زووم – ئاژانسەکان
رۆژنامەی بیلدی ئەڵمانی کە یەکێکە بە پڕفرۆشترین رۆژنامەکانی ئەوروپا پلانی داناوە بۆ هەندێک لە کارەکانی نوسین و داڕشتن پشت بە تەکنەلۆجیای زیرەکی دەستکرد ببەستێت، ئەوەش بەپێی ئیمەیلێک کە دەزگاکە کارمەندانی خۆی لێ ئاگادارکردووەتەوە.
لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی جیاواز و بەپەلە بۆ کەمکردنەوەی زیاتر لە 100 ملیۆن یۆرۆ خەرجی، دەزگاکە بڕیاریداوە کاروبارەکانی خۆی ڕێکبخاتەوە لەڕیگەی راگرتنی نزیکەی یەک لەسەر سێی بڵاوکراوە هەرێمییەکانی و هەموویان دەگۆڕێن بۆ دیجیتاڵی، پێشبینی دەکرێت میدیا جیهانییەکانی تریش چاوی لێ بکەن.
کۆمپانیای ئەکسێل شپرینگەری خاوەنی رۆژنامەکە کە گەورەترین بڵاوکەرەوەی میدیاییە لە ئەوروپا، لە ئیمەیڵێکدا بۆ کارمەندەکانی ڕایگەیاندووە، “بەداخەوە رۆژنامەکە ڕێچکەیەکی جیاواز لە کاری هەندێک لە کارمەندان دەگرێتەبەر لە جیهانی دیجیتاڵیدا و لەمەودوا لەڕێگەی زیرەکی دەستکرد یان پرۆسەی ئۆتۆماتیکی کارەکانیان ئەنجام دەدرێن”.
ئاماژەی بەوەکردووە، “ڕۆڵی سەرنوسەر، دەستکاریکاری وێنە، کارمەندانی پێداچوونەوەی زمانەوانی و کارمەندانی چاپەمەنی وەک ئێستا بەردەوام نابێت”، کۆمپانیاکە پێشبینی دەکات سەدان کارمەند لە کارەکانیان دووربخاتەوە کە لە ئێستادا زیاتر لە هەزار کارمەندی هەیە.
هەرچەندە شپرینگەری خاوەنی رۆژنامەی بیلد ژمارەی ئەو کارمەندانەی ئاشکرانەکردووە کە لادەبرێن، بەڵام بەپێی رۆژنامەی فرانکفۆرت پێدەچێت 200 کارمەندی دەزگاکە دەربکرێن.
ئەم هەنگاوە دوای سێ مانگ لە هۆشداری ماتیاس دوفنەر، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیاکە دێت کە رایگەیاندبوو کەمکردنەوەیەکی گەورە لە ژمارەی کارمەندانی دەزگاکە روودەدات چونکە دەیانەوێت بەرەو زیرەکی دەستکرد و دیجیتاڵی بڕۆن.
شپرینگەر پێشبینیکردبوو کە لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا زیرەکی دەستکرد زۆر باشتر لە رۆژنامەنووسانی “کۆکەرەوەی زانیاری” کاردەکات، بەڵام جەختیکردەوە تەنها رۆژنامەنوسانی کنەوپشکنین لەسەر کارەکانیان دەمێننەوە و دەربازیان دەبێت.
کۆمپانیاکە لە ئیمەیلەکەدا دەشڵێت، “بەداخین کە ناچارین واز لە هەندێک هاوکاری خۆمان بهێنن و کارەکانیان بە زیرەکی دەستکرد بسپێرین، هەروەها ناتوانین هیچ شوێنێکیان بۆ بدۆزینەوە لە سیستەمە نوێیەکەدا، لە ماوەیەکی نزیکدا زیرەکی دەستکرد دیزاینی تەواوی رۆژنامە کاغەزییەکان دەکات.”
کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی ئەڵمانیا (DJV) ڕەخنەی لە پلانەکانی شپرینگەر گرت و هۆشداریدا لەوەی کەمکردنەوەی هەلی کار لە رۆژنامەی بیڵد وەک “سەربڕینی ئەو مریشکانە وایە کە هێلکەی زێڕین دەکەن.”
رۆژنامەی بیلد یەکەم بڵاوکەرەوەی هەواڵ نییە کە دەستی بە بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد کردووە، هەر ئەمساڵ رۆژنامەی بەزفید ڕایگەیاند کە ئامانجیەتی زیرەکی دەستکرد بەکاربهێنێت بۆ “باشترکردنی” ناوەڕۆک، هەروەها رۆژنامەکانی دەیلی میرەر و دەیلی ئیکسپرێس ئاشکرایان کردووە بەدوای باشترین ریگای بەکارهێنانی ژیرە دەستکرددا دەگەڕێن بۆ هەمان مەبەست.