زووم، ئاژانسەکان:
مۆسکۆ شەوێکی بێدارى بەڕێکرد کە لە مێژووی سەرۆکایەتی پوتیندا هاوشێوەی نەبووە، سەرۆکی گروپی بەکرێگیراوی ڤاگنەری روسی، یەڤگێنی پریکۆژین لە رێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلیگرامەوە رایگەیاندووە کە هێزەکانی بەڕێگاوەن بەرەو مۆسکۆ بۆ لابردنی بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی روسیا و دەستبەسەرداگرتنی سوپای ئەو وڵاتە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، پریکۆژین رایگەیاند هێزەکانی لە ئۆکراینەوە بەرەو روسیا بەرێکەوتوون و لە ئێستادا گەیشتوونەتە شارەکانی رۆستۆڤ، کە نزیکەی 60 کیلۆمەتر لەناو خاکی روسیادایە و هاوسنورە لەگەڵ باشوری رۆژهەڵاتی ئۆکراین.
ئەم گوتانەی پریکۆژین لەکاتێکدایە کە درەنگانی شەوی هەینی و چەند کاتژمێرێک بەر لە قسەکانی سەرۆکی ڤاگنەر، بەرپرسانی روسیا پریکۆژینیان بەوە تۆمەتبارکرد کە خەریکی رێکخستنی یاخیبونێکی سەربازییە لە دژی مۆسکۆ. ئەمەش دوای ئەوە هات کە پریکۆژین وەزارەتی بەرگریی روسیای بەوە تۆمەتبارکرد کە سەرکردایەتی سوپای روسیا لە هێرشێکی ئاسمانیدا ژمارەیەکی زۆری سەربازەکانی کوشتووە و بەڵێنیدا تۆڵە بکاتەوە. بەڵام وەزارەتی بەرگری دەڵێت تۆمەتەکانی پریکۆژین بێ بەڵگەن و راست نین و وەک زانیاریی “ئیستیفزازیی” وەسفی کردن.
لەوبارەیەوە دامەزراوەی خزمەتگوزاریی ئاسایشی فیدراڵی روسیا رایگەیاند، کەیسێکی تاوانبارییان لەدژی پریکۆژین بەتۆمەتی یاخیبونی سەربازیی تۆمارکردووە، تاوانیک کە سزاکەی 20 ساڵ زیندانیکردنە.
ئەم ناکۆکییە کە تائێستا وردەکارییەکەی روون نییە، لەلایەن میدیا جیهانییەکانەوە وەک گەورەترین کێشەی نێوخۆیی و قەیران بۆ پوتینی سەرۆکی روسیا سەیردەکرێت لەماوەی لەشکرکێشییەکەیدا بۆ سەر خاکی ئۆکراین.
کێشەکانی پریکۆژین لەگەڵ بەرپرسانی سەربازی سوپای روسیا مێژوییەکی چەند مانگی هەیە، بەشێوەیەک کە چەندین جار بە ئاشکرا وەزیری بەرگری روسیا، سێرگێی شۆیگو و فەرماندەی گشتیی سوپای روسیا، ڤالێری گێراسیمۆڤی تۆمەتبارکردووە کە شایستەی ئەو پێگانە نین و رێگرییان کردووە لەوەی چەک و تەقەمەنی بۆ گروپی ڤاگنەر دابین بکرێت، بۆئەوەی لە بەرەکانی جەنگدا پشتیوانی لە هێزەکانی روسیا بکات.
سەرەڕای ئەوەی پریکۆژین دەڵێت کارەکانی ئەو کودەتا نین، لە پەیامە دەنگییەکانیدا لە تێلێگرام وادەردەکەوێت کە 25 هەزار سەربازی بەرێگاوە بن بۆ لەکارلادانی سەرکردەکانی وەزارەتی بەرگریی روسیا لە مۆسکۆ.
سەرەڕای ئەوەی کە پریکۆژین هاوڕێی نزیکی پوتینی سەرۆکە، بەڵام هیچ دژایەتییەکی بۆ پوتین رانەگەیاندووە، رۆژی هەینی وەک بەشێکی دیکە لە ناکۆکییەکانی لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی روسیا، رایگەیاند کە هۆکاری راگەیاندنی لەشکرکێشی روسیا لەلایەن پوتینی سەرۆکەوە، بەهۆی ئەو “درۆیانەوە” بوو کە لەلایەن بەرپرسانی باڵای سوپاوە داڕێژرابوون.
بەڵام ڤلادیمێر پوتین لە گوتارێکدا جەختیکردەوە ئەوەی ڤاگنەر کردوویەتی ناپاکی و تیرۆرستی ناوخۆییە، و بەڵێنی سزادان و دەرئەنجامی قورس و توندی دا دژی گروپەکە.
پوتین گوتیشی، “رێگە بە دووبارە دابەشکردنی روسیا نادەین و گەلەکەمان دەپارێزین.”
جەختیکردەوە کە هەرکەسێک چەک دژی سوپای وڵات بەرزبکاتەوە بە ناپاکی هەژمار دەکرێت و سزای توندی خۆی وەردەگرێت.
پریکۆژین بەیانی ئەمڕۆ دووپاتیکردەوە کە هێزەکانی بەڕێگاوەن لە دژی ئەو بەرپرسانە و ئەوەی بێتە سەر رێگایان تێکی دەشکێنن.
هەر ئەمڕۆ دامەزراوەی فەرمی روسیا، تاس، رایگەیاند کە گوتەبێژی کۆشکی کرێملین وتوویەتی هێزی ئاسایشی نیشتیمانی بەردەوام و 24 کاتژمێر لەبارەی جێبەجێکردنی فەرمانەکانی سەرۆک، تایبەت پریکۆژین، راپۆرتەکانیان ئاراستەی پوتین دەکەن.
لەم بارودۆخەدا لە ئێستادا رەوشی ئەمنیی لە مۆسکۆی پایتەخت لە رێوشوێنێکی تونددایە.
هەرزوو بەرپرسێک لە دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا (سی ئای ئەی) ڕایگەیاند کە “وانازانن دۆخەکە و هەڵگەڕانەوەی پریکۆژین ساختە بێت.”، کۆشکی سپیش جەختیکردەوە کە جۆبایدنی سات بە سات لەبارەی ئەو پێشهاتانەوە ئاگاداردەکرێتەوە.
دامەزراوەی خزمەتگوزاریی ئاسایشی فیدراڵی روسیا رایگەیاند، وتەکانی پریکۆژین راگەیاندنی سەرەتایەکن بۆ دەستپێکردنی شەڕیی چەکداریی ناوخۆ و رەفتارەکانی وەک چەقۆیەکن لەپشتەوە لەو سەربازانە دەدرێت کە لە دژی هێزە فاشستییەکانی ئۆکراین دەجەنگن.
داواشی لە سەربازانی وڵاتەکەی کرد کە هەڵەکانی پێشوو دووبارە نەکەنەوە و هەر کارێک بوەستێنن کە گروپی ڤاگنەر گوێ بە فەرمانی سەرۆکەکەیان نەدەن و چەکەکانیان دابنێن.
لەوبارەیەوە جێگریی فەرماندەی گشتیی سەربازیی روسیا رایگەیاند، لە ئێستادا دوژمن چاوەڕێی کێشە ناوخۆیی و سیاسییەکانی ئێمەیە بۆ ئەوەی دۆخەکە خراپتر ببێت.