ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئاماری مانگی ئایارى تایبەت بە حاڵەتەکانی هاوسەرگیری و جیابوونەوەی هاوسەرانی بۆ مانگی ئایاری رابردوو بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، شەش هەزار و 344 حاڵەتی جیابوونەوە تۆمارکراون، واتە رۆژانە نزیکەی 200 حاڵەت و هەر کاتژمێرێکیش 9 حاڵەت هەبوون.
ئامارەکە زۆر بەرزترە لەوانەی پێشتر کە زۆرترینیان لە مانگی ئەیلولی 2022 تۆمارکرا کە چوار هەزار و 500 حاڵەتی جیابوونەوە بوو.
بەگوێرەى ئامارەکە، پارێزگاکانی بەغدا، بەسرە، نەینەوا، نەجەف، کەربەلا و کەرکوک لە پێشەوەی لیستەکەدان و ئەنبار و سەڵاحەدینیش لە خوارەوەی لیستەکەدان.
ئامارەکە هەر سێ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، کۆی گشتی گرێبەستی هاوسەرگیری لە ماوەی مانگی ئایاردا 28 هەزار و 940 گرێبەستی هاوسەرگیری لە عێراقدا بووە.
هەنا عەسەل، ئەندامی سەندیکای پارێزەرانی عێراقی بە vۆژنامەی عەرەبی جەدیدی گوتووە، ئاماری جیابوونەوەکە زۆر زیاتر دەبێت ئەگەر ئەوانەی هەرێمی کوردستانیشی بۆ زیادبکرێت و دەگاتە نزیکەی 10 هەزار حاڵەتی جیابوونەوە لە مانگێکدا، بە دڵنیاییەوە هەندێک حاڵەتی جیابوونەوەی زارەکیش هەبوون لە دەرەوەی دادگاکان.”
هەنا عەسەل هۆکارەکانی گەڕاندەوە بۆ زۆری فشارەکانی ژیان لە پێش هەمووشیانەوە هەژار و بێکاری، هەروەها هاوسەرگیری پێشوەختە و کەمی شارەزایانی کۆمەڵایەتی لەو بوارەدا هۆکاری ترن.
عەسەل ئاماژەی بەوەدا، “هاوسەرگیریکردن لەگەڵ کچێکی خوار تەمەنی 18 ساڵ و دوای چەند مانگێک جیابوونەوە لێی بە بیانووی لێکتێنەگەیشتن کارەساتە و پیاوان بەرپرسیاری یەکەمن، هەروەها باوک و دایکی کچەکەش بەرپرسیارن کە لە تەمەنێکی بچووکدا رازی دەبن بە هاوسەرگیری کچەکانیان.”
محەمەد عەدنان، کە چالاکێکی مەدەنییە لە بەغدا بە رۆژنامەکەی گوتووە، پێویستە چەند هەڵمەتێکی هۆشداری گەورە لەبارەى توندوتیژی دژی ژنان بەڕێوەبچێت و داوا دەکات هاوسەران پەنا ببەنە بەر دادگا بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکانیان نەک پەنابردن بۆ توندوتیژی.
ئاماژەی بەوەشکرد کە “هەندێک لە حاڵەتەکانی جیابوونەوە پەیوەندییان بە خراپی بەکارهێنانی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەیە و پێویستە هۆشداری بدرێتە تەواوی هاوسەران.