زووم:
بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی عێراق بە کەمتر لە مانگێک کاریگەرییەکانی خۆی دەرخست و ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستانی بەرەو هەڵوەشاندنەوە برد، دادگای فیدراڵی لە کۆتایی مانگی رابردوودا بڕیاریدا درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان نادەستوورییە، هەرێمی کوردستانیش بەبێ ئەوەی هیچ هەڵوێستێکی فەرمی رابگەیەنێت، وادەردەکەوێت پابەند بەو بڕیارەوە.
بێ دەنگی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان رێگەی خۆشکردووە بۆ ئەوەی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان خۆیان بەشێوەیەکی سەربەخۆیانە و بێ گەڕانەوە بۆ سەرۆکایەتی، پابەندبوونیان بە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵییەوە رابگەیەنن.
پارتی دیموکراتی کوردستان وەکو گەورەترین فراکسیۆنی ناو پەرلەمانی کوردستان “بە فیعلی” پابەندبوونی خۆی بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵییەوە نیشاندا، ئەمڕۆ فراکسیۆنەکە کۆتاییهاتنی کارەکانی خۆی راگەیاند و بڕیاریشە لە هەفتەی داهاتووەوە رێکارەکانی خانەنشینکردنی پەرلەمانتاران دەستپێبکات.
زانا مەلا خالید، سەرۆکى فراکسیۆنى پارتی، کە لەنێو دەستەی سەرۆکایەتیدا پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمانیان هەیە، دانی بەوەدا نا کە دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمانى کوردستان بوونی نەماوە، ئەو گوتی هەر لەبەرئەوەیە کە نوسراویان ئاراستەى دیوانى پەرلەمان کردووە بۆ ئەوەى کۆتایی بە کارەکانیان بهێنن.
کشانەوەی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، لەکاتێکدایە بەڕێوەبەرى راگەیاندنى پەرلەمانى کوردستان بە زوومى گوت، لە هەفتەى داهاتووەوە رێکارەکانى خانەنشینکردنى پەرلەمانتارانى کوردستان دەستپێدەکات. ئەمەش بە دەستپێکی هەڵوەشاندنەوەی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان دادەنرێت. وەکوچۆن پاش کشانەوەی پارتی، بەشێک لە پێکهاتەکانیش نوسراوى کۆتاییهاتنى کارەکانیان بۆ دیوانى پەرلەمانى کوردستان ناردووە.
ئەگەر کشانەوەی پارتی پاش بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بێت، ئەوا کشانەوەی فراکسیۆنەکانى کۆمەڵ و یەکگرتوو و چەند پەرلەمانتارێکى سەربەخۆ دەگەڕێتەوە بۆ پێش ئەو وادەیە، بەوپێیەی ئەوان هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ ئەوەدا نەبوون تەمەنی پەرلەمانی کوردستان درێژبکرێتەوە، تەنانەت فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە 6ى 11ی ساڵی رابردووەوە، واتە لە کاتی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانەوە بەشدارى لە هیچ کۆبوونەوەیەکدا نەکردووە.
بۆ پڕکردنەوەی شوێنی ئەو پەرلەمانتارانەش کە کشانەوەی خۆیان راگەیاندووە، ژمارەیەک پەرلەمانتارى بزوتنەوەی ئیسلامی و بزووتنەوەی گۆڕان سوێندی یاساییان خواردووە، بەڵام بەگوێرەى بڕیارەکەى رۆژى 30ى ئایارى دادگاى فیدراڵى هەموو یاسا و بڕیارێکى سەردەمى درێژکراوەى تەمەنى پەرلەمان بە هەڵوەشاوە دادەنرێت. واتە ئەوانەى بەمدواییە بوون بە پەرلەمانتار هەڵدەوەشێتەوە.
ئەو فراکسیۆنانەى تاوەکو ئێستا بە فەرمى هەڵوێستى خۆیان رانەگەیاندووە، تەنها فراکسیۆنى یەکێتى و گۆڕانن، بۆیە بەبێ ئەوەى سەرۆکایەتى پەرلەمان هەڵوێست و رونکردەنەوە هەبێت، کۆتایی بە کارەکانى ئەم خولەى پەرلەمان هات.