زووم:
کارتی مووچەی خانەنشینان کە بە کارتی زیرەک ناسراوە، چارەنووسی بەنادیاری لە نێوان وەزارەتی دارایی و نوسینگەی جێگری سەرۆکوەزیراندا ماوەتەوە، ناکۆکى و بۆچوونى جیاواز دروستبووە و بەوهۆیەوە پرۆژەکە لەلایەن وەزیرى داراییەوە راگیراوە.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی زووم، پرۆژەی کارتی زیرەک لەلایەن کۆمپانیایەکەوە ئامادەکراوە، بەڵام نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیران و وەزارەتی داراییش هەماهەنگیان هەبووە و ویستویانە جێبەجێی بکەن.
بیرۆکەی پرۆژەکە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، کە کارئاسانی بۆ خانەنشینان بکرێت و لە رێگەی کارتی زیرەکەوە و بە کاتێکی کەمتر مووچەى خانەنشینان دابەشبکرێت.
هەرچەندە وەزارەتی دارایی و نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیران هاوڕان لەسەر گرنگی پرۆژەکە، بەڵام بۆچوونی جیاوازیان لەسەری هەیە و بەو هۆیەشەوە وەزیری دارایی پرۆژەکەی راگرتووە.
ئەم پرۆژەیە لەکاتێکدا کەوتە بوارى جێبەجێکردنەوە کە ئاڵۆزی لە پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتیدا گەیشتبووە رادەیەک قوباد تاڵەبانی و تیمی یەکێتی بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانیان کردبوو.
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەى کە زووم لە سەرچاوەی جیاوازی وەزارەتی دارایییەوە دەستی کەوتوون، راگرتنی پرۆژەکە لەلایەن خودی وەزیری داراییەوە بووە و زیاد لە هۆکارێکیش بۆ راگرتنی پرۆژەکە دەخرێتەڕوو.
لەهەنگاوی سەرەتادا، داوا لەو کۆمپانیایە کراوە کە 100 کارتى زیرەک دروستبکەن وەکو تێست و تاقى بکرێتەوە، لەسەر بنەماى ئەو تاقیکردنەوەیە وەزارەت بڕیار لەبارەى جێبەجێکردنى پرۆژەکە دەدات.
زووم زانیاریی دەستکەوتووە کە کۆمپانیاکە ویستویەتی زیاتر لە 80 هەزار کارتی زیرەک بۆ خانەنشینان دروستبکات و تائێستاش زیاتر لە 20 هەزاری دروستکردووە، زۆربوونی کارتەکان گومانى لاى وەزیری دارایی دروستکردووە و پێیوایە دروستکردنی هەزاران کارت بۆ ئەوەیە پرۆژەکە “بەبێ تەندەر” بکرێت بە ئەمری واقع و بدرێت بە کۆمپانیایەکى دیاریکراو.
هەروەها وەزیری دارایی باسى ئەوەشى کردووە کە هیچ لەبارەی ئەو کۆمپانیایەوە نازانن کە کارتەکانى دروستکردووە، جگەلەوە پرۆسەکە تەندەری دەوێت، چونکە بودجەى پرۆژەکە زۆرە و ناتوانن بەبێ منافەسە بیدەن بە هیچ کۆمپانیایەک.
وەزارەتی دارایی دەڵێت، ئەوان بیرۆکەکەیان قبوڵ بووە و سەرەتا ویستویانە لە رێگەی 100 کارتەوە پرۆسەکە تاقیبکەنەوە نەوەکو 20 هەزار کارت.
هەر لەسەر ئەم بابەتە وەزارەتی دارایی هانای بۆ تیمی ئایتی ئەنجومەنی وەزیران بردووە، ئایتی ئەنجومەنی وەزیران بە وەزارەتی داریی گوتووە، کارتی زیرەکی خانەنشینان لەگەڵ پرۆژەی هەژماری من یەکناگرێتەوە کە لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە راگەیەنرا.
پرۆژەکەی مەسرور بارزانی پرۆژەکەی قوباد تاڵەبانی قوت دەدات.
سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆکوەزیران هەریەکە و پرۆژەیەکی خۆیان هەیە، قوباد تاڵەبانی “کارتی زیرەکی خانەنشینان” و مەسرور بارزانی “هەژماری من”.
ئەوەی قوباد تاڵەبانی تەنها بۆ خانەشینانە و ئەوەی مەسرور بارزانی بۆ هەموو فەرمانبەرانە.
تیمی ئایتی ئەنجومەنی وەزیران ئەو پەیامەیان بە وەزارەتی دارایی داوە کە کارتی زیرەکی خانەنشینان لەگەڵ پرۆژەی هەژماری من ناگونجێت، لەبەرئەوە بە ئەگەرى زۆرەوە رەتدەکرێتەوە، زووم گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە نیەتێک هەیە بۆئەوەی ئەولەویەت بدرێتە پرۆژەی هەژماری من و جێبەجێ بکرێت، چونکە لە وەزارەتی دارایی و تیمی ئایتی بۆچونێک هەیە کە پێیانوایە پرۆژەی هەژماری من فراوانترە و بۆ هەموو فەرمانبەرانە، بۆیە لانابرێت بۆ پرۆژەیەکی بچوکتر لە خۆی.
هەرچەندە دەگوترێت هەردوو پرۆژەی کارتی زیرەک و هاژماری من بۆ کارئاسانی و خزمەتی فەرمانبەرانە، بەڵام لەکۆتاییدا خەرجی پرۆژەکە لە خانەشینان و فەرمانبەران وەردەگیرێت، بەگوێرەی زانیارییەکانی زووم لەبەرامبەر دروستکردنی هەر کارتێک، زیاتر لە پێنج هەزار دینار لە خانەنشینان و فەرمانبەران وەردەگیرێت.