زووم:
ئەم جەژنە دوایین جەژنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دەبێت، لە هەفتەی داهاتووەوە بە یەکجاریی کارەکانی ئەم خولە درێژکراوەیەی پەرلەمان کۆتایی دێت، ئەمەش مانای پابەندبوونی تەواوەتی هەرێمی کوردستان نیشاندەدات بە بڕیارەکەی مانگێک لەمەوبەری دادگای فیدراڵییەوە، کە بڕیاری دابوو درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان نادەستوورییە.
زووم لە سەرچاوەیەکی تایبەتی نێو دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستانەوە ئاشکرایدەکات، رۆژی 2ی تەمموز واتە یەکشەممەی داهاتوو بڕیاری خانەنشینکردنی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانتاران دەردەکرێت و ئیدی کارەکانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانیش کۆتاییان دێت.
هەر ئەمڕۆ پارتی دیموکراتی کوردستان یەکەم لایەن بوو کە بە فیعلی پابەندبوونی خۆی بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیی نیشاندا، کاتێک پەرلەمانیان چۆڵکرد و فراکسیۆنەکەیان لە رێگەی نووسراوێکەوە بۆ دیوانی پەرلەمان کۆتاییهاتنی کارەکانی خۆیان راگەیاند.
پاش بڕیاری کشانەوەی پارتی، کە گەورەترین فراکسیۆنی نێو پەرلەمانی کوردستانن و پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمانیان هەیە، مونا قەهوەچی و بەشێک لە فراکسیۆنەکانی پێکهاتەکان بەهەمانشێوە کۆتاییهاتنی کارەکانیان راگەیاند.
هەموو ئەمانە لەکاتێکدان، کە بەڕێوەبەرى راگەیاندنى پەرلەمانى کوردستان بە زوومى گوتبوو، لە هەفتەى داهاتووەوە رێکارەکانى خانەنشینکردنى پەرلەمانتارانى کوردستان دەستپێدەکات. ئەمەش بە دەستپێکی هەڵوەشاندنەوەی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان دادەنرێت.
ئەگەر کشانەوەی پارتی پاش بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بێت، ئەوا کشانەوەی فراکسیۆنەکانى کۆمەڵ و یەکگرتوو و چەند پەرلەمانتارێکى سەربەخۆ دەگەڕێتەوە بۆ پێش ئەو وادەیە، بەوپێیەی ئەوان هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ ئەوەدا نەبوون تەمەنی پەرلەمانی کوردستان درێژبکرێتەوە، تەنانەت فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە 6ى 11ی ساڵی رابردووەوە، واتە لە کاتی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانەوە بەشدارى لە هیچ کۆبوونەوەیەکدا نەکردووە.
بۆ پڕکردنەوەی شوێنی ئەو پەرلەمانتارانەش کە کشانەوەی خۆیان راگەیاندووە، ژمارەیەک پەرلەمانتارى بزوتنەوەی ئیسلامی و بزووتنەوەی گۆڕان سوێندی یاساییان خواردووە، بەڵام بەگوێرەى بڕیارەکەى رۆژى 30ى ئایارى دادگاى فیدراڵى هەموو یاسا و بڕیارێکى سەردەمى درێژکراوەى تەمەنى پەرلەمان بە هەڵوەشاوە دادەنرێت. واتە ئەوانەى بەمدواییە بوون بە پەرلەمانتار هەڵدەوەشێتەوە.