زووم:
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان رایگەیاند، لە ماوەی مانگەکانى نیسان و ئایار 13 هاوڵاتى رۆژهەڵاتى کوردستان لەسێدارە دراون و دەیان کەسی دیکەش دەستگیرکراون.
بەگوێرەی ئامارەکە لە زیندانەکانی سنە، کرمانشان، کەرەج، ورمێ، مەشهەد و شیراز، ئەو 13 هاوڵاتییە کوردە لەسێدارەدراون.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان رایگەیاندووە، لانیکەم 70 هاوڵاتی کە کەسوکارەکانیان لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەدا کوژراون و دەستگیرکراون، بەهۆی ئەوەی داوای جێبەجێکردنی دادپەروەریان لە دۆسیەی کەسوکاریاندا کردووە، دەستگیرکراون کە ژمارەیەکیان تاوەکو ئیستاش ئازاد نەکراون.
لە ئامارەکەدا هاتووە، لانیکەم 16 هاوڵاتی، چالاکوان و مامۆستای ئایینی کورد، لەلایەن دادگای تایبەتی مەلاکانی هەمەدان، دادگای شۆڕشی ئیسلامی و دادگاکانی پارێزگاکانی ورمێ، کوردستان، تاران و ئیلامەوە سزای زیندانیان بەسەردا سەپێندراوە.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئاماری کوشتن و بریندارکردنی کۆڵبەرانی کوردیشی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد کە کۆڵبەرێک لە دوو مانگی رابردوودا لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە کوژراوە و 16 کۆڵبەریش بەهۆی دەستڕێژی سوپای پاسدارانەوە بریندار بوون کە برینی ژمارەیەکیان سەختە.
ناوەندەکە ئاماژەی بە دەستپێکردنی مانۆری سەربازی سوپای پاسدارانیش کردووە لە ناوچەی کۆساڵانی سەر بە شاری سەوڵاوا و گوندەکانی دەوروبەری شاری مەریوان و دەڵێت، بەهۆی تۆپبارانی سوپاوە، بەشێکی زۆر لە سروشتی ناوچەکە سووتاوە. هەروەها هێزێکی زۆری سەربازیش بۆ ناوچە سنوریەکانی شنۆ، پیرانشار و بانە رەوانە کراون و ناوچەی بورئالانی سەر بە شاری ماکۆی ورمێش بە چڕپی تۆپباران دەکرێت.
لەلایەکی دیکەوە، رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بانگەوازێکی بۆ رای گشتی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ راگرتنی بڕیاری سزای لەسێدارەکانی حەوت هاوڵاتی ئێران بڵاوکردەوە کە کوردیشیان تێدایە.
رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، چەند رۆژ لەمەوبەر، ئامارێکی لەبارەی لەسێدارەدانی هاوڵاتیان لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە شەش مانگی ئەمساڵدا، بە گشتی زیاتر لە 350 هاوڵاتی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێران بە تاوانی جیاواز لە سێدارەدراون.
بەگوێرەی ئامارێکی رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێرانیش، لە ساڵی 2022دا، 582 کەس لە سەرتاسەری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لەسێدارە دراون کە سێ کەسیان نەوجەوان و 16 کەسیان ژن بوون.