ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز دەڵێت، رۆژی یەکشەممە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە سکرتێری گشتیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ناتۆی راگەیاندووە، بۆ ئەوەی سوید گڵۆپی سەوزی بە ئەندامبوونی ناتۆی بۆ هەڵبکرێت، دەبێت کۆتایی بە خۆپیشاندانی چالاکانی “پەکەکە” بهێنێت لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی وڵاتەکەیدا.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکى سەرۆکایەتی تورکیا، ئەردۆغان بە ستۆڵتنبێرگی سەرۆکی ناتۆی راگەیاندووە کە وڵاتەکەی هەڵوێستێکی بنیادنەری هەیە، بەڵام ئەو گۆڕانکارییانەی کە سوید لەسەر داواکاری ئەنکەرە لە یاسای تیرۆردا کردوونی “بێمانان،” بەوپێیەی هێشتا پەکەکە لە وڵاتەکەدا چالاکییەکانی بەردەوامە.
لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوانیان، لە لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەردۆغان جەختی لەو نادادپەروەرییە کردووەتەوە کە لەبارەی پێدانی فرۆکەی F-35 روبەڕوی کراوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو هەوڵانەی دابینکردنی فڕۆکەی F-16 بە پرسی سویدەوە دەبەستنەوە، زیان بە ناتۆ و ئاسایشەکەی دەگەیەنن نەک تورکیا.
لەبەرامبەردا، ستۆڵتێنبێرگ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی باشیان لەگەڵ ئەردۆغاندا هەبووە، بەرلەوەی لوتکەی ناتۆ بەڕێوەبچێت کە تێیدا بڕیاری گرنگ لەبارەی تیرۆر، رێگریی و بەرگرییەوە دەدرێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “بەردەوام دەبین لە هەماهەنگیکردن لەبارەی پرسی بەئەندامبوونی سوید لە ناتۆ.”
لە کۆتایی مانگی ئازاری ئەمساڵ تورکیا رەزامەندیی نیشاندا لەبارەی بەئەندامبوونی فینلەندا لە ناتۆ. بەڵام داواکەی سویدی رەتکردەوە، بیانووەکەشی ئەوەبوو کە ستۆکهۆڵم پاڵپشتی لە “گروپە میلیشیاییە” کوردەکان، بەتایبەت پەکەکە، دەکات، کە ئەنکەرە بە گروپێکی “تیرۆریستی” ناوی دەبات.
تورکیا لەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە و لە ساڵی 1952 توانی ببێتە ئەندامی ناتۆ، لەوکاتەشەوە ناتۆ بووە بە بەردی بناغەی ئاسایش و بەرگریی وڵاتەکە.