سێ هەفتە بەسەر یەکێک لە هەستیارترین بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی عێراقدا تێپەڕدەبێت، بەڵام تاوەکو ئێستا سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان بێدەنگن و هیچ هەڵوێستێکی فەرمییان نەبووە، نە بە باش و نە بە خراپ کاردانەوەیان بەرامبەر ئەو بڕیارەی دادگا نەبووە کە بەهۆیەوە پەرلەمان پەکی کەوتووە و لە دانیشتنەکانی وەستاوە.
ئەمە لەکاتێکدایە چەند رۆژێک بەر لە بڕیارەکەی دادگا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، کە دوو هێزی حوکمڕانن لە هەرێمی کوردستان لەنێو هۆڵی پەرلەماندا گرژی و ئاڵۆزییان دروستکرد و کار گەیشتە ئەوەی پەرلەمانتارەکانیان روبەڕوی یەکدی ببنەوە، هەر ئەوکات ململانێیان بوو لەسەرئەوەی کامیان دەسەڵاتی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی هەیە و کامیان دەتوانێت یاساکان تێپەڕێنێت، بەڵام ئێستا کە دادگا بڕیاریداوە درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم خولە نادەستورییە، هیچکام لەو دوو هێزە قسەی فەرمییان نەبووە، تەنانەت ئەوە لە جوڵەکانیاندا دەخوێنرێتەوە کە پابەندن بە بڕیارەکەی دادگا، بەوپێیەی دانیشتنەکانیان وەستاندووە، پەرلەمانتارەکان ئامادەکاریی بۆ خانەنشینکردن دەکەن، جگەلەوەش سەرۆکایەتیی هەرێم هیوای بەو کۆمسیۆنە نییە کە لەلایەن پەرلەمانەوە کاراکراوەتەوە و رووی لە بەغداد کردووە بۆ ئەوەی کۆمسیۆنی عێراق قایل بکات سەرپەرشتیی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی هەرێمی کوردستان بکات.
ئەگەرچی لەسەر ئاستی باڵای هەردوو حزب هیچ قسەیەکی فەرمی لەبارەی بڕیارەکەی دادگاوە نەکراوە، بەڵام پارتی بەرپرسیارێتی وەڵامدانەوەی دادگا دەخاتە ئەستۆی یەکێتی. وەکو چۆن دوێنێ ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە زوومی گوت، ئەوە ئەرکی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانە کە وەڵامی دادگای فیدراڵی بداتەوە.
پاش ئەم لێدوانەی سەرکردەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان، زووم لە رێگەی سەرچاوەیەکی تایبەتی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستانەوە، زانیویەتی رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمان نایەوێت هیچ هەڵوێستێکی فەرمیی لەوبارەیەوە رابگەیەنێت.
یەکێک لەو هۆکارانەی وای لە سەرۆکی پەرلەمان کردووە بێدەنگی هەڵبژێرێت، بریتییە لەوەی کە پێیوایە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی عێراق بڕیاری یەکلاکەرەوەن و وەڵامدانەوە هەڵناگرن. ئەمە جگەلەوەی سەرۆکی پەرلەمان وایدەبینێت کە نیشاندانی هەر هەڵوێستێکی سیاسی لەوبارەیەوە “کارێکی قورس و فرەڕەهەندە”.
لەلایەکی دیکەوە هەموو قسە و لێدوانێکی رێواز فایەق وەکو هەڵوێستی فەرمیی هەرێمی کوردستان لێکدەدرێتەوە، رەنگە هاوکێشە سیاسییەکان بگۆڕێت، بە تایبەت کە وا لێکدەدرێتەوە ئەمە هەڵوێستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیشە.
کێشەکە تەنها لە دەوری سەرۆکایەتیی پەرلەماندا ناخولێتەوە، بەڵکو تەواوی پەرلەمانتارانی گرتوەتەوە و نازانن چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەن، بۆیە بەشێکیان ئامادەکاری بۆ خانەنشینکردنی خۆیان دەکەن.
ئەوکاتەی دادگای فیدراڵیی عێراق بڕیارێکی لەبارەی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە دەرکرد، سەرۆکایەتییەکانی هەرێمی کوردستان و حزب و لایەنە سیاسییەکان دەستبەجێ هەڵوێستی خۆیان راگەیاند و هەندێکیان زۆر بە توندی دژی وەستانەوە، بەڵام لەبارەی ئەم بڕیارە تازەیەی دادگاکەوە تاوەکو ئێستا هەرێمی کوردستان بێدەنگیی هەڵبژاردووە، نە گوتوویەتی قبوڵی دەکەم و نە گوتووشیەتی رەتی دەکەمەوە، بە بڕوای “چاودێرانی سیاسی” هەرێمی کوردستان نایەوێت راستەوخۆ هەڵوێستی خۆی رابگەیەنێت، ئەگەر پابەندبوونی خۆی ئاشکرابکات ئەوا لەناوخۆدا روبەڕوی رەخنە دەبێتەوە، ئەگەر بە فەرمیش رایبگەیەنێت کە پابەند نابێت، ئەوا لە رووی سیاسییەوە دەبێتە هۆی دروستبوونی گرژی و ناکۆکی لەگەڵ بەغداد.
هەرچۆنێک بێت ئەم بێدەنگییەی هەرێم رەنگە مانای ئەوە بگەیەنێت کە پابەنددەبن بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵییەوە، باشترین بەڵگەش بۆ ئەمە جوڵە سیاسییەکانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانە، کە بێهیوابوون لە کارابوونەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم و راستەوخۆ پەیوەندییان بە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە کردووە تاوەکو سەرپەرشتیی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان بکات.
خاڵێکی دیکەش کە دەیسەلمێنێت هەرێم پابەندە بەو بڕیارەوە، راگرتنی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان و هەروەها دەستپێکردنی پرۆسەی خانەنشینکردنی پەرلەمانتارانە.