زووم، CNN
کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی تۆمارێکی دەنگیی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمریکای بڵاوکردەوە، کە باس لە بەڵگەنامەیەکی هەستیاری تایبەت بە ئێران دەکات، ئەمەش لەکاتێکدایە کە بەهۆی بردنەدەرەوەی بەڵگەنامەکانەوە لە کۆشکی سپی، ترەمپ روبەڕڕوی چەندین تۆمەت کراوەتەوە.
نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر، دۆناڵد ترەمپ، دوای ئەوەی لەبارەی تۆمەتەکانەوە لەبەردەم دادگادا ئامادەبوو، نکوڵی لەوەکرد کە بەڵگەنامەکانی ئاشکرا کردبێت.
تۆمارە دەنگییەکە کە لە یانەیەکی گۆڵفی ترەمپدا لە دەرەوەی کۆشکی سپی و لە ویلایەتی نیوجێرسی تۆمارکراوە، لەلایەن لێکۆڵەری تایبەت بە دۆسیەکەی ترەمپ بەناوی جاک سمیس. ئەمەش پێچەوانەى بانگەشەکانی ترەمپە، کە رەتیدەکردەوە بەڵگەنامەکانی بردبێتە دەرەوەی کۆشکی سپی.
لە تۆمارە دەنگییەکەدا ترەمپ باس لە بەڵگەنامەیەکى چەند لاپەڕەیی دەکات لەبارەی هێرشی چاوەڕوانکراو بۆسەر ئێران.
ترەمپ دەڵێت، “سەیرکە، وەک سەرۆک من دەمتوانی ئەوە ئاشکرا بکەم بەڵام لە ئێستادا ناتوانم. ئەمە شتێکی سەرنجڕاکێش نییە؟ شتێکی زۆر جوانە.”
لە ئێستادا ترەمپ روبەڕوی 37 سکاڵا بووەتەوە، کە تایبەتن بەوەی بەڵگەنامە نهێنییەکانی تایبەت بە سەرۆکایەتی وڵاتەکەی بردووەتە دەرەوەی کۆشکی سپی لەکاتێکدا دەبوو لەوێدا بهێڵرێنەوە.
لە چاوپێکەوتنیدا پێشتر ترەمپ رەتیکردەوە ئاگاداری ئەوە بووبێت بەڵگەنامەیەکی تایبەت بە ئێران لە ماڵەکەیدا بێت و لەگەڵ ئەو چەندان بەڵگەنامەیەدا بێت، کە ئێف بی ئای ئەمریکا لەماڵەکەیدا دۆزییەوە. ئاماژەی بەوەشکرد کە هەرشتێک ئەو لەگەڵ خۆیدا بردبێتی، بەڵگەنامەی ئاشکرا بوون و نهێنی نەبوون.
لە دادگایەکی باڵای مەیامی لە ویلایەتی فلۆریدا، ترەمپ رەتیکردەوە وەک تاوانبار بناسێندرێت و خۆی بە بێتاوان وەسفکرد.
لە تۆمارە دەنگییەکەدا، کە نزیکەی دوو خولەکە، ترەمپ باس لە بەڵگەنامەیەک دەکات کە وەک میدیاکانى ئەمریکا دەڵێن، زۆر تایبەتییە، ترەمپ دەڵێت زانیاریی زۆر نهێنیی تێدایە. دواتریش بەوکەسانەی کە لەگەڵیدا دانیشتوون دەڵیت، “ئێوە رەنگە باوەڕتان بەمن نەکردبێت، بەڵام ئێستا دەیکەن، ئەوەش شتێکی باوەڕپێنەکراوە.”
ئاشکرابوونی ئەم گوتانەی ترەمپ لەکاتێکدایە لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزى ئەمریکى بەم دواییانە رایگەیاند، راستی گفتوگۆیەک لەبارەی بەڵگەنامەیەک ئەوەیە کە باسی لە هەواڵی چەند رۆژنامە، گۆڤار و بابەتێکی هەواڵی کردووە.