دوو کۆمەڵەکەی رۆژهەڵاتی کوردستان ویستیان بەیەکگرتنیان ئاشتی و یەکهەڵویستی بەیانبەکەن، بەڵام دەرئەنجامەکەی رشتنی خوێن و دووربەرەکى بوو.
هەریەکە لە کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان مانگی 11ی ساڵی رابردوو لە سوید یەکیانگردت.
تەمەنی ئەم یەکگرتنە حەوت مانگی خایاند و بەشێک لە سەرکردە و کادرەکانی کۆمەڵەی زەحمەتكێشانی کوردستان دژی رێککەوتنەکە وەستانەوەو سکرتێری حزبەکەی خۆشیان گەمارۆدا و دواتر لە بەیاننامەیەکدا رایانگەیاند، کە عومەری ئیلخانیزادەیان دورخستوەتەوە.
ئەوانەی دژی عومەری ئیلخانیزادە و یەکگرتنەوەکەن، لەلایەن رەزا کەعبییەوە سەرۆکایەتی دەکرێن، و پێیانوایە یەکگرتنەوەکە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی لاوازکردووە و لەپێناو بەرژەوەندی ماددیدا کراوە.
ئەم دژایەتی و بەرە لەیەکگرتنەی لایەنە ناکۆکەکان لە راگەیەندراوو تەوقدانی یەکتردا نەمایەوە، بەڵکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ رووی چەکەکانیان کردە یەکتر و سەرئەنجام دوو پێشمەرگەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان کوژران و پێشمەرگەیەکی دایکەش برینداربوو.
لەبارەی رووداوەکەوە، کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، کۆمەڵەی شۆڕشگێر بە سەرپەرشتی عەبدوڵای ئازەربار هێرش کراوەتە سەر فێرگە و ئوردوگا و بە قەناس تەقە لە پێشمەرگە کراوە.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشان دەڵێت، دوای ئەوەی ئێمە کۆتاییمان بە پرۆسەی یەکگرتنەوە هێنا، کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشان دەستیان داوەتە هەموو جۆرە ئاژاوەیەک.
ئەو کۆمەڵەیەی کە ئێستا رەزا کەعبی جێگری سکرتێر سەرپەرشتی دەکات، عومەر ئیلخانیزادە بەوە تۆمەتبار دەکەن کە لەکاتی شەڕەکەدا هاواری کردووەو گوتویەتی “با خوێن بڕژێت”.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشان هەریەکە لە عەبدوڵای موهتەدی و عومەری ئیلخانیزادە بە بەرپرسیار دەزانن لە کوژرانی دوو پێشمەرگەکەیان.
لایەنی دووەمی شەڕەکە کە بەوە تۆمەتبار دەکرێن بە تەقەی ئەوان دوو پێشمەرگەکە کوژرابن، کۆمەڵەی شۆڕشگێرە ئەم حزبەش لەسەر رووداوەکە قسەی خۆی هەیە.
کۆمەڵەی شۆڕشگێر راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ناوی لایەنی دووەم وەکو کۆمەڵەی زەحمەتکێشان ناهێنێ و پێیان دەڵێت، ئەوانە گروپی دژە یەکگرتنەوەی کۆمەڵەن.
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕان بنەڕەتی شەڕەکەی ئەمڕۆ بۆ رووداوەکەی دوێنێ دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت، دوای ئەوەی عومەر ئیلخانیزادە لەلایەن دەستەیەکی دژە یەکگرتنەوەی کۆمەڵە، لە مەڵەکەی خۆیدا گەمارۆ درابوو دۆخەکە کۆنتڕۆڵکرا، بەڵام ئەمڕۆ جارێکی دیکە و سەرلە نوێ چەند کەسێکی دەستەکە لە شاخ هاتوونەتە نێو ئوردوگای بانە گەورە و دەستیان کردوەتەوە بە تەقە لەو شوێنەی ماڵی هاوڕێ عومەر ئێلخانیزادەی لێ بووە.
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ باسی کوژرانی دوو پێشمەرگەکە ناکات و دەڵێت، بۆ ماوەی یەک کاتژمێر لە ناو ئوردووگای بانەگەورە تەقەیەکی زۆر کراوە.
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ پاراستنی گیانی عومەر ئێلخانیزادە و سەرجەم پێشمەرگەکانی کۆمەڵە دەخاتە ئەستۆی، ئەو کەسانەی کە وەکو گورپی دژە یەکگرتنەوەی کۆمەڵە ناوی هێناون.
شەڕی هەردوو کۆمەڵەکە وایکرد حزبەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان بیانەوێت رۆڵی نێوبژیوانی ببینن.
حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو داوا لە لایەنە ناکۆکەکان دەکات دان بە خۆیاندا بگرن و رێگە نەدەن دۆخەکە لەوە تاڵتر و ئاڵۆزتر بێ. دەڵێت ئەوەی روویدا لەبەرژوەندی کۆمەڵە و کورددا نییە و کێشەکەشانیش چارەسەرناکات.
هاوکات کۆمەڵەی کۆمۆنیستی ئێرانێش راگەیەنراوێک لەبارەى شەڕى نێوان کۆمەڵەى شۆڕشگێڕ و کۆمەڵەى زحمەتکێشان بڵاودەکاتەوە و دەڵێت، دهست بردن بۆ چهك، لە كێشه و ناكۆكییه سیاسییهكانی نێو ئۆپۆزسیۆن به توندی مهحكوم دهكهین و داوامان له ههردوو لایەن ئهوهیه كه ههست به بهرپرسیارێتى بکەن و رێگه نهدهن دوژمنانی خهڵكی كوردستان پێی شادبن.
کۆمەڵەی کۆمۆنیستی ئێران دەڵێت، ئێمە ئامادهین بۆ ههر چهشنه هاوكارییەک کە خزمەت بە هێوركردنهوهی بارودۆخهكە بکات