زووم، ئاژانسەکان
ئەمڕۆ پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ خولى دووەمى پەرلەمانى یۆنان بەڕێوەدەچێت، کیریاکۆس میتسۆتاکیسی سەرۆکوەزیران، کە سەرۆکی پارتی دیموکراسی نوێی یۆنانە چاوی لەوەیە دووبارە هەڵبژێردرێتەوە، ئەنجامى راپرسییەکانیش لە بەرژەوەندى ئەودان، بەرەی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکە بە “ئەگەرێکی زۆرەوە لە هەڵبژاردنەکەی ئەمڕۆ یەکشەممەدا شکستدەهێنێت”.
پێنج هەفتە لەمەوبەر لە هەڵبژاردنی خولی یەکەمدا زیاتر لە شەش ملیۆن لەکۆی 10 ملیۆن دەنگدەر سەرکەوتنێکی گەورەیان بۆ کیریاکۆس تۆمارکرد، بەشێوەیەک کە 40%ی دەنگەکانی بە دەستهێنا، ئەمەش دوو هێندەی رکابەرە سەرەکییەکەی بوو کە پارتی چەپی پارتی چەپی سیریزایە.
سەرەڕای ئاڵۆزی سیستمی هەڵبژاردنی وڵاتەکە، پێدەچێت هەڵبژاردنەکە هەمان ئەنجامی رابردووی هەبێت، بەوپێیەی بەهۆی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی خولی یەکەم تا نزیکەی 50 کورسی لەکۆی 500 کورسی پەرلەمانی بە دیاری پێدراوە. لە ئێستاشدا رکابەرایەتییەکە لەسەر ژمارەی ئەو کورسیانەیە، کە ماون و کێ زۆرترین دەنگ بەدەستبهێنێت کۆنترۆڵی پەرلەمانی وڵاتەکە دەگرێتەدەست و دواتر هەر لەوێشەوە سەرۆکوەزیران هەڵدەبژێردرێت.
هەڵبژاردنەکانی یۆنان لەکاتێکدایە کە هەفتەی رابردوو زیاتر لە 80 کۆچبەر لە کەناراوەکانی یۆناندا بەهۆی نقومبوونی بەلەمەکەیانەوە گیانیان لەدەستدا. روداوەکە یۆنانی روبەڕوی رەخنەیەکی زۆر کردەوە، بەوپێیەی پاسەوانی سنوری وڵاتەکە لەژێر دەسەڵاتی کیریاکۆسدا چەندین جار رەخنەی لێگیراوە بەوەی بەدەم کۆچبەرانەوە ناچن.
بەڵام نە کارەساتی کۆچبەران و نە روداوی شەمەندەفەرەکەی مانگی شوبات کە 57 کەس تێیدا گیانیان لەدەستدا خۆپیشاندانی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێنا، نەیانتوانی پێش بە سەرکەوتنەکەی کیریاکۆس بگرن.
سەرەڕای زۆری ئەو رەخنانەی لەوبارەیەوە ئاراستەی دەکرێن، کیریاکۆس پێیوایە دەبێت هاوڵاتییانی وڵاتەکەی لە روانگەیەکی نیشتیمانییانە بیر بکەنەوە. باوکی کە لە ساڵی نەوەدەکاندا سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەبوو بەشێوەیەکی باش حوکمی وڵاتەکەی کردووە و وڵاتەکەی لەژێر قەرزێکی زۆردا دەرکردووە و بووەتەهۆی گەشەسەندنی ئابورییەکی بەهێز لە وڵاتەکەدا.
بەهەمانشێوە، دوای ئەوەی لەساڵی 2019دا کیریاکۆس بوو بە سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە. لەسەردەمی حوکمڕانی ئەودا، ئابوریی وڵاتەکە بەرێژەی 6% زیادیکردووە و ئابوری وڵاتەکە دۆخێکی سەقامگیری بەخۆیەوە بینیوە.
لە کەمپەینی هەڵبژاردنەکانیشدا، سەرۆکوەزیران بانگەشەی ئەوەی دەکرد گەشەی ئابوری وڵاتەکەی بەهەمانشێوەی ئێستای بەردەوام دەبێت. رەنگە هەر ئەمەش بووبێت کە لە هەڵبژاردنەکاندا خەڵکی وڵاتەکە کاردانەوەیەکی ئەرێنییان بۆ پارتەکەی هەبوو کە لە چاوەڕاوانی لایەنە رکابەرەکەیدا نەبوو.
لە ئێستادا، سەرۆکوەزیران چاوی لەوەیە لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکاندا دەنگی زۆرینە بەدەستبهێنێت و کورسییە دیارییەکانی پێ بدرێت و بە خواستی خۆی کابینەکەی بۆ چوارساڵی دیکە هەڵبژێرێت.