ساڵێک لەمەوبەر دوو مامۆستاى زانکۆى سەڵاحەدین لەنێو جەرگەى شارى هەولێردا کوژران، ئەمڕۆش دادگا پاش زنجیرەیەک دانیشتن کۆتایی بە دۆسییەکە هێنا و بکوژەکەى بە دوو سزای لەسێدارەدان سزا دا، بڕیارەکەش لە ماوەی 10 رۆژدا دەچێتە بەردەم سەرۆکی هەرێم بۆ واژۆکردنی.
بەرەبەیانی 28ی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوو، خوێندکارێکی زانکۆی سۆران لەنێو حەرەمی زانکۆی سەڵاحەدین تەقەی لە د. کاوان ئیسماعیل، راگری کۆلێژی یاسای زانکۆی سەلاحەدین کرد و بەهۆیەوە کوژرا، دواتر هەڵیکوتایە سەر ماڵی د. ئیدریس عیزەت حەمەخان، مامۆستای کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆی سەلاحەدین و ئەویشی کوشت.
هەر هەمان رۆژ، ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی بکوژەکەی لە بازگەیەکی گەرمیان بە هاوکاری هێزە ئەمنییەکانی ناوچەکە راگەیاند.
ئەمڕۆ پێنجشەممە پاش ساڵێک لەو رووداوە دادگا دوایین بڕیارى خۆى دا، برزۆ سەعید، پارێزەری هەردوو هاوژینی دوو مامۆستاکەى زانکۆى سەڵاحەدین لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا گوتی، بڕیارەکە لە ماوەی 10 رۆژدا دەچێتە بەردەوام دادگای پێداچوونەوە و دواتر رەوانەى سەرۆکایەتی هەرێم دەکرێت بۆ واژۆکردنی.
لەبارەى ئەگەری جێبەجێکردنی بڕیارەکە، پارێزەرەکە گوتی، ئەوە لە دەستی سەرۆکی هەرێمدا دەبێت، ئێستا زیاتر لە 450 سزای لە سێدارەدان هەیە و جێبەجێنەکراون چونکە بڕیاری لەسێدارەدان بەهۆی رەخنەی رێکخراوە جیهانییەکانى مافی مرۆڤەوە لە هەرێمى کوردستان هەڵپەسێردراوە، بەڵام دەشکرێت سەرۆکی هەرێم واژۆی بکات.
هەر بۆیە کەسوکاری ئەو دوو مامۆستایە لە کۆنگرەکەدا داوایان لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد بەزووترین کات واژۆ لەسەر بڕیارەکەی دادگا بکات.
لەبارەى هۆکارى رووداوەکە ئەوکات باس لەوەکرا بکوژى دوو مامۆستاکە کە خوێندکارى زانکۆى سۆران بووە کێشەى لەگەڵ هاوسەری د. ئیدریس عیزەت هەبووە، ئەویش مامۆستاى زانکۆی سۆران بووە، پێشتر لەگەڵ بکوژەکە لەسەر گواستنەوە لە زانکۆی سۆرانەوە بۆ زانکۆی سەڵاحەدین کێشە لەنێوانیاندا دروستبووە. دواتر هاوسەرەکەى د.عیزەت پاناى بردووەتە بەر دادگا و سکاڵاى لەسەر خوێندکارەکە تۆمارکردووە، ۆژی 28ـی حوزەیرانی 2022 واتە هەمان رۆژی تاوانەکە، وادەی دادگاییکردنەکەیان بووە، بەڵام بەر لە دادگاییکردنەکە بکوژەکە چووەتە ماڵی د. ئیدریس و تەقەی لێکردووە و ئەویش رایکردووە، پاشان لەسەر بانی ماڵی دراوسێکەیان کوشتوویەتى.
هەرزوو کەسوکاری گەنجەکە، رایانگەیاند کە کوڕەکەیان نەخۆشی درێژخایەنی هەیە، بەڵام، بە وتەی پارێزەری دۆسییەکە، لیژنە پەیوەندیدارەکان دەریانخستووە کە هیچ جۆرە نەخۆشییەکی دەروونی لەگەڵدا نییە.
دوای نزیکەی دوو مانگ لە تاوانەکە و لەسەر سکاڵای هاوسەری د. ئیدریس، باوکی بکوژ بەتۆمەتی هاندانی کوڕەکەی دەستگیرکرا، بەڵام برزۆ سەعید، پارێزەری دۆسییەکە تایبەت بە زوومی راگەیاند، دوای نزیکەی نۆ مانگ و نەبوونی بەڵگەی تەواو، دادگای باوکی بکوژەکەی ئازاد کرد و هیچ تاوانێکی هاندانی لەسەر ساغ نەبووەوە.
لەکاتى خۆیدا تاوانەکە کاردانەوەى زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دروستکرد و جارێکی دیکە بابەتی چەکی بێ مۆڵەت هاتەوە بەرباس، هەر هەمان رۆژە حکومەتی هەرێم راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و بەڵێنی بنەبڕکردنی چەکی بێ مۆڵەتی دا و دوای یەک هەفتە حکومەتی هەرێم بڕیاری دا بە داخستنی سەرجەم دوکان و بازاڕەکانی چەکفرۆشتن.