زووم، ئاژانسەکان
موشەکى روسی رۆحى ئۆکراینییەکان دەکێشێت، لەماوەى کەمتر لە 24 کاتژمێردا 13 هاوڵاتى مەدەنى گیانیان لەدەستداوە و دەیانى دیکە بریندارن. یەکێک لە هێرشەکان لەو کاتەدا بوو، کە هاوڵاتییەکان لەسەر سفرەى نانخواردن بوون لەنێو رێستۆرانتێک لە شارى کراماتۆرسک.
ئەم شارە سەر بە هەرێمى دۆنێتسکى رۆژهەڵاتى ئۆکراینە، لەژێر کۆنترۆڵى هێزەکانى ئۆکرایندایە، بەڵام بەهۆى نزیکى لە ناوچە داگیرکراوەکانى وڵاتەکە کەوتە بەر هێرشێکى کوشندە.
ئێوارەى سێشەممە، موشەکێک بەر رێستۆرانت کەوت، لەوکاتەى سەدان کەسی تێدا بوو، بەگوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى ناوخۆى ئۆکراین، 10 کەس گیانیان لەدەستدا، کە لەنێویاندا سێ منداڵ هەن.
بەگوێرەى وەزارەتى ناوخۆ زیاتر لە 60 کەسى دیکە بریندارن، تاوەکو ئێستاش تیمەکان بەدواى بەدواى قوربانیاندا دەگەڕێن.
ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکى، سەرۆکى ئۆکراین ئیدانەى هێرشەکەى کرد و گوتى، “کردەوە تیرۆرییەکانى روسیا بۆ جیهانى دەسەلمێنێت، کە شایەنى شکستپێهێنان و دادگاییکردنێتى”.
ئەو بەبۆنەى رۆژى دەستورى ئۆکراین گوتارێکى پێشکەشکرد و گوتى، “ئەم وڵاتە بنیات دەنێینەوە”.
لەلایەکى دیکەوە ئەمڕۆ روسیا تۆپبارانى گوندێکى سنورى خارکێڤى کرد، پارێزگارى شارەکە رایگەیاند، بەهۆى تۆپبارانەکەوە سێ هاوڵاتى گیانیان لەدەستدا، کە تەمەنیان 45 ساڵ، 48 ساڵ و 57 ساڵ بووە و لەنزیک ماڵەکانیان بەرکەوتوون.