دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) ئاشکرایکرد، تۆڕە نهێنییە چالاکەکانی لە ناوخۆی ئێراندا توانیویانە پلاندانەری سەرەکی پلانی هێرشکردنەسەر ئیسرائیلییەکان لە قوبروس دەستگیربکەن.
دەزگاکە لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، تۆمەتبارەکە ناوی یوسف شەهباز عەباسلیۆیە و ئاشکرایکرد، “یوسف وردەکاری تەواو و چەکی لە گەورە بەرپرسانی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە وەرگرتووە بۆ ئەنجامدانی هێرشەکەی.”
مۆساد دەشڵێت، “ئۆپراسیۆنەکەمان لە ناوخۆی ئێران ئەنجام دا” و دەزگایەکی ناو سوپای پاسدارانی ئێران بە پلاندانان بۆ هێرشەکە تۆمەتبار دەکات.
یەکشەممەی رابردوو، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی کە “هێرشێکی پلانبۆدانراو تیرۆرستی ئێرانیمان لە دژی ئامانجە ئیسرائیلییەکان لە قوبروس پوچەڵکردووەتەوە،” بەبێ ئەوەی زانیاری زیاتر بدات.
بەرپرسانی قوبروس ڕەتیانکردەوە لێدوان لەسەر ئەو بابەتە بدەن، بەڵام میدیا ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتە بە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە باسیان لە پوچەڵکردنەوەی هێرشێکی پلانبۆدانراو کرد دژی ئامانجێکی ئیسرائیلی کە کەسانێک سەرقاڵی جێبەجێکردنی بوون کە دانیشتووی “کۆماری باکوری قوبروسی تورکین” کە تەنها ئەنقەرە دانی پێدا ناوە.
کەناڵی “کان”ی سەر بە دەزگای بڵاوکردنەوەی گشتی ئیسرائیلی رایگەیاند کە تۆڕەکە پەیوەندییان بە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە هەیە و ویستوویانە هێرش بکەنە سەر خەڵکانی مەدەنی ئیسرائیلی لە قوبروس کە بۆ گەشتوگوزار لەوێ بوون.
کەناڵەکە گوتیشی، بەرپرسانی قوبروسی بە هاوکاری دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل و ئەمریکا هێرشەکەیان پووچەڵکردووەتەوە.
ڕۆژنامەی یەدیوت ئەهرۆنۆتی ئیسرائیلی لە زاری سەرچاوە قوبرسییەکانەوە بڵاویکردبووەوە کە دەزگا هەواڵگرییەکان لە چەند مانگی ڕابردوودا بەدواداچوونیان بۆ جموجۆڵەکانی ئەو تۆڕە کردووە پێش ئەوەی ئەندامەکانی دەستگیر بکەن، بەبێ ئەوەی ژمارە یان ئەو ئامانجانە دیاری بکات کە پلانیان هەبووە هێرشی بکەنەسەر.
ئەو سەرچاوانە باسیان لەوەش کردووە، دەزگا هەواڵگرییەکان لە نزیکەوە چاودێری تۆمەتباری سەرەکییان کردووە، ئەمەش یارمەتیدەر بووە بۆ ڕێگریکردن لە هێرشەکە، ئاماژەیان بەوەشکردووە کە تۆمەتباری سەرەکی توانیویەتی خۆی دەرباز بکات بەڵام ئەو کەرەستانەی کە بڕیاربوو بۆ ئەنجامدانی هێرشەکە بەکاریبهێنێت دەستیان بەسەرداگیراوە.
لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2021دا دەسەڵاتدارانی قوبرس هاوڵاتییەکی ئازەربایجانییان دەستگیرکرد کە پاسپۆرتێکی ڕووسی هەبووە و بە وتەی خۆیان بریکاری سوپای پاسدارانی ئێران و پلانی هەبووە هێرش بکاتە سەر ئامانجە ئیسرائیلییەکان، لەوانەش تیرۆرکردنی بازرگانانی ئیسرائیلی.
بەڵام لەو کاتەدا باڵیۆزخانەی ئێران لە قوبرس ئەو تۆمەتانەی لە دژی وڵاتەکەی بە پلاندانان بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیلییەکان لە قوبرس ڕەتکردەوە.