59
ژمارەیەک رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ، بەبۆنەی رۆژی جیهانی پشتیوانی لە قوربانیانی ئەشکەنجە رایانگەیاند، لە ساڵی 2023دا لانیکەم شەش کەس لەکاتی دەستبەسەرکردندا بەشێوەیەکی گۆماناوی گیانیان لەدەستداوە و بە هەزاران کەسیش ئەشکەنجە دراون و بەم شێوەیە تورکیا بووەتە “ئەشکەنجەخانەیەک”.
کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤی تورکیا، روانگەى مافەکانی مرۆڤی تورکیا، یەکێتی پزیشکانی تورکیا و بەرەی مافەکانی مرۆڤی تورکیا، کە چوار رێکخراوی دیاری تورکیان و لەبارەی مافەکانی مرۆڤ لەو وڵاتە کار دەکەن، بەبۆنەی رۆژی جیهانی پشتیوانی لە قوربانیانی ئەشکەنجە ئامارێکیان لەبارەی دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا بڵاوکردەوە کە ئاماری ساڵەکانی 2022 و 2023ی توندوتیژی و ئەشکەنجە و مردن لە زیندانەکاندا لەخۆ دەگرێت.
چوار رێکخراوەکە هەندێک ئاماریان لە رێگەی چەند خاڵێکەوە بڵاوکردەوە کە بەم شێوەیەیە:
- لە ساڵی 2022دا کەسێک و لە ساڵی 2023دا لانیکەم شەش کەس لە کاتی دەستگیرکردندا لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی تورکیا، بە شێوەیەکی گۆماناوی گیانیان لەدەستداوە.
- لە ساڵی 2023دا، 270 کەس لە روانگەى مافەکانی مرۆڤ، سکاڵایان لەدژی هێزە ئەمنیەکانی تورکیا تۆمارکردووە، کە روبەڕوی ئەشکەنجە بوونەتەوە.
- لە ساڵی 2022دا، هەزار و 201 کەس سەردانی روانگەى مافەکانی مرۆڤی تورکیایان کردووە و رایانگەیاندووە، کە خۆیان یان کەسێکی نزیکیان روبەڕوی ئەشکەنجەی هێزە ئەمنیەکانی تورکیا بوونەتەوە.
- بەگوێرەی ئاماری روانگەى مافەکانی مرۆڤی تورکیا لە ساڵی 2022دا هەزار و 347 کەس لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە ئەشکەنجە دراون و مامەڵەی خراپیان لەگەڵدا کراوە.
- لەو ژمارەیە 50.7% کەسیان لە بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەکانی پۆلیس، 5.7% لە بنکەکانی پۆلیس، 6.4% لە بنکەکانی جەندرمە و ئەوانەی دیکەش لە کۆڵان و شەقامەکان ئەشکەنجە دراون و مامەڵەی خراپیان لەگەڵدا کراوە.
- لە ساڵی 2022دا پێنج هەزار و 434 کەس و لە ساڵی 2023دا هەزار و 557 کەس کە بەشێکیان منداڵ بوون، لە خۆپیشاندان و چالاکیە مەدەنییەکاندا روبەڕوی توندوتیژی هێزە ئەمنیەکانی تورکیا بوونەتەوە.
- لە ساڵی 2022دا 198 کەس رفێندراون و داوایان کاری سیخوڕیان بەسەردا سەپێندراوە.
- بەگوێرەی ئاماری کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤی تورکیا، لە ساڵی 2022 و 2023دا، 83 کەس لە زیندانەکاندا، بە نەخۆشی، خۆکوشتن و بەهۆی توندوتیژیەوە گیانیان لەدەستداوە.
- بەگوێرەی ئامارێکی یەکێتی پزیشکانی تورکیاش، لە ماوەی شەش مانگی ئەمساڵدا، 54 زیندانی نەخۆش، بە کەلەپچەکراوی براون بۆ نەخۆشخانەکان و مامەڵەی خراپیان لەگەڵدا کراوە.