۆ ماوەی دوو هەفتە بێسەروشوێن دەبێت، بەڵام دواتر ئازاد دەکرێ و روو لە سوید دەکات وەک پەنابەر، ئێستا لەگەڵ پارتێکی سویدی کاردەکات.
سەلوان بە شێوەیەکی کارا بەشداری خۆپیشاندانەکانی تشرینی بەغدای کردووە وەک نوێنەری سریانییەکانی دەشتی نەینەوا، بەڵام لەدوای وەرگرتنی مافی پەنابەری لە سوید، سەلوان لە بەشی “دەربارە”ی یوتوبەکەی نوسیویەتی، “عێراق نیشتمانی من نییە و نیشتمانی منیش نابێت تەنها لەبەرئەوەی بە رێکەوت لەوی لەدایکبووم، بەڵکو سوید و کۆمەڵگەکەی نیشتمانی منە.”
لە نوێترین ڤیدیۆیدا، سەلوان داوا لە ئیسرائیل دەکات مزگەوتی ئەقسا بڕوخێنێت و بیکات بە باڕ و دیسکۆ، چونکە ئەو پێیوایە تاوەکو ئەو مزگەوتە بمێنێت “کوشتنی ئاتایست و یەهودی و مەسیحییەکانیش دەمێنێت”.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، هەرزوو وەزارەتی دەرەوەی عێراق باڵیۆزی سوێدی لە بەغدا بانگکرد و نامەیەکی “تووندی” ناڕەزایەتی پێدا بەهۆی مۆڵەتدانی دەسەڵاتدارانی شاری ستۆکهۆڵم بە سووتاندنی قورئان لەلایەن ئەو پەنابەرە عێراقییەوە.
ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند کە هاوتا سویدییەکەی “نیگەرانیی قووڵی” خۆی لە رووداوەکەی دەربڕیوە و جەختیکردەوە کە حکومەتی سوید رایگەیاندووە کە “هەموو کارێکی دژ بە ئیسلام رەتدەکاتەوە”.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژە بەوەشدا کە پۆلیس سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە لەبارەی پێشێلکارییەکانی سەلوان بەپێی یاسای تاوانەکانی رق و کینەی سوید و جەختیکردەوە کە بەردەوام دەبن لە گرنگی وەڵامدانەوەی سوید بۆ داواکاری حکومەتی عێراق لەبارەی رادەستکردنی بکەری ئەو “کارە قێزەونە” بۆ ئەوەی بەپێی یاسای عێراق سزای خۆی وەربگرێت.