بانکى ناوەندى عێراق هەفتەیەکى پڕفرۆشى دۆلارى بەڕێکرد، بەڵام نرخەکەى لە بازاڕەکانى دراوى عێراق و هەرێمى کوردستان گۆڕانکارییەکى ئەوتۆى بەسەردا نەهاتووە و نرخى ئێستاى 100 دۆلار بە 147 هەزار دینارە.
بەگوێرەى راپۆرتى بانکى ناوەندى عێراق، فڕۆشى ئەم هەفتەى بانکەکە بەمشێوەیەیە:
رۆژى یەکشەممە 238 ملیۆن دۆلارى فرۆشتووە.
دووشەممە 244 ملیۆن دۆلارى فرۆشتووە.
سێشەممە 252 ملیۆن دۆلارى فرۆشتووە.
چوارشەممە 275 ملیۆن دۆلارى فرۆشتووە.
پێنجشەممە 274 ملیۆن دۆلارى فرۆشتووە.
کۆى گشتى ئەو بڕەى بانکى ناوەندى لەماوەى پێنج رۆژى رابردوودا فرشتویەتى دەکاتە ملیارێک و نزیکەى 300 ملیۆن دۆلار، بەراورد بە هەفتەى رابردوو نزیکەى 300 ملیۆن دۆلار زیاترە.
تێڕای فرۆشى رۆژانەى هەفتەى رابردووى بانکى ناوەندى 210 ملیۆن دۆلار بوو، تێکڕای رۆژانەى ئەم هەفتەیە زیاتر لە 256 ملیۆن دۆلارە، واتە تێکڕاى رۆژانە، 46 ملیۆن دۆلار بەراورد بە هەفتەى رابردوو زیاترە.
بەگوێرەى راپۆرتەکانى بانکى ناوەندى زۆرترین فرۆشى بانکەکە، بە رێگەى حەواڵەیە و کەمترین بڕ بە رێگەى کاشە.
بەگشتى بانکى ناوەندى لەماوەى ئەم هەفتەیەدا هەموو رۆژێک زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلارى بە رێگەى حەواڵە بۆ دەرەوەى وڵات فرۆشتووە.
لێرەدا ئەمڕۆ بە نمونە وەردەگرین، بانکى ناوەندى لە کۆى 274 ملیۆن دۆلار، کە فرشتوویەتى، زیاتر لە 234 ملیۆن دۆلارى بە رێگەى حەواڵە بووە بۆ دەرەوەى وڵات و کەمتر لە 40 ملیۆن دۆلارى بە کاش فرۆشتووە.
کەمى بڕى فرۆشى کاش، بە یەکێک لە هۆکارەکانى دانەبەزینى بەهاى دۆلار دادەنرێت، پێشتر ئیسماعیل محەمەد شارەزاى بازاڕى دراو بە زوومى گوت، بۆئەوەى نرخى دۆلار دابەزێت، پێویستە بانکى ناوەندى فرۆشى دۆلار بە رێگەى کاش زیاتر بکات، بۆ ئەوەى خواستى بازاڕ دابین بکات، چونکە ئێستا ئەو بڕە کەمە ناتوانێت خواستى بازاڕى عێراق پڕ بکاتەوە.
بەزۆرى نرخى دۆلار پێچەوانەى چاوەڕوانییەکانى شارەزاىانی بازاڕى دراوە، کە چاوەڕوان دەکرا لەدواى پەسەندکردنى بودجە نرخەکەى بەشێوەیەکى خێرا دابەزێت، بەڵام 10 رۆژ بەسەر پەسەندکردنى بودجەدا تێپەڕبووە، هێشتا نرخەکە وەک پێشووە.
یاساى بودجەى عێراق، کە بەرەبەیانى رۆژى 12ى ئەم مانگە پەرلەمانى عێراق پەسەندى کرد، دوێنێ لەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى عێراق واژۆى کرد و ئەمڕۆش لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، لە دواى پشووەکانى جەژنى قوربان رێنمایی جێبەجێکردنى یاساکە جێبەجێ دەردەچێت.